وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
(ئوما – Uma)ی تەمەن ٤٠ ساڵ کە بازرگانە لە شاری (موومبەئی – Mumbai)ی هیندستان، پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «پێم باشە لە دوای کارکردنی ڕۆژانە، لەجیاتی تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن، کتێب بخوێنمەوە. پرسیارەکەم ئەوەیە: چ کتێبگەلێک هاوکارم دەبن تا لە شەڕی سترێسەکانی کارکردنی ڕۆژانە ڕزگارم بێت؟!»
(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (هاننا بەکیرمان – Hannah Beckerman)ی نووسەر و ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووس کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەی (ئوما) بداتەوە کە وەڵامەکە بەم شێوەیەیە:
ڕێگەم بدە تا بە چەند ڕۆمانێکی کۆمیدی و پێکەنیناوی دەست پێ بکەم.
ڕۆمانی (بڕگەی ٢٢ – Catch 22)ی (جۆزێف هیلیر – Joseph Heller)، نە تەنیا بەرهەمێکی کۆمیدیی کامڵ و ژیرانەیە، بەڵکو بە زمان و دیدگەیەکی هەجووئامێز بۆ برۆکراسی، چەندین ڕەهەندی ژیانیی کارگێڕیی مۆدێڕنمان نیشان دەدات. ڕۆمانی (سکاڵای پۆرتنۆی – Portnoy’s Complaint)ی نووسەر (فلیپ ڕۆس – Philip Roth) کە ڕۆمانێکی زۆر تایبەتە لە ڕووی دیمەن و وێنای ئەدەبییەوە و باس لە ژیان و کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی گەنجێکی ئەمریکی – جولەکە بە ناوی (ئەلێکساندەر پۆرتنۆی) دەکات، کە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی تەنزئامێز، ڕووکەش و بێ پەردە لە کاتی سەردانیکردنی پزیشکی دەروونی، باسی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ خێزانەکەی، هەستی تاوانباربوون و حەزە سێکسییە گەرمەکانی دەکات، و یەکێکە لە بەناوبانگترین و ورووژێنەرترین ڕۆمانە ئەدەبییەکانی ئەمریکا. ئەم ڕۆمانە دەکرێت هاوکار بێت بۆ لەکۆڵبوونەوەی ئەو ڕاڕایی و سترێسەی ڕۆژانە تووشی مرۆڤ دەبنەوە و سەرەڕای ئەوەش، یادەوەری و نۆستالۆژییەکانی سەردەمی مێردمنداڵیشمان بیر دەخاتەوە.
ئەگەر حەزت لە دونیای ئەدەب و ڕەهەندە ئەدەبییەکانیەتی، ڕۆمانی (زمانبەستران – Lost for Words)ی (ئێدوارد سەنت ئوبیەن – Edward St Aubyn)ت بۆ پێشنیار دەکەم کە ڕۆمانێکی تەنزئامێز و جوانە لەبارەی خەڵاتە ئەدەبییەکان. هەروەها ڕۆمانی (ئینگلتەرای ناڤین – Middle England)ی (جۆناتان کۆی – Jonathan Coe)یش کە خەڵاتی (ڕۆمانی کۆستا – Costa novel)ی پێبەخشراوە، ڕۆمانێکی جوانە بە گێڕانەوەیەکی توند و پڕ لە پێکەنین کە لەبارەی بەریتانیا و برێگزیتە و بە خوێندنەوەی گرفتەکانی ڕۆژانەت بیر دەخاتەوە و بە خوێندنەوەی کاتێکی خۆشت بۆ دەڕەخسێنێت.
ئەگەر دەتەوێت ئەو چیرۆکانەت پێ بناسێنم کە دەبنە هۆی ئەوەی ئیحساس و حاڵت بەرامبەر بە دونیا باشتر بێت، دەتوانم بە ڕۆمانی (یەک ڕۆژ – One Day)ی (دەیڤید نیکۆڵز – David Nicholls) دەستپێبکەم. ئەم ڕۆمانە لە ڕووی ستراکچەر و پێکهاتەکەیەوە زۆر مۆدێڕنە و داهێنانی تێدا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێکی تەواو جیاوازی ڕۆمانتیکە، دڵگەرمکەرانە و چێژبەخشیشە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانیت بچێت و ڕۆمانی (ئێما – Emma)ی (جەین ئاوستین – Jane Austen) بخوێنیتەوە، بەڕاستی یەکێکە لە گەورەترین ڕۆمانە بەزمەساتییەکان کە لەبارەی دابونەریت و ڕەفتارەکانی مرۆڤەکانە. بێگوومان ئەم ڕۆمانە هێورت دەکاتەوە و تەسکینی دڵیشە.
دوای ڕۆمان، پێشنیار دەکەم ڕوو لەو کتێبە ناچیرۆکیانە بکەیت کە مەرجت لەگەڵ دەکەم تەواو دەتخەنە پێکەنین و ناوخزگت دەپچڕێنن لە پێکەنینا. ڕاستەوخۆ دەتوانم هەموو کارەکانی (دەیڤید سێداریس – David Sedaris)ت پێ بناسێنم. لەم نووسەرە دیارە، دەتوانیت کتێبەکانی (کودەری و جین بکەرە بەری بنەماڵەکەت – Dress Your Family in Corduroy and Denim) و (ڕووت – Naked)ت بۆ پێشنیار دەکەم کە نێوەرۆکەکەیان کونجکۆڵی و گەڕانن بە نێو ژیانی شەخسی و نامەئاساشن.
لە لایەکی تریشەوە، دەتوانی ئەو کتێبە ناچیرۆکیانە بخوێنیتەوە کە ڕوانگە و دیدگات سەبارەت بە سترێس و پاڵەپەستۆکانی کاری ڕۆژانە دەگۆڕن. یەکێک لەو کتێبانە، بیرەوەرییە بێ سانسۆڕ و جوانەکەی (جوانا کانۆن – Joanna Cannon)ە بە ناوی (شکان و چاککردنەوە: چیرۆکگەلێک لە دڵسۆزی و بێتاقەتیی پزیشکێک – Breaking and Mending: A Junior Doctor’s Stories of Compassion and Burnout).
دوا کتێب کە دەتوانم بۆت نێوبەرم، کتێبەکەی (دەیڤید نۆت – David Nott)ە بە ناوی (پزیشکی جەنگ: نەشتەرگەری لە بەرەی پێشەوەی شەڕ – War Doctor: Surgery on the Front Line) کە باسی سەفەرە مرۆڤدۆستانەکانی (نۆت) دەکات بۆ چەندین خاڵی مەترسیداری بەرەی شەڕ لە وڵاتە جیاوازەکانی دونیا.
سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2020/feb/08/book-clinic-what-to-read-instead-of-tv

