ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەر کاتێک قەسیدەیەکی جوان دەخوێنمەوە، یان بەر شیعرێکی ناوازە دەکەم، دەکەومە بیرکردنەوە لە هێزی شیعر، ئەوە چ هێزێکە لەنێو شیعردا پەنهانە و منی گیرۆدەی خۆی کردووە تا چەشنی هەوا بۆ ژیان پێویستم پێی بێت؟ شیعر هەمیشە هێزێکی جاویدانی هەیە، هێزێک کە لەسەرو سروشتەوەیە، چەشنی سروشێک لە دوورەوە بۆ شاعیر بێت. واتە شیعر لەدایکبووی دۆخێکی نائاساییە. شیعرنووسین کردەیەکی ئاسایی نییە، هەر شاعیرێک شیعرنووسین وەکو کردەیەکی ئاسایی وێنا بکات، شاعیر نییە، بەڵکو وشەڕیزکارە. ڕەنگە ئەم قسەیە وەکو جۆرێک لە ڕەهاگەرایی وەربگیرێت، بەڵام ئەمە لە ئەزموونی خوێندنەوە شیعرەوە پێی گەیشتووم، نەک شتی دیکە، چونکە هەموان دەتوانن وشە ڕیز بکەن، هەتا وشەی قافییەداریش، بەڵام ئەوانە شیعر نین، شیعر هونەرێکی باڵاترە، وەک هەر هونەرێکی تر هەموان دەستیان پێی ناگات.
ئەم هەفتەیە چەند قەسیدەیەکم خوێندەوە، پڕیان کردم لە بیرکردنەوە و تێڕامان. شیعر ئەگەر خوێنەر نەخاتە تێڕامان و بیرکردنەوە و نەشئەیەکی ئیستاتیکی ئەوە نوقسانی هەیە. شیعر هەمیشە چ لەکاتی خوێندنەوەدا و دوای خوێندنەوە، خوێنەر دەخاتە بەردەم جوڵەیەکی هەم ئیستاتیکی هەم مانایی و هەم بیرکردنەوە، هەر شیعرێک ئەمەی نەکرد ڕەگەزێکی، یان چەند ڕەگەزێکی لە کەمی داوە.
شیعر کار لە دونیای مانای ڕووندا ناکات، بەڵکو هەمیشە شتێک لە پەنهانیدا دەهێڵێتەوە. ئەمەش بەو مانایە نییە، کە شیعرێک پڕ بێت لە تەمومژ، وەکو هەندێک لە شاعیرانی فۆڕمی گران بەناوی ئاڵۆزییەوە جگە لە “ئاڵۆزکاندنی وشەکان” هیچی دیکەیان بەرهەم نەهێنا. من لەو خوێنەرانی شیعرم لایەنگریی سادەیی نیم، بەڵام لایەنگریی ڕوونیم، لایەنگری ئاڵۆزیم، بەڵام لایەنگریی ئاڵۆزکاندن نیم. زۆرن ئەو شیعرانەی نەمتوانیوە تەواویان بکەم، نەک لەبەرئەوەی سەخت و ئاڵۆزبوون، بەڵکو لەبەرئەوەی هەستم بە ئاڵۆزکاندنیان کردووە، بەڵام زۆرن ئەو دەقە ئاڵۆزانەی چەندینجار خوێندوومنەتەوە تا بە بەشێک مانا پەنهانەکانیان بگەم و لەوێوە ڕێگەم بۆ خۆش بێت بۆ کەشفکردنی زیاتر. شیعر دەبێت خوێنەر کەشفی بکات، نەک خۆی سینەی بۆ خوێنەر بکاتەوە بڵێم من ئەم ڕەنگ و بۆیەم هەیە.
“وێرانە خاک”ی “ت.س. ئیلیۆت، لەو دەقە ئاڵۆزانەیە چەندین جارم خوێندوەتەوە و هێشتا تامەزرۆی ئەوەم چەندجاری دیکە بیخوێنمەوە. قەسیدەکانی نێو کتێبی گوڵی خراپەی بۆدلێر چەندینجار خوێندوونەتەوە و هێشتا تینوێتیم لێیان نەشکاوە. ئیسماعیل-ی ڕەزا بەراهەنی لەو دەقانەیە حەزم لێیە ساڵانە جارێک بیخوێنمەوە. دوو چامەکەی نالی و سالم هەر جارێک بیانخوێنمەوە حوزنێکی سەخت دامدەگرێت، کە تا چەند رۆژێک لەنێو ئەو حەزنەدا نوقم دەبم. “دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەس، نازانم چەندجارم خوێندووەتەوە، بەڵام هەر جارێک بیخوێنمەوە وەکو ئەوەیە یەکەمجار بێت بیخوێنمەوە و هەست ناکەم پێشتر خوێندبێتمەوە. قەسیدی “گەڕانەوە” و شیعری “چاوەڕوانی”ی بەختیار عەلی لەو قەسیدانەن دوای چەندینجار خوێندنەوە ئەوسا سینەی خۆی بۆ کردمەوە. “وەرزی سەهۆڵبەندان”ی ڕەفیق سابیر هەمیشە بۆم تازەیە و ساڵانە حەز بە خوێندنەوەی دووبارە و چەندبارەی دەکەم. “زێوان”ی سەباح ڕەنجدەر هەرجارێک بیخوێنمەوە هەست بە نوێبوونی دەکەم. زۆر دەق و قەسیدی دیکەی شیعریی کە هێزی بیرکردنەوە و دووبارە ڕامانم پێ دەبەخشن، کە هەنووکە ناوەکانیانم لە خەیاڵدا نییە.
دەکرێت ئێستا بچینەوە بۆ پرسیارەکەی سەرەتا و بپرسین هێزی ئەم هونەرە لە چیدایە؟ ئایا تەنها لە ڕیتم و مانا نوێیانەدایە، کە لە پەنهاندا حەشاری داوە، یان لەو وشانەدایە کاتێک دێنە نێو دونیای شیعرەوە دەبنە وشەی ئەفسوونگەر و شاعیران ئەو قودرەتەیان هەیە مانای دیکەی دەرەوەی مانا فەرهەنگییەکەیان پێ بدەن؟ بەڵام شیعر چەندە سنگی خۆی بۆ خوێنەران بکاتەوە، چەندە خۆی نزیک پیشان بدات لە هەر بۆنە و کەرنەڤاڵێک بخوێنرێتەوە و چەندە جەماروەریش بکرێتەوە، بەڵام ئەفسوون و هێزی شیعر لە نادیارییدایە، لەو دەقانەدایە کە ماناکانیان لە پەنهاندایە و تەنها شیعردۆستان پەی پێ دەبەن.

