عارف ڕوشدی
ئەو هێز و لایەنانەی هەڵگری دید و بۆچوونی بێ بنەمای “برایەتی گەلان” و “كۆمەڵگەی دیموكراتیك”ـن، لە بنەڕەتدا گوتارێکی لادەر و نامۆ بە خاکی کوردستان پەیڕەو دەکەن، پێویستە بەلای کەمەوە ڕێز لەو خوێنە زۆر و گەرمە بگرن، کە لە پێناوی سەرفرازیی نەتەوەیی و نیشتمانیی وڵاتەكەمان ڕژاوە.
لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە ئاراستە سیاسییانە بە دروشمی تەمومژاوی کۆمەڵێک تێکۆشەر و خەباتگێڕیان لە خشتە برد و دواتریش بۆ بەدیهێنانی خواستێکی نامۆ و ناڕەوا لە ژێر پەردەی پڕۆسەی ساختەی «خۆگونجاندن»، تێکۆشان و فیداکاریی چەندین ساڵەیان بێبەها کرد و خستیانە خزمەت بەرژەوەندیی ئەوانی دیکەوە.
بەش بەحاڵی خۆم، سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەم لایەنانە بە لادانێکی مەترسیدار و گەورە دەبینم، کە لە بنەڕەتدا دژ بە گوتاری ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتییە. ئەو باسوخواسە و ئەو تیۆرانەی ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، بە هیچ شێوەیەک بیرکردنەوە، داهێنان یان چارەسەرێکی ڕیشەیی تێدا نییە، چونکە بە درێژایی دەیان ساڵی داگیرکاری، گەلی ئێمە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی نکۆڵیکردن و داننەنان بە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییان، ناچار بە تێکەڵاوبوون بە کۆمەڵگەی گشتگیری نەتەوە سەردەستەکان کراون. لەو مێژووە تاڵەدا دەیان کەس پلە و پۆستی جیاوازی ئیداری و سیاسییان هەبووە، بەڵام هەموو ئەوانە لە پێگەی (بێناسنامە) و بێبەشبوون لە مافی بنەڕەتیی خۆناسیندا تێپەڕیون، کەچی ئەم هەرا و قەرەباڵغییەی هەندێك باڵی حزبێكی دیاریكراو بەرپایان کردووە، لە بنەڕەتدا تەنیا ئاو لە ئاشی نکۆڵیکردن لە خواستی ڕەوای گەلی ستەمدیدەی کوردستان دەڕژێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەرچی هەر لایەنێک لە چوارچێوەی دیدگای خۆیدا ئازادە چۆن هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام بۆ گەلی ئێمە ئەوەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە گرنگە، ئەوەیە کە ئەوان تێبگەن تەنیا نوێنەرایەتیی بیرکردنەوەیەکی بەرتەسک، ئاراستەکراو و شوێنکەوتووی تایبەت بە خۆیان دەکەن. لەبەر ئەوە، پێویستە دەستبەرداری دەستوەردان لە پرسی پیرۆزی نەتەوەییمان ببن و سنوورێک بۆ ئەم شێواندنە مەترسیدارەی خواستی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و یاسایی گەلەکەمان دابنرێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵوێستە ئەوەیە کە دید و بۆچوونەکانیان لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی بە ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمانەوە نەبووە و نییە، بەڵکو ئاراستە و ستراتیژییان درێژەدانە بە پاڵپشتی و بەردەوامیدان بە سیاسەتی نەگۆڕی دەوڵەتە داگیرکەر و دابەشکەرەكانی کوردستان و پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە سروشتی و ڕەواکانی نەتەوەیەکە، کە مێژوویەکی پڕ لە خوێن و قوربانیدانی لە پێناوی مانەوە و سەربەخۆییدا تۆمار كردووە.

