رۆژنامەی ھەولێر

چۆنیەتیی بەهێزکردنی بەرگریی منداڵ لە وەرزی سەرما و پەتادا

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستان، سەرهەڵدانی پەتای وەرزی و کۆکە و هەڵامەت دەبێتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی دایکوباوکان، بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە زوو زوو تووشی نەخۆشی دەبن. لەم بارەیەوە د. سۆران سابیر عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، کۆمەڵێک زانیاری و ڕێنمایی گرنگ دەخاتە ڕوو بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگریی لەشی منداڵان و پاراستنیان لە نەخۆشییە وەرزییەکان.

بۆ پاراستنی تەندروستیی منداڵان و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونیان بە پەتای وەرزی، د. سۆران سابیر عوسمان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پێنج هەنگاوە سەرەکییە دەکاتەوە:
• خەوی پێویست و ڕێکخراو: پێویستە منداڵ لە کاتی گونجاودا و زوو بنوێت، چونکە خەوی پێویست و قووڵ یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکان بۆ پشوودانی لەش و بەهێزبوونی سیستمی بەرگری.
• سیستمی خۆراکی تەندروست: پێدانی خۆراک و خواردنەوەی بەسوود و سروشتی، بەتایبەت سەوزە و میوەکان؛ لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین، کانزا و دژەئۆکسیدەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاو لە بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی لەشدا دەگێڕن.
• چالاکی و وەرزشکردن: ئەنجامدانی جووڵە و وەرزشی گونجاو ڕۆژانە یارمەتی دەردانی ئەو هۆرمۆن و ئەنزیمانە دەدات کە بەرگریی لەش چالاک دەکەن و تەندروستیی گشتیی منداڵ دەپارێزن.
• پابەندی بە پاکوخاوێنی: فێرکردنی منداڵان بە ڕێکارەکانی پاکوخاوێنیی تاکەکەسی، بەتایبەتی شوشتنی بەردەوامی دەستەکان، کە ڕێگەیەکی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی میکرۆب و ڤایرۆسەکان.
• پاڵپشتیی دەروونی و مەعنەوی: باری دەروونیی منداڵ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جەستەی هەیە؛ خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی بەرگریی لەش لاواز دەکەن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەکەن، بۆیە پێویستە ژینگەیەکی ئارام و پڕ لە میهرەبانی بۆ منداڵ دابین بکرێت.
لە کۆتاییدا د. سۆران سابیر عوسمان، دایك و باوكان ئامۆژگاری دەكات كە لە کاتی تووشبوونی منداڵ بە پەتا و نەخۆشی لە وەرزی زستاندا، زۆر گرنگە تێکەڵاوبوونی لەگەڵ منداڵانی دیکە کەم بکرێتەوە و لە ماڵەوە پشوو بدات، تا هەم خۆی زووتر چاک ببێتەوە و هەم ڕێگری لە بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی پەتاکە بۆ دەوروبەری بکرێت.