شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “ناسڕ ڕەزازی” دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ١٠ تراکی گۆرانی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ و ساوند لە سۆشیال میدیا و کەناڵە ئاسمانیەکاندا بڵاوکردەوە و ئەمساڵیش بێدەنگی لە بەرهەمی نوێ هەڵبژاردووە و لە ئاخاوتنێکیشدا ڕایدەگەیەنێت، کە زیاتر لە ئەلبوومێکی تەواوی ئامادەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر بۆ کارە هونەرییەکانی بەرهەمەکانی ڕاگرتووە و هیچ پڕۆژەیەکی هونەری ناکەوێتە بەر گوێچکە هەوادارانی.
“ڕەزازی” لە بارەی نەبوونی هیچ بەرهەمێک لەم ساڵەدا دەڵێت: کار و پڕۆژە هونەرییەکانم جیاوازن لەوانەی بەشێوەی هەرەمەکی گۆرانییەک بۆ زیادبوونی بەرهەمەکانیانەوە بێ ئەوەی بە هیچ فلتەرێک دابڕۆن دەکەونە بازاڕەوە، من وەک هونەرمەندێک ئەزموونێکی دیارم لە بواری هونەردا هەیە و نامەوێت هەرچی بەردەست بوو بڵاوی بکەمەوە، یان دەتوانم بڵێم، ناتوانم کارێکی کرچ و کاڵ بڵاوبکەمەوە، کە کاریگەریی بەسەر ڕابردوومەوە هەبێت، بۆیە زیاتر لە ٥٦ بەرهەمی نوێم ئامادەیە تا سەپۆرت نەکرێم بڵاویان ناکەمەوە.

