رۆژنامەی ھەولێر

هـــــــــــــــــــــــــــــــۆشداری گۆڕانی سروشتی پیسایی و سکچوونی شەوان نابێ پشتگوێ بخرێت

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

گۆڕانکاری لە ڕەنگ، شێواز یان پێکهاتەی پیسایی دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ هەبوونی گرفتێکی تەندروستی لە کۆئەندامی هەرسدا. پزیشکانی پسپۆڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی پێویستی بە بەدواداچوونی وردی پزیشکی هەیە، نەک پەنابردن بۆ دەرمانی لەخۆوە و چارەسەری هەڕەمەکی.

لەم بارەیەوە د. ئازاد مەنتک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ، چەند ڕێنمایی و هۆشدارییەکی گرنگ دەخاتە ڕوو تاوەکو هاووڵاتییان بە وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم نیشانانەدا بکەن.
د. ئازاد مەنتک ئاماژە بەوە دەکات کە سروشتی دەرچوون و شێوازی پیسایی نابێت بەبێ هۆکار گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەتایبەت کاتێک خوێنی لەگەڵدا دەردەکەوێت یان کەسەکە لە شەواندا تووشی سکچوون دەبێت؛ چونکە هەریەک لەم دۆخانە ئاماژەن بۆ هۆکارێکی دیاریکراو و پێویستە دەستنیشان بکرێن. ناوبراو لە چەند خاڵێکدا ئەم ڕێنماییانە ڕوون دەکاتەوە:
• هەستکردن بە گۆڕانکاری لە شێوازی دەرچوون: سروشتی پیسایی نابێت لەخۆوە بگۆڕێت. هەر کاتێک کەسێک هەستی بە گۆڕانی کوتوپڕ یان بەردەوام لە شێواز و کاتی پیساییدا کرد، پێویستە دەستبەجێ ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگرێت.
• دەرکەوتنی خوێن لە پیساییدا: بوونی خوێن لەناو پیساییدا نیشانەیەکی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێک نابێت دەرمانی لەخۆوە بۆ بەکاربهێنرێت، تەنانەت ئەگەر هۆکارەکەشی لە پێشوودا سادە بووبێت. ئەگەر کەسەکە تەمەنی لە سەرووی ٥٠ ساڵانەوە بوو و لەگەڵ بوونی خوێندا، کێشی لەشی دابەزی و تووشی کەمخوێنی بوو، مەترسییەکە زیاتر دەبێت و وەرگرتنی هەر دەرمانێک بەبێ ڕێنمایی و بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی قەدەغەیە.
• دیاریکردنی جۆری سکچوون و هۆکارەکەی: لە کاتی سکچووندا، دەبێت سەرەتا هۆکارە بنەڕەتییەکە دەستنیشان بکرێت و پاشان چارەسەر دیاری بکرێت. ئەگەر سکچوونەکە بووە هۆی وشکبوونەوەی لەش، لە پێشینەدا چارەسەری وشکبوونەوەکە دەکرێت و هاوکات بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکەی دەکرێت تا چارەسەری گونجاوی پێ بدرێت. لە ڕووی زانستییەوە، سکچوون ئەگەر کەمتر لە دوو هەفتە بخایەنێت بە “سکچوونی لەناکاو یان کاتی” دادەنرێت، بەڵام ئەگەر لە دوو هەفتە زیاتری خایاند، دەچێتە خانەی “سکچوونی درێژخایەن”.
• سکچوونی شەوانە: سکچوونی کاتی خەو و شەوانە بە هیچ شێوەیەک ئاسایی نییە و نابێت بێدەنگی لێ بکرێت؛ لەم حاڵەتەدا بەبێ دوودڵی پێویستە دەستبەجێ پشکنین بکرێت و هۆکارەکەی بدۆزرێتەوە.
• نیشانە هاوپێچەکان: سکچوونێک کە تای لەگەڵدا بێت، یان نیشانەی کێم، ئاوسانی سک، باوبژ و، گۆڕانی بەرچاو لە ڕەنگ و بۆنی پیسایی لەگەڵدا دەربکەوێت، زەنگێکی هۆشداریکەرەوەیە و سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ تێیدا حەتمییە.