ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتی جامی دۆستانەی بەسرە بانگهێشتی هەشت یاریزانی کوردستانی کردووە، لە لایەکی دیکەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەواڵێکی دڵتەزێنی پێگەیشت بەهۆی دواخرانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا.
هەشت یاریزانی کوردستانی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران
لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە جامی دۆستانەی نێودەوڵەتی بەسرە بڵاوکرایەوە، یانەی دهۆک زۆرترین یاریزانی بانگهێشتکراوە کە پێکهاتوون لە (یونس حەموود، یوسف ئیمام، سیابەند عەگید و کومەیل سەعدی).
چوار یاریزانی پیشەگەری کوردستانی ناویان لە لیستی یاریزانە بانگهێشکراوەکانە کە بریتین لە (مێرخاس دۆسکی، ئەیمار شێر، مارکۆ فەرەج و پیتەر گۆرگیس).
دوو یاریزانی دیکەی کورد ناویان لە پێکهاتەکە دایە ئاکام هاشم لە یانەی زاخۆ لەگەڵ هیران ئازاد لە یانەی زەورا.
لە لایەکی دیکەوە محەمەد دلاوەر کاپتنی یانەی نەورۆز بە هۆی پێکانەوە دوورخرایەوە، بانگهێشت نەکردنی عەلی کازم گۆڵپارێزی نەورۆز و ئاکۆ عوزێر ناوەراستکاری یانەی هەولێر لە سۆشیاڵمیدیا زۆرترین رەخنە و کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا.
ئارنۆڵد: من گۆڵپارێزم هەڵنەبژاردووە
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند ئەو گۆڵپارێزەکانی هەڵنەبژاردووە، ئەوە بڕیاری راهێنەری گۆڵپارێزەکانە.
گراهام ئارنۆڵد دەشڵێت: من راهێنەری عێراقم و قبوڵ ناکەم هیچ کەسێک دەستوەردان لە بڕیارە هونەرییەکانم بکات، من یاریزانەکانم بەگوێرەی ئاستیان هەڵبژاردووە، هیچ ئەندامێکی فیدراسیۆن یان کەسێکی دیکە نەهاتووە تا ناوی یاریزانێک زیاد بکەم.
گورزێکی گەورە بەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کەوت
دواخرانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەهۆی نالەباری دۆخی سعوودیە، دەبێتە هەواڵێکی دڵتەزێن بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، چونکە گرێبەستەکەی گراهام ئارنۆڵد لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق تەنیا بۆ حەوت مانگ نوێکرابووەوە و راستەوخۆ لە دوای جامی ئاسیا کۆتایی دەهات کە بڕیاربوو پاڵەوانێتییەکە لە سەرەتای ساڵی 2027 لە سعوودەیە دەست پێبکات، بەڵام پاڵەوانێتییەکە بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا، ئەمەش لە کاتێکدایە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەهۆی مووچەی ستافەکەی گراهام ئارنۆڵد هاواری لێ هەستاوە و کەتووەتە ژێر گوشارێکی گەورەی دارایی.
رەنگە ئارنۆڵد دووربخرێتەوە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیایی هەولێر کەوتووە، بەهۆی دواخرانی جامی ئاسیای سعوودیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بیر لە دوورخستنەوەی گراهام ئارنۆڵد دەکاتەوە، پێشبینی دەکرێت راهێنەرێکی خۆماڵی شوێنی راهێنەرە ئوسترالییەکە بگرێتەوە، عەدنان حەمەد بەهێزترین بەربژێرە بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق.
عێراق کەوتۆتە ژێر قەیرانێکی قورسی دارایی
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بڕیاری دا جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ماوەی ساڵێک دوابخات و رۆژی 23/12/2027ـی بۆ دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشان کرد، یاریی کۆتاییش لە رۆژی 21/1/2028 دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدابوو بڕیار بوو پاڵەوانێتتیەکە دوای 3 مانگی دیکە لە سعوودیە دەست پێ بکات.
یوونس مەحموود سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند فیدراسیۆنەکەی رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قووڵ بووەوەتەوە بەتایبەتی بەهۆی مووچە زۆرەکانی ستافەکەی گراهام ئارنۆڵد کەوتوونەتە ژێرباری کیشەیەکی دارایی گەورە.
یوونس مەحموود دەشڵێت: مووچەی ئارنۆڵد و ستافەکەی دەگاتە 200 ملیۆن دینار، بەگشتی بۆ هەر مانگێک ئێمە پێویستیمان بە 650 ملیۆن دینارە بۆ ئەوەی خەرجی سەرجەم ستافی راهێنەرانی هەموو ئاستە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی عێراق دابین بکەین، بەڵام مانگانە تەنیا 200 ملیۆنمان پێدەدرێت.
زانیاری زیاتر لەسەر جامی ئاسیای داهاتووە
جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027 بڕیارە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەبچێت.
یارییەکان لە 8 یاریگا و 3 شاری جیاواز دەکرێن و بریتین لە:
رياز: (یاریگای شارەوانی شا فەهد، یاریگای زانکۆی شا سعوود، کینگدام ئارینا، یاریگای زانکۆی ئیمام محەممەد بن سعود و یاریگای یانەی شەباب).
جەددە: (یاریگای شارەوانی شا عەبدوڵڵا و یاریگای شاری وەرزشیی شازادە عەبدوڵڵا ئەلفەیسەڵ).
خوبەر: (یاریگای سەرنجڕاکێشی ئارامکۆ).
24 هەڵبژاردە لە سەرتاسەری کیشوەری ئاسیا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن و بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەش بوون.
هەڵبژاردەی قەتەر وەک پاڵەوانی جامی ئاسیای 2019 و 2023 بەشداریی دەکات.
ئاستی یەکەم:
سعوودیە، ژاپۆن، ئێران، کۆریای باشوور، ئۆسترالیا و ئوزبەکستان.
ئاستی دووەم:
قەتەر، عێراق، ئوردن، ئیمارات، عومان و سووریا.
ئاستی سێیەم:
بەحرێن، تایلەند، چین، فەڵەستین، ڤێتنام و تاجیکستان.
ئاستی چوارەم:
قیرغستان، کۆریای باکوور، ئیندۆنیزیا، کوەیت، سێنگاپووەرە و یەمەن.

