لە هەولێر…..
ئەمڕۆ سێشەممە، 2026.11.17، بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی هەولێری پارتی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەحمەد كانی، بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی، دکتۆر ئەمیر چالی، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سیروان حەسکۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێز “مەلا مستەفا بارزانی”، د. ئیدریس محەممەدتاهیر، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ، قوتابیان، توێژەران، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵا، لە ڕێوڕەسمێکی ئەکادیمی و زانستیی تایبەتدا لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەڵاحەدین، بە چاودێری سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە پالپشتی و هاوکاریی نووسینگەی بەڕێز ( مەلامستەفا بارزانی )، پلاتفۆرمی زانستی و دیجیتاڵی ( چارزان ) وەک ناوەندێکی پێشکەوتووی ئەکادیمی بە فەرمی ناسێنرا.
پڕۆژەكە وەك ناوەندێکی پێشکەوتووی ئەکادیمی لەژێر دروشمی ( لە پەرتەوازەیی زانیارییەوە بۆ یەکگرتوویی زانیاری بە زمانی کوردی، لە ئێستاوە بۆ داهاتوو) کار دەکات و ئامانجی سەرەکیی کۆکردنەوە، بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی زانست، ناوەڕۆکی هزری و توێژینەوەی ئەکادیمییە بە زمانی کوردی و بە سەرجەم دیالێکت و شێوەزارە کوردییەکانەوە، لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگەی زانستی و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنی قوتابیان و توێژەران بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، تیشک خرایە سەر ڕۆڵی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیا و بەدیجیتاڵکردنی ناوەڕۆکی زانستیی کوردی، و ئەم هەنگاوەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ خزمەتکردنی زمان و زانستی کوردی و پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵیی زانستی لە کوردستان هەڵسەنگێندرا.
