خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
نووسینی: کاروان عەبدوڵڵا
مێژووی ئەدەبیاتی ڕیالیستی و دەرونناسی، هەمیشە هەوڵێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵییەکانی واقیع و تەقاندنەوەی ئەو برینە شاراوانەی، کە کۆمەڵگە هەوڵ دەدات لەژێر پەردەی نەریت و پیرۆزییە درۆینەکاندا بیانشارێتەوە. ڕۆمانی (قامچی) کارێکە لەم چەشنەیە، بەرهەمێکە بە ڕاستەقینەییەوە دەست دەخاتە سەر یەکێک لە کوشندەترین نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و دەرونییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، کە ئەویش بازنەی بەردەوامی توندوتیژی و داڕمانی بەها مرۆییەکانە لەژێر سایەی سیستەمێکی پەروەردەیی و خێزانیی سەرکوتکەردا. ئەم ڕۆمانە تۆمارکردنی یادەوەرییەکانی قۆناغی منداڵی و مێردمنداڵیی کارەکتەرێک لە شارۆچکەی ڕەواندزدا نییە، بەڵکو لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و ڕەخنەییانەی ئەو بنەما بونیادییانەیە، کە تاکی کورد لەسەریان گۆش دەکرێت. نووسەر بە وێنەکردنی توندوتیژی لە هەموو لایەکەوە له قوتابخانە، خێزان، کۆمەڵگەوە داڕمانی روحی تاکی هاوچەرخ و گواستنەوەی نەخۆشیی ڕق بۆ نەوەکانی تر نیشان دەدات. گواستەنەوەی تووندوتیژی لە خێزانەوە بۆ نەوەکان هەر لەسەردەمی ئەفلاتونەوە قسەی لەسەر کراوە تا تۆماس ڤێرنی کە دەڵێ: کاتێک لە ماڵەوە توندوتیژی و تووڕەیی هەبێت، جەستەی دایک هۆرمۆنی سترێس و تووڕەیی (کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵین) دەردەدات، ئەم هۆرمۆنانە لەڕێگەی ویڵاشەوە دەچنە ناو خوێنی کۆرپەلە و کۆئەندامی دەماری منداڵەکە، هەستیار و شەڕانگێزی دەکەن پێش ئەوەی لە دایک بێت.
شیکاریی تێماتیک و ناخی کارەکتەرەکان
یەکەم: بازنەی داخراوی توندوتیژی و دیاردەی دووبارەبوونەوە مەترسیدارترین و قووڵترین تێما، کە ڕۆمانەکە کاری لەسەر دەکات، دیاردەی دووبارەبوونەوەی مۆدێلی توندوتیژییە. کارەکتەری (سەرمەد) نیشاندەری ڕاستەقینەی قوربانییەکە، کە لە ئایندەدا دەبێتە جەللاد! سەرمەد کە تەمەنی منداڵی و خوێندنی لەژێر ئازاری جەستەیی و روحیی مامۆستا، بەڕێوەبەر، دایک، باوک و برای گەورەیدا بەڕێکردووە، کاتێک گەورە دەبێت و دەبێتە مامۆستا، دەیەوێت بە شێوازێکی نوێ و شارستانی بەگژ ئەم کولتوورەدا بچێتەوە. ئەو هەوڵ دەدات بە گفتوگۆ و هێمنی مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانیدا بکات، بەڵام ئەم تێگەیشتنە تەنیا لە ئاستی تیۆریدا دەمێنێتەوە. کەوتنی سەرمەد کاتێک دەست پێدەکات، کە لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی جددی و گرژیدا، خۆ کۆنترۆڵکردنی لەدەست دەدات و بە هەمان کەرستە و عەقڵییەتی مامۆستاکانی سێ دەیەی پێش خۆی، هێرش دەباتە سەر قوتابییەکانی و تەنانەت لە ماڵەوەش ئازاری ژنەکەی (ڕەیخانە) دەدات. لێرەدا نووسەر هۆشیارمان دەکاتەوە، کە توندوتیژی نەخۆشییەکی گوازراوەی نەستە، کاتێک مرۆڤێک لە ژینگەیەکی ترسناکدا پەروەردە دەکرێت، توندوتیژی دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی دەروونی، سەختە بە بێ توەژینەوەی ڕیشەیی و کرانەوەی کۆمەڵایەتی لێی ڕزگار بێت. هەمان بیرۆکەی تۆماس ڤێرنی نیشاندەدات.
دووەم: کوشتنی بەهرە و دروستکردنی شێت، کارەکتەری سەبۆ لە ڕۆمانەکەدا نموونەی باڵای ئەو بەهرە بەتوانا و سەربەستییەیە، کە سیستەمی فێربوون و پەروەردەی باو بەرگەی ناگرێت. سەبۆ کە قوتابییەکی ئازا و بەتوانایە، دەبێتە ئامانجی ڕقی بەڕێوەبەری قوتابخانە و لەسەر هەڵسوکەوتێکی بچووک دەردەکرێت. ئەم دەرکردنە تەنیا بڕینی قۆناغێکی خوێندن نییە، بەڵکو لەناوبردنی ڕێڕەوی ژیانی تاکێکە. چیرۆکی سەبۆ لە بێکاری، خولانەوە لەبەردەم دەرگای قوتابخانەکە، تا دەگاتە شێت بوون و گیانسپاردن، ڕەخنەیەکی زۆر قورسە لە سیستەمێک، کە لە بری پێگەیاندنی مرۆڤی ئازاد، مرۆڤی ملکەچ بەرهەم دەهێنێت. مەڕگی سەبۆ ئەو هۆشدارییە تاڵەیە، کە نیشانی دەدات سیستەمی پەروەردەیی باو، قوتابییە یاخی و بلیمەتەکان دەکاتە شێت و لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا دەبنە قوربانی.
سێیەم: ناونیشانی ڕۆمانەکە، مانایەکی سیمبۆلیی بەهێزی هەیە. ئەو قامچییەی باپیری سەرمەد لە ژوورەکەیدا هەڵیواسیوە، تەنیا ئامرازێکی چەرمینی لێدان نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ دەسەڵاتی باوکسالاری، ترسی کۆنەپەرستانە، ئەو چاودێرییە بەردەوامەی، کە ئازادی و سەربەستیی تاکی کورد لەبار دەبات. قامچی لێرەدا دەبێتە کابووسێک کە لە سەرەوە هەڵواسراوە و ئامادەییی خۆی لە هۆشیاریی منداڵەکەدا دەچەسپێنێت.
شێواز و جۆر و تەکنیکەکانی گێڕانەوە: جۆری ڕۆمانەکە ناچێتە چوارچێوەی یەک جۆری ئەدەبیی بەرتەسکەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە چەند بنەمایەکی جیاواز: ڕۆمانی پەروەردەیی و دەروونی، چونکە بەدواداچوون بۆ گەشەی فیزیۆلۆجی، دەروونیی کارەکتەری سەرەکی (سەرمەد) دەکات لە تەمەنی منداڵیی پێنج-شەش ساڵییەوە تا گەورەبوون و بوونی بە مامۆستا.
ڕۆمانی بیۆگرافی و ژیننامەیی: بەهۆی ئەوەی نووسەر خۆی گێڕەرەوەی رووداوەکانە و سوودی لە واقیعی ژیان و یادەوەرییەکانی خۆی لە شارۆچکەی ڕواندز و قوتابخانەکان وەرگرتووە.
ڕۆمانی کۆمەڵایەتی-مێژوویی: بەهۆی نیشاندانی پەیوەندییە چینایەتییەکان ئاغا و پاسەوانەکان لە بەرانبەر خەڵکی ئاسایی و شیکردنەوەی ئەرکەکانی خێزان و قوتابخانە لە سەردەمێکی دیاریکراودا.
رۆمانی گەنجان، بەشێکی زۆری ڕووداوەکان لەناو قوتابخانە و کێشەی گەنجانە دەسووڕێتەوە، لەڕێگای نیشاندانی ناکۆکییەکان گەنجان ئاگادار دەکاتەوە لەو پێشهاتە مەترسیدارانەی ڕەنگە رووبەڕووی هەر کەسێک ببێتەوە.
زمان: بەکارهێنانی (زمانی دوو ئاستی، یان فرەزمانی): زمانی دیالۆگ و ڕۆژانە: نووسەر بۆ داڕشتنی زۆربەی دیمەنەکان و دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان، زمانێکی سادە، ڕەوان و نزیک لە ئاستی ئاخاوتنی ئاسایی خەڵکی بەکارهێناوە. ئەمەش وای کردووە ڕۆمانەکە لەسەر ئاستی جەماوەریدا بەئاسانی بخوێنرێتەوە و پێوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست بکات. زمانی زەینی و فەلسەفی (دیالۆگی شێتەکان) لە دیمەنی خەونەکەی سەرمەددا، نووسەر شێوازی زمانەکە بەتەواوی دەگۆڕێت.
لێرەدا شێتەکان بە زمانێکی بەرز، فەلسەفی و پڕ لە مانای قووڵ قسە دەکەن. ئەم تەکنیکە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا دەنگدانەوەی هەیە، واتە ئەو کەسانەی کۆمەڵگە بە شێتیان دەزانێت، لە حەقیقەتدا هۆشیارترین تاکی کۆمەڵگەن و نووسەر وەک دەمی حیکمەت و ڕەخنەگری سیستەم بەکاریان دێنێت.
پێکهاتەی هاوتەریب و خولانەوەی مێژوو، نووسەر تەکنیکی چیرۆکی هاوتەریب بەکاردێنێت بۆ تیشکخستنە سەر بەردەوامیی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. بەرجەستەکردنی ململانێی (سەرمەد و عەزە گوڕوو) لەسەر (ڕەیخانە)، هاوشان لەگەڵ هێنانی چیرۆکی ڕابردووی (سەعیدی باوکی سەلیم و کەریم کوارگ) لەسەر (عەیشێ)، نیشانمان دەدات، کە کۆمەڵگە لە ناو خولگەیەکی بەردەوامدا دەخولێتەوە و هەمان نەریت، چەوساندنەوە و ململانێی عەشایەری و زۆرداری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دووبارە دەبنەوە.
جوگرافیا و خەرەند وەک کارەکتەرێکی ڕەمزی لەم ڕۆمانەدا، شاری ڕواندز تەنیا شوێنێکی بێ روحی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو خۆی بەشێکە لە بونیادی دراما و گێڕانەوەکە. بەتایبەتی (خەرەند) وەک پارچە جەستەیەکی گرنگی ناوچەکە بەردەوام لە ناو رووداوەکاندا ئامادەییی هەیە. خەرەند هێمایەکە بۆ قووڵایی، ترسناک، هەڵدێر و ئەو کەندرە ڕوحییانەی، کە لە ناخی تاکی ئەم کۆمەڵگەیەدا بەرانبەر بە ئازادی و خۆشەویستی دروست بوون.
ڕۆمانی (قامچی) فۆرمێکی ڕوونی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و دەروونییە. نووسەر لە ڕێگەی ئەم دەقە ئەدەبییەوە زەنگێکی مەترسیدار بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری لێداوە و ڕایدەگەیەنێت، کە دواکەوتوویی و گیرخواردنی ئێمە لە بازنەی نەهامەتیدا، ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیستەمێکی پەروەردەیی و خێزانیی پڕ لە توندوتیژی و ستەمکارییە. پەیامی کۆتایی ڕۆمانەکە ڕوونە، تا ئەو کاتەی تاکی کورد نەتوانێت ئەو قامچییە ناوەکییەی ناو ناخی و کەرستەکانی توندوتیژی فڕێ بدات، ناکرێت چاوەڕوانی دروستبوونی نەوەیەکی ئازاد، داهێنەر و بەختەوەر بکەین. ئەم بەرهەمە بانگەوازێکە بۆ خاوێنکردنەوەی ناخ و پاککردنەوەی ئەو کولتوورە دواکەوتووەی، کە منداڵەکانمان بە ترس و زەبروزەنگ گۆش دەکات.
سەرچاوە: کاروان عەبدوڵڵا، ٢٠١١، قامچی، چاپی یەکەم. دەزگای موکرایان، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر
Verny,Thomas, 1981, das geheime leben des Kindes vor seiner geburt.hamburg

