دیدار حەیدەر نانەکەلی
سەردەمانەک ئەدرەسی ماڵەکانی هەولێر لەجیاتی پڕۆژە و ستیەکانی ئێستا بە ناوی حەسارەکان بوو،هەر بەوەش ماڵەکەت دەدیتراوە.
حەسار ووشەیەکی عەرەبیە و بە مانای گەمارۆدان یان شورە دێت. حەسارەکانی هەولێر مێژوویەکی لەبیرنەکراوی شار و بیناسازی هەولێر بوون هەتا ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو.
حەسارەکان کە ماڵی ژیانی خێزانەکانی هەولێربون بەپێی سەردەم شێوازی بیناسازی و کەرەستەی دروستکردنیان گۆڕاوە بەڵام شێوەیان لە سەدەی ڕابردوو بریتی بووە لە چەند ژوورێکی بە قوڕ و کاریتە دروستکراو، ئەوان تەنها ماڵ نەبون بەڵکو تابڵۆیەکی جوانی پێکەوەژیان و دراوسێیەتی و هاوکاریکردنی یەکتربوون.
ژیان لە حەسارەکان سادە و ساکاربوو، بەڵام پڕ لە گیانی هاوکاریکردن و تەبایی و خۆشەویستی بوو، ژیان لەو حەسارانە لای خێزانەکان بە جۆرەک بوو کە لە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکدا لەگەڵ یەکتردابون،هەرگری باری خەمی سەرشانی یەکتربوون،بەجۆرەک سنوری نێوان ماڵەکان لۆ هاوکاری و بەتەنگەوەهاتن کاڵ دەبونەوە.
پێکهاتەی تەلارسازیی حەسارەکان بە جۆرەک نەخشێندرابوو کە لە هاوینە گەرمەکانی هەولێرێدا سێبەر و فێنکییان هەبوو، لە زستانانیشدا ڕێگربون بەرامبەر سەرما و کڕێوە. ڕۆحی ڕاستەقینەی حەسار لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا دەتیترا لۆیە لەبیر و هزری خەڵکدا هەر بە جوانی مایتەوە.
لە شاری هەولێر جگە لەحەسار خانیش هەبوو،خانەکان کە ژمارەیان لە حەسار زۆر کەمتربوون و ئەرکی ئۆتێلیان دەبینی، لەلایەن ئاغا و پیاوماقوڵانی شار خاوەنداریەتی دەکران،لە رووی بیناسازیەوە ڕێکتر و پتەوتربوو لە حەسارەکان،شوێنی حەسانەوەی میوانی خاوەن خان و گەشتیار و ئاژەڵەکانیان بوو،ئەو میوانانەی لە خان دەمانەوە زیاتر بازرگانە بچوکەکان بوون،ئەوانەی لە گوند و شارەکانی دیکەوە دەهاتنە هەولێر لۆ فرۆشتنی کاڵا و کەرەستەکانیان کە پێکهاتبوو لە خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە،لەلایەن پیاوی ئاغاوە سەرپەرشتی خان دەکرا و خزمەتی میوانەکان دەکرا و زۆرجار دەبونە ڕێنیشاندەر و چاوساغی میوانەکانیش لۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕی شار،ماوەی مانەوە لە خانەکان کەم بوو،هەروەها ئەو ئاژەڵانەی بۆ گواستنەوە بەکاریان دەهێنا لەوێ لەخان دەحەسانەوە و ئالیک دەدران
حەسار و خانەکانی هەولێر هی ئاغا و دەوڵەمەند و پیاوە دەستڕۆیشتیەکانی شاربوون هەر بەناوی خاوەنەکانیشیان دەناسرانەوە. حەسارەکانی شاری هەولێر، کە ژمارەیان زیاترە لەو حەسارانەی ئێمە باسیان دەکەین، دابەشببونە لە سەرقەرات و گەڕەکەکانی خانەقا،تەعجیل،گەڕەکی عارەبان،سەیداوە،تەیراوە،سێتاقان،شێخی چۆلی، لە دروستکردندا بەیەکتری دەچوون، بەڵام لە رووبەردا جیاواز بوون.حەسارەکان جگە لەوەی هەر خێزانێک دەیتوانی خاوەنداریەتی بەدەستبینی و بیکرێ،کرێ گرتەشی هەبوو،بە کرێی مانگانە و هەفتانە بە خەڵک دەدرا.
زۆربەی حەسارەکان لە ٤ هەتا ٨ ژوور پێکهاتبون کە لەهەر ژۆرەک خێزانەک تێدا دەژیا. بەڵام لە حەسارە گەورەکانی گەڕەکی تەعجیل یان خانەقا، ژمارەی ژۆرەکان دەگەیشتە ١٠ هەتا ١٢ ژۆر.
هەر ژۆرەک لە نێوان ١٥ هەتا ٢٥ مەتر دووجا بوو (لۆ نموونە ٣×٥ مەتر یان ٤×٦ مەتر). دیوارەکانی بەقوڕ، خشت، دروستدەکرا،ئەستووری دیوارەکان جار هەبوو دەگەیشتە ٥٠ هەتا ٨٠ سەنتیمەتر، ئەوەش ژۆرەکەی زۆر گەورەتر و فێنکتر دەکرد.سەقفی ژۆرەکان زیاتر بە کاریتە دروست دەکرا و ئەویش بە کا و قوڕ سواق دەدرا، ژێرزەمینی لە زۆربەی حەسارەکاندا هەبوو، شوێنەکی فێنک بوو لۆ حەوانەوە لە گەرمای هاوینێدا و لە گەرهەندێش وەکی کادێن و کۆگای خۆراکی زستانە (کەشک، ڕۆن، برنج، ساوار) بەکاردەهات.
بیری ئاو یان کانی لە ناوەندی حەسارەکەی بوو، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە، شیولێنان و شوشتنی تەواوی خێزانەکان بوو.
سەرئاو (توالێت) شوێنەکی بەرتەسک و سەرەتایی بوو لە گۆشەکی دووری حەسارەکەی، کە تەواوی ماڵەکان بە شەریکی بەکاریان دەهێنا و هەر لە تەکیدا بە گوشەک یان پەڕۆیەک شوێنەکی سەرەتاییان لۆ خۆشوشتنیان دروست دەکرد.
تەندور یان کوورەی نانکردنیان هەبوو، لە قولینچکەکی حەسارەکەی داندرابوو لۆ ئەوەی دووکەرەکەی نەچێتە ناو ژوورەکان، ژنەکانی حەسارەکەی بە هەرەوەزی وپێکەوە نانیان دەکرد.
کادێن (تەویلە)، لە هەندەک حەساری گەورەدا شوێنەکی گچکە لۆ ڕاگرتنی وڵاخ، کەر یان ئەسپ تەرخان دەکرا.
ڕۆحی کارکردن و ژیانی تێکەڵاوی ناو حەساری فێری دەکردی کە ئیشەکان دابەشکەی و بە هەرەوەزی ئەنجامی بدەی. نانکردنی سبەینان لە دەوری تەندورەکەی دەبووە یەکەم وێستگەی خڕبوونەوەی ژنان، کە یەکەکیان هەویرەکەی دەکرد، ئەوی دیکەیان هەندوتکی دەکرد و دەیبرژاند. ئاوکێشان بە گۆزە و شەربەی، شوشتنی جلوبەرگ بە سابوونی دەستکرد و ئامادەکردنی خۆراکی زستانە (وەک ساوار و بڕوێش و دۆشاو،ووشک کردنەوەی هەندێک خۆراکی هاوینە) بە کۆمەڵ بەڕێوەدەچوو. بگرە پەروەردەکردنی مندارانیش ئەرکەکی شەریکی بوو.
لە کاتی بۆنەکان یان هاتنی مێوانی لەناکاو، حەسارەکە دەبووە یەک ماڵ و کەلوپەل و خواردن بە خێرایی لە نێوان ژوورەکاندا دەگوازراوە و کەس هەستی بەبێگانەبون نەدەکرد.
*بەشەک لە دیارترین حەسارەکانی شاری هەولێر
١. حەساری ئەحمەد ئاغای
٢. حەساری داود ئاغای
٣. حەساری شێخ عەبدال بریمی
٤. حەساری نەفتێ
٥. حەساری ئیسماعیل ئاغای
٦. حەساری پاشای
٧. حەساری ئەحمەد کەرانەی
٨. حەساری تاهیر ئاغای
٩. حەساری قشلەی سوارەی
١٠. حەساری شێخ عەبدولکەریمی
١١.حەسار و خانی عەتاوڵاغەی
١٢.حەساری برایم ئاغای(ئەفەندی)
١٣.حەساری نانەکەلیەکان لە خانەقا
.١٤.حەساری شێخی چۆلی
١٥.حەساری سێتاقان
١٦.حەساری قەسابخانەی کەون
١٧.حەساری نورەدین ئاغای
١٨.حەساری یەعقوب ئاغای
١٩.حەساری خورشید عالیم
٢٠.حەساری ڕەشید ئاغای
٢١.حەساری هادی چاوشلی
٢٢.حەساری حاجی نوری
٢٣.حەساری حەیدەریەکان
٢٤.حەساری حاجی سلێمان
٢٥.حەساری حاجی حەسەن
٢٦.حەساری بەیرەم ئاغای
٢٧.حەساری شەریفی
ئەو حەسارانە بەتەنێ شوێنەوارەکی تەلارسازیی ڕابردوو نینە، بگرە شاهیدی سەردەمەکن لە هەولێرێ کە ڕووبەری ماڵەکان گچکە بوون، بەران دڵەکان زۆر لەوە گەورەتر بوون،بەرێ حەسارەکان ڕەمزەکن لە خۆشەویستی و یەکگرتوویی کە تا ئێستاش ڕەگ و ڕیشەی لە بیرەوەری تەواوی خەرکی ئەو شارەدا زۆر بە زیندویی مایتەوە.




