فەرهاد قادر ئۆمەر
لەو ئێوارە مات و بێدەنگەدا، تەمومژێکی خەست لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە دزەی دەکردە ناو خەیاڵم و منیش بە ئارامی پەڕەکانی ڕابردووی ڕەنگهەڵبزرکاوم هەڵدەدایەوە؛ لەپڕ پەڕەیەکی بچووکی پێچراو، وەك ترووسکاییەك لە تاریکیدا سەرنجی ڕاکێشام. پەڕەیەك بوو، ڕەنگە ڕۆژگارێك لە سنگی دفترێکی قوتابخانە دڕێندرابێت، نووسینەکانی سەر پشتی بە مەرەکەبێکی شینی کاڵباوەوە، وەك بڵێی لەژێر بارانی تەمەندا تواببێتنەوە، هێدی هێدی دەسڕانەوە. پەڕەکەم بە هەناسەساردیەوە کردەوە. دەستوخەتێکی منداڵانە، وەك بڵێی دەستێکی بچووك و سەوداسەر نووسیبێتی، ڕستەکانی لەسەر دێڕەکان بەدوای یەکدا چڕ کردبۆوە، دەستخەتێك وەك ئەرکی ماڵەوەی قوتابییەکی بێئەزموون. لە کەلەبەری لاپەڕەی دووەمدا، بە ڕەساسی ڕەش، وێنەی پشیلەیەکی بچووك کێشرابوو کە وەك بڵێی بەرەو ئەوپەڕی خەیاڵ ڕای دەکرد. تۆزێك دامام، تا لە گۆشەی ژێرەوەی پەڕەکەدا چاوم بەم نەخشە ڕازاوەیە کەوت: (ئەمە نهێنیی منە…). لەپڕدا، خەزێنەی بیرەوەریم کرایەوە و هەموو شتێك بە زوومی لێڵیەوە بەرچاوم کەوتەوە. ئەمە ئەو پەڕە پیرۆزە بوو کە ساڵانێکی دوورودرێژ لەنێو تۆزی بەڵگەنامەکانمدا شاردبوومەوە و نەمكردبۆوە تا خەمی ناو سنگی بپشکنم؛ کاتێ خوێندمەوە. ئەی هاوار چۆن ئێستاشی لەگەڵدا بێ فرمێسک لە قووڵاییی گەروومدا قەتیس ماوە.
دینا، خوارزا ژیکەڵە و میهرەبانەکەم، کە ئێستا لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدایە، کچێکی بێڕادە هەستیار و ناسکە. ئەوساکە وەختێ لە پۆلی دووی بنەڕەتیدا دەیخوێند، ماڵی خزمێکی باوکی پشیلەیەکی ناوماڵی وخرپنیان پێ بەخشیبوو، بوونەوەرێکی تووکن کە تووکەکەی بەرەو قاوەییەکی کاڵ دەچوو، کە بە دوو چاوە کاڵ و جوانەکەیەوە جیهانێکی تری دەخوڵقاند. کاتێ دینا هێنایە ناو خێزانەکەیان، ماڵەکەیانی ئاوەدان کردەوە، ڕەنگێکی نوێی بە ساتەکانیان بەخشیبوو، ڕۆحی هەمووانی بە ئامادەبوونی خۆی شاد دەکردەوە؛ لە خۆشەویستیەوە ناویان لێ بوو (سالی).
دینا، ئەو فریشتە بچووکەی بە هەموو وجودیەوە هۆگری من بوو، بێدەنگیە دوو ڕۆژەکەی ئێمەی بە دەنگە شیرینەکەی لە ڕێگەی مۆبایڵی باوکیەوە دەشکاند. کاتێک وەك خوشکێکی شیرین لە باوەشم دەگرت ولە گەڕان و پیاسەکانمدا دەبووە یاوەر، تیشکی پێکەنینەکانی هەورە تاریك و خەمناکەکانی نێو ڕۆحی دەپەرژاند. بەڵام ئەی داد لە حوکمی باوکانە! پاش ماوەیەک باوکی گوتبووی: ئێمە ناتوانین بە باشی خزمەتی لۆ بڕەخسێنین و، پشیلەکەی بەخشیبووە هاوڕێیەکی خۆی و لە ئامێزی دینا دووری خستبۆوە. ئەو ڕۆژەی پشیلەکەیان برد، دینا بە کوڵ دەگریا و پێیەکانی دەکێشایە زەویەکەی بەردەرگای ماڵەکەیاندا. ئەوە یەکەم حەسرەت و ئەزموونی کچۆڵەکە بوو لەگەڵ هەستی قووڵی لەدەستداندا، منیش لە بەرامبەر ئەو ساتە خەمگینەدا دەستەوسان ببووم و، نەمەزانی چۆن تۆزێ خەم لەسەر چاوە کاڵەکانی بڕەوێنمەوە. دوای دوو ڕۆژ هاتەوە لای من، بە دەستە بچووکەکانی ئەم پەڕەیەی دایە دەستم و، بە چرپەیەکی لێوانلێو لە سۆز گوتی: خاڵە گیان ئەمە نهێنیی منە، باش بیشارەوە، چونکە تۆش لەگەڵمدا خەمبار بوویت. لەپاش چەندین ساڵ، کە ئێستا بە سەروەختی ئەو پیتە رووخاو وپەپوولەئاسایانەدا تێپەڕ دەبم، سۆزی یادگارەکان و لافاوی بێوەستانی فرمێسکەکانم، ڕێگە دەبڕن و لە بەریاندا دەوەستم. دینا لەو پەڕەیەدا ئەفسانەیەکی خەیاڵینی تۆمار کردبوو: کچۆڵەکە ئەو ڕۆژە بە میاوەمیاوی ئاشنای پشیلەکەی بەئاگا نەهات. بە سەرسوڕمانەوە لە خەو ڕاپەڕی و، کاتێ پرسیاری کرد، پێیان گوت پشیلەکەت کەوتۆتە ڕێ بەرەو مەملەکاتێکی دوور و نادیار کە ناگەڕێتەوە. کچۆڵەکە بڕیاری دا سنوورەکان ببڕێت و بەدوای هاوڕێیە ونبووەکەیدا بگەڕێ، بەبێ گوێدانە هیچ ئامۆژگاریەك.
گەرچی تاریکانی شەو هەمووی داپۆشیبوو، ئەو بەتەنیا و بە ناخێکی داڕماوەوە ڕێگەی گرتە بەر، بەڵام بڕوای بە تیشکی ئاسۆیەکی گەش هەبوو. لە سەودای ڕێگەیەکی تاریک و کپی بەرەو مەملەکەتە دوورەکە هەنگاوی دەنا، دەنگی پشیلەکە وەک تارماییەکی گەرم لە دوورەوە دەیخستە ڕێ، وهەرچەند نزیکتر دەبۆوە، نەواکە لە قووڵایی تەمدا پووک دەبووەوە، بەڵام بڕوای کچۆڵەکە نەدەڕما.. ڕۆژان تێپەڕین و شەو بەسەر یەکدا کەوتن، تا لە کۆتاییدا پشیلەکەی لێ دیار کەوت. پشیلەکە وەک ڕۆژانی زوو بزە بە لێوەوە بوو، بەڵام کە کچۆڵە هەنگاوی بۆ نا، چاوی پشیلەکە پڕ بوو لە شەکەتی و خەم،
ئەوسا تێگەیشت ئەو شادمانیەی لە دوورەوە دەیبینی، تەنها وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ناو جامی خەیاڵ بووە و بەس. نامەوێت زیاتر بچمە ناو بڕگەکانی تری ئەو نامەیەی خوارزا و هاوڕێ بچووکەکەم، چونکە هەموو دێڕێکی پڕە لە ئاهـ و فرمێسك. کەچی ئێستا، کە تیشکی سەرنج دەخەمە سەر ئەو کۆچە ئەفسانەییەی کچۆڵەی پۆلی شەشی بنەڕەتی لە گەڕیان بەدوای دۆزینەوەی ئەو خۆشەویستیە لەدەستچووەی، شۆك دەبم لەو لێکچوونە سەرسوڕهێنەرەی نێوان خەیاڵی سافی منداڵانە و داستانە دێرینەکانی مێژوو. لاپەڕەکەم بە هێواشی و لەسەرخۆ داخست و پێچایەوە، چونکە دەزانم تا چەند ساڵێکی تریش، وەك گەنجینەیەکی پیرۆزی پڕ لە سۆز، لە ناو قووڵایی پەڕەکانی ڕابردوومدا پارێزگاریی لێ دەکەم.

