كارزان گلی – هەولێر
گواستنەوەی شوێنی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بۆ ناو ڤیلایەكی ٢٥٠ مەتری لە ئیمیڕاڵی، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرسی چەكدانان و چارەسەری كورد هەیە لە توركیا، بەوەی ئیدی ئۆجەلان بەفەرمی دێتە ناو پڕۆسەی چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكەوە.
دەم پارتی رایدەگەیەنێت تاوەكوو ئێستا نازانن شوێنە تازەكەی ئۆجەلان چۆنە و ئایە لەوێوە دەبێتە هەماهەنگی پڕۆسەی ئاشتی یان نا؟ بەڵام ئاكەپە و مەهەپە دووپاتی دەكەنەوە، بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن پڕۆسەی ئاشتی تێكبچێت و كەلێنی تێبكەوێت.
مەدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمیڕاڵی و پەرلەمانتاری سەر بەدەم پارتی، لە ١ی ١١ی ٢٠٢٦ رایگەیاند، ئۆجەلان بۆ شوێنێكی تازە لەئیمیڕاڵی گواستراوەتەوە و ئیدی دەبێت رۆڵی هەماهەنگ بدرێتە ئۆجەلان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئەمەش دەبێتە هەنگاوێكی باش بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو پرسە.
پەروین بوڵدان، كە ئەویش ئەندامی شاندی ئیمیڕاڵییە پێیوایە ئەمە بەو مانایە نایەت كە گواستنەوەی شوێنی ئۆجەلان رۆڵێكی تازەی پێدرابێت، بەڵكوو پڕۆسەی ئاشتی كەلێنی تێكەوتووە و پێویستە پڕ بكرێتەوە.
دەم پارتی رایدەگەیەنێت، گواستنەوەی شوێنی ئۆجەلان بەو مانایە نییە ستاتۆی گۆڕاوە، نەخێر ئەو هەر لەزیندانە و مەرجەكانی زیندانیشی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندیی و دیداری لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووساندا هەبێت شوێنی گۆڕاوە.
دەم پارتی داوا دەكات، حكوومەت بەفەرمی رۆڵ بداتە ئۆجەلان لەپڕۆسەی ئاشتی و هەروەها سكرتارییەتێكی تایبەتی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا بكات و بۆ خۆی سەرپەرشتی چەكدانانی پەكەكە بكات، هەروەها پێویستە چالاكوان و سیاسی و رۆژنامەنووسان راستەوخۆ بتوانن پەیوەندیی بەئۆجەلانەوە بكەن.
ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، لە ڤیدیۆیەكدا كە لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، دەڵێت ئۆجەلان بەفەرمی ئازاد كراوە، رۆڵیشی پێدەدرێت لەپڕۆسەی ئاشتی، چونكە ئەگەر كەسێك زیندان بێت ناكرێت رۆڵی پێبدرێت، بۆیە ئۆجەلانیان ئازاد كردووە و لەرای گشتی توركیای دەشارنەوە. دەم پارتیش وەكوو وەڵامێك بۆ ئۆزداغ، دەڵێت ئۆجەلان ئازاد نەكراوە و تەنانەت تاوەكوو ئێستا بینینی ئۆجەلان و وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لەسەر پرسەكان سنووردارە، ئەمەش مایەی نیگەرانیی ئەوانە وەكوو دەم پارتی.
ئاكەپە لەرێگەی میدیای خۆیەوە دڵنیایی دەدات بەوەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە بەباشی بەڕێوە دەچێت، هەروەها دەڵێن ئێمە باس لە چەكدانانی گروپێكی چەكداری دەكەین و باس لەوە دەكەین هەموو دامەزراوەكانیان هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە ئەمە لەبەر چاوی میللەت ناكرێت و كاتی دەوێت و پڕۆسەكەش زۆر بەباشی بەرێوە دەچێت.
لەبارەی گۆڕینی شوێنی ئۆجەلانیشەوە، چەند بەرپرسێكی ئاكەپە قسەیان بۆ ئاژانسی ( بی بی سی) كردووە و دەڵێن: ”نابێت بڵێن ئۆجەلان چووەتە ناو ڤیلایەكی تازەوە، نەخێر تەنیا شوێنی گۆڕاوە بۆ شوێنێكی تر لە ئیمیڕاڵی، واتە هەر لەچوارچێوەی زینداندا دەمێنێتەوە و بەو مانایە نییە ئازاد كرابێت، ئەمە هەڵەیە وا لێكی بدەنەوە.“
ناشیشارنەوە بۆیە شوێنیان گۆڕیوە تا بەئاسانی و باشتر بتوانێت ئەو كەسانە ببینێت كە پێویستە و هەروەها بۆ پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكەش گرنگە شوێنی ئۆجەلان گۆڕانی بەسەردا بێت.

