عومەر چنگیانی
داستانی خاوەنی باغە وێرانبووەكەی سورەتی قەلەم، لە شێوازێكی پڕ لە هونەریی و داڕشتنێكی تایبەت بەردەوام دەبێت و تاوێك پێش وەختە دەرەنجامەكە نیشان دەدا و تاوێك دەمانباتەوە بۆ قۆناغبڕییەكان.
ئاخر خوێنەری هێژا: ئەوە ئێمەی قورئان خوێنین كە دەتوانین كەمێك چێژ لەو شێوازە پڕ لە ئیعجازییە بكەین و بتوانین لەگەڵیدا ئاویتە ببین.
“لە كاتێكدا ئەوان هێشتا كە لە شیرین خەودا بوون، لەلایەن پەروەرینتەوە فەرمانێك هات دای بەسەر باخەكەدا * وەك داری بێ بەر، یان باغی ڕنراو، یان تاریكی شەو، یان زەوی بێ شوێنەواری شینایەتی، یان سووتێنراو، یان كاولكراوی لێكرد”.
لە ئایەتەكانی بیستویەكهەم و تا بیست و پێنج دا دەمانگێڕێتەوە بۆ نێو گوند و “ئاوایی”ـەكەیان و ڕاوێژ و بڕیار و هەنگاوەكانیان باس دەكات و دەفەرمێت:
“ كە “بەیان”یان لێ بووەوە هاواریان لە یەكتری كرد دەی با زوو بچنە سەر كێڵگە و باغەكەتان گەر ڕاست دەكەن و بەنیازن بچنە سەركار بۆ دروێنە و چنین وڕنین با لەوێ بەیانمان لێ بێتەوە * بەڵێ بەڕێ كەوتن و باری دەروونیشیان وا بوو، كە بە دزەخورجانێ، خۆیان پەنا دەدا تا هەژاران پێیان نەزانن نەیاندەهێشت سرپەی پێیان بێت و بگرە لە نێو خۆیشیاندا بە چرپەوە قسەیان دەكرد * یەكترییان تێدەگەیاند كە هەرگیز نەیەڵن ئەمڕۆ هیچ كەمداهاتێك بێتە نێو كۆڕ و كۆمەڵ و شوێنی بەروبووم ڕنین و دابەشكردنەكەتانەوە * بەڵێ بە تەنها و بەبێ هیچ كەمداهاتێك لەگەڵیان و بە بەهێزی بازووی تەواو و بە توانای ئامادە و بە نیازی بێبەشكردنی هەژاران هەر لە سەرەتای ڕۆژدا بەڕێ كەوتن بۆ سەر كارەكەیان كە پلانیان بۆ داڕشتبوو. ”
گەڕانەوەیەك بۆ ئایەتەكان:
یەكەم/ قورئان ئەو سەرمایە و سامانە كشتوكاڵیەی ئەو پیاوچاكە، كە كۆمەڵێك نەوە و وەچەی خراپی هەبوو، لە پێشدا ناو دەبات بە “جنە” كە لە بنەڕەتدا وشەی جەننە بەو شوێنە دەگوترێت كە هێندە داپۆشراو بێ، كە ئاسمانی لێوە دیار نەبێت، ئاخر چڕی و پڕی و تێكەڵی و پێكداچوونی گەڵا و پەلك و بەروبوومی درەختەكانی باغەكەیان لە پێشدا بە شێوەیەك بوو، كە مرۆڤ دەچووە ناوی، ئاسمانی لێ دیار نەدەبوو، گەرچی ئەوان لە خۆیان تێك دا و لە دەرەنجامی هەژار لێ بێبەشكردنەكەیاندا مایەپووچ كەوتن.
دووەم/ لە بەكارهێنان و مانای وشەی “طائف”ـدا زۆر شت گوتراوە:
1. وشەیەكە كە تەنها بۆ باری نالەبار و خراپە بەكار دێت، وەكچۆن لە دووسەدویەكەمین ئایەتی سورەتی “ئەعراف”دا دەفەرمێت: “بەڕاستی ئەوانەی كە لە خوا ترساون و بۆ خوا سوڵحاون، هەركاتێك لەلایەنی شەیتانەوە خراپەیەكیان تووش دێت، یادی خوا دەكەنەوە و دەبینن بەو كارەیان بەرچاوڕۆشن دەبن. ”
2. مەبەست لێی فەرمانی خوایە.
3. یان فریشتەی نیگا و سرووشهێن “جوبرائیل”ـە.
4. یان ئەوبەڵایەی كە لە شەودا بێت.
5. یان سزا و تاقیكردنەوەی خوایی.
سێهەم/ لەكاتێكدا كە باغەكەی لەناو بردن، ئەوان خەوتبوون.
ئاخر مرۆڤ باش بێت، یان خراپ، بڕیاری ئەوە بدات كە بۆ سبەینێ بە چاكەوە دەست پێ دەكات، یان بە خراپە. لە كاتی خەوتنەكەیدا لەگەڵ خودی خەولێخستنە خواییەكە بۆی و لە پارێزگاریكردن لێی، هەموان لەو كاتەدا بۆ خوا، پەیوەندییەكەیان پەیوەندیی نێوان ئافرێنراو (دروستكراو؛ مخلوق) و ئافرێنەر (دروستكەر؛ خالق)ـەکەیەتی، هەربۆیە پارێزگارییەكەیشی بۆ هەمووان و لە هەمووان یەكسانە!
دەی خۆ لە چلودووهەمین ئایەتی سورەتی”الزمر”دا دەفەرمێت:
“خوا نەفسەكان بەرەو نەمان دەبات لە كاتی مردنیاندا و ئەوانەیشیان كە نەمردن، لە كاتی خەوتنیاندا و دواتر ئەوەیان كە بڕیاری كۆتاییی لەسەر داوە، كە بمرێت دەیمرێنێ و ئەوانی تریش بەرەڵا دەكاتەوە بۆ ژیان، تا كاتێكی تر. بەڕاستی لەمەدا پەند و دەرس و ئامۆژگاریی تێدایە بۆ ئەو كەسانەی كە بیر دەكەنەوە.”
ئاخر لەو كاتی خەولێكەوتنەدا كە خەوتوو هیچ توانایەكی نییە، هەر خوایە كە هەموو خول و گەڕ و ئیشەكانی جەستەی ناوێستێنێ و بەشە دروستكراوێتییەكەی، چونكە لە كاتی خەودا هیچ گلە و گازندەی لەسەر نییە و هیچ داوایەكیشی لێ ناكرێت، خوا هەموویان دەپارێزێت.
چوارەم/ وشەی “صریم” یانی ڕەز و باغی ڕنراوە.
1. بە شەو و ڕۆژیش دەگوترێت ”صریم” چونكە لە یەكتری كەم دەكەنەوە و دادەبڕن.
2. جا ئەگەر وەك صەریم لێكردنەكە ئەگەر پەیوەندی بەوەوە بێت لە شەودا بێت، واتە سووتاو و ڕەشلێكراو.
3. ئەگەر پەیوەندی بە ڕۆژیشەوە بێت، واتە وەك بیابانێكی چۆڵ.
پێنجەم/ وشەی”حرد” بە مانا تەنیا.
1. بە مانا توانا
2. بە مانا مەرام و نیاز
3. بە مانا ڕێباز
4. بە مانا تووڕەیش دێت.

