كارزان گلی – هەولێر
رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی، بۆ ٢٠٢٦ ناوی ئەو سەرۆك و وڵاتانەی بڵاوكردەوە، كە دوژمنی میدیان و هەروەها فشاری گەورەیان كردووەتە سەر میدیا و رۆژنامەنووسان. بۆ ئەمساڵ ناوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاشی بۆ زیاد كرا.
رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی، بۆ ٢٠٢٦ راپۆرتی خۆی بڵاوكردەوە، هەروەها ناوی ئەو سەرۆكانەی بڵاوكردەوە كە دژی میدیا و رۆژنامەنووسانن، ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیای تێدایە.
لەراپۆڕتی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانیدا هاتووە، ئەو سەرۆكانە پێشێلی مافی رۆژنامەنووسانیان كردووە، دوژمنی میدیان و هەوڵ دەدەن بێدەنگیان بكەن.
باس لەوەش دەكات، ئەوان رۆژنامەنووس دەكوژن و بێدەنگیان دەكەن، هەروەها بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر دەیانخەنە زیندانەوە.
لەبارەی توركیاوە ناوی ئەردۆغان هاتووە، كە لە ٢٠١٦ەوە دوژمنایەتی میدیای دەستپێكردووە، بۆیە ناوی خراوەتە ناو لیست و بەدوژمنی میدیا وەسفی دەكەن.
چەكی ئەردۆغان دژی رۆژنامەنووسان، بەتایبەت ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن، تۆمەتباركردنیانە بەوەی سووكایەتیان بەسەركۆمار كردووە، بۆیە دەخرێنە زیندانەوە.
رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی بڵاوی كردووەتەوە: ”لەماوەی ١٢ساڵی سەرۆكایەتی كۆماریدا، ئەردۆغان بەشێوەیەكی سیستەماتیكی كاری بۆ سنوورداركردنی میدیا كردووە، هەروەها دادگاش وەكوو چەكێك بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان بەكاردەهێنێت.
لەراپۆرتەكەدا هاتووە، بەتۆمەتی سووكایەتی بەسەركۆماری توركیا، ٢٥٠ رۆژنامەنووس داوای یاساییان لەسەر تۆمار كراوە، هەروەها تەنیا لە ٢٠٢٦دا هەشت رۆژنامەنووس دەستگیر كراوە.
ئەردۆغان، توانیویەتی ٨٠٪ی میدیای وڵاتەكەی بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە و بەشێكی زۆری ئەو میدیایانەی كڕی كە ئۆپۆزسیۆن بوون، وەكوو (CNN) و رۆژنامەی (حوریەت).
چەند رۆژێك بەر لەئێستا هەڵیكوتایە سەر تەلەڤزیۆنی (خەڵك)، كە تەلەڤزیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن بوو و دژی حكوومەت قسەی دەكرد، جیا لەوەی تەلەڤزیۆنەكەی قەیووم كرد، هەروەها بەشێكی زۆری كارمەندەكانی نێردرانە ماڵەوە.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لەمساڵدا ئەردۆغان و ترەمپ، چەندین جار بەیەكتریان گوتووە دۆستم، ئێستا ئەو دوو دۆستە ناویان چووەتە ناو لیستی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی، كە دوژمنایەتی رۆژنامەنووسان دەكەن.
چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی پێیانوایە، چوونی ناوی ئەردۆغان بۆ ناو لیستی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی، بەوەی دوژمنایەتی رۆژنامەنووسان دەكات، بۆ توركیا باش نییە و لەڕووی نێودەوڵەتییەوە زیانی زۆر بەتوركیا دەگەیەنێت.
ئاژانسی ناوبراو بڵاوی كردووەتەوە، ترەمپ جارێ دوو ساڵی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لەخولی دووەمدا تەواو نەكردووە، كەچی ناوی چووەتە ناو لیستی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی، ئەمەش دەیسەلمێنێت ترەمپ بەشێوەیەكی ترسناك پەلاماری میدیا دەدات.
ئیلهام عەلییەڤ، سەركۆماری ئازەربێجانیش ناوی چووەتە ناو لیستی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی، بەوەی سانسۆری خستووەتە سەر چەندین میدیای وڵاتەكەی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دژی حكوومەت دەنگیان هەڵبڕیوە.
لەراپۆرتەكەدا هاتووە: ”لەسەردەمی عەلییەڤدا، میدیای ئازەربێجان لەڕووی هەواڵەوە چۆڵەوانییە و هەموو میدیا رەخنەگرەكان سانسۆر كراون و میدیا ئازادەكانیش داخراون، یان ناچار كراون ئازەربێجان بەجێبهێڵن.“
هەر لەراپۆرتی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانیدا هاتووە، ڤلادیمیر پۆتینیش ناوی لە لیستەكەدا هەیە و لەوەتەی لە ٢٠٠٠ەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات، میدیای وڵاتەكەی خستووەتە مەترسییەوە و هەڕەشەیان لێدەكات، هەروەها لەدوای جەنگی ئۆكڕایناش زیاتر فشاری خستووەتە سەر میدیای وڵاتەكەی.

