خوسرەو جاف
لە تەلبەنی ژانی ژینەوە
لە درزی دەروازەی ئاسنینەوە
ڕازی مێژووت بۆ هەڵدێنم
گۆلمێ خۆڵم پێیە
ناوکی ئومێدی تیا دەچێنم
سەفەرکردووی شەوی ڕەشم
پاشماوەی شەڕ و هێرشم
منی کوردی ڕۆژهەڵاتی
تا ئاگردانی باوەڕم نەکوژابوویەوە
تا خوێنێ بەر بەیانم نەڕژابوو
تا باوشی موحەبەتم بۆگەنی نەکردبوو
ناڕەواجیی هاودەردیم لە هەر وەهابوونا نەمردبوو
تا ڕەگی وجودم چەقۆی فەرامۆشی نەیبڕی بوو
تا ئەهریمەنان تۆماری تەمەننامی نەدڕی بوو
ئێمە بووین سەرچاوەی ئەبەدیەت
ئێمە بووین هەوارگەی ئاهورایی
ئێمە بووین دەروازەی بینایی
لە تیشکی ئاسوودا مەی ئەزەلیمان نۆشی بوو
لە هەوارگەی یەقینا کراسی ڕۆشناییمان پۆشیبو
ئێستا کە دەمبینی منێ کوردی ڕۆژهەڵاتی
دەستەمۆی ئینشائەڵڵا و بێ دەسەڵاتی
لە هەمووان بێ باوانتر
ماڵوێرانتر
لە میزانا بێ تاوانتر
منی کوردی ڕۆژهەڵاتی زەمانێکە باوکم مردووە
وتیان کە مرد دونیایە قین بوو
نەخێر لە ئاوی کانیا شیرین تربوو
پێش ئەوەی بمرێ وتی:
ئیدی هەڕەشەی چاوساغ نامترسێنێ
شەو پەلاماری نائومێدی نامدوێنێ
ئیدی لە مەنزڵگای بەزمگێڕانا نانیشمەوە
تا بپرسی کێم و چیم، ئیدی گۆێڕایەڵی وتەی هیچ و پووچ نیم
ڕاستە زەمانێکە وەردی مەینەتم کێڵاوە
لە هەر ترمیناڵێکە چاوەڕوانیم کێشاوە
تا خۆم بدۆزمەوە
لە تارمایی تاوانا حەقیقەت بقۆزمەوە
لەوە گەڕێ چوار دەورمان هاژە و هەرایە
جەهالەتێ گومڕا فەرمانڕەوایە
گوێم لێگرە ئەی تۆی ڕۆژهەڵاتێ
باوەڕ بکە باوکم شانەی هەنگوین بوو
سەوز بوو، زەرد بوو، شین بوو
باوکم جارچی ناو بازاڕ بوو
لە پەرستگادا عاشقی ژێ و تەموورە و تار بوو
بە جوانی، شمشاڵلێدانی دەزانی
نەخێر باوکم باخەوان بوو
لە دنیای بۆنەهات و داخا
لە چەق و ناوەڕاستی باخا
ئاوێنەی ڕوو بە خەڵکی ڕادەگرت
بە تەمای میوەی یەزدانی
ڕایدەخست سفرەی فەلسەفە و عیرفانی
کەوچک و چەنگاڵی
لە دەفری خاڵێ و بەتاڵێ موحەبەت دەنا
بە سۆزەوە دەیناڵاند
نەکەی ئامان
لە خۆڕا ئاو مەڕژێنە
ئاوێنە مەشکێنە
دەیوت .. سەرماوسۆڵە لە نەبوونی گەرمیی هەتاوە
گڕی مۆمە قەتڵگەی پەپوولەی گچکە و هەراشە
خەرمان کە سووربوو ئاکامی ژێر دوو بەردەئاشە
ئامان دەست بە دامان
خۆت بە زل مەبینە
گڵێنە هەرچەندە جوان و ڕەنگینە
ئاوێنە نمای دیمەنی ژینە
جیهان نمایە، دیدەنە تەنها خۆنەبینە
وەرە دەی با پێکەوە بێشکەی مێژوو بسووتێنین
لە کوانووی حەقیقەتا گڕێکی گەورە هەڵگیرسێنین
زەمانێکە زانیومە بێ یەک و دووم
کە من کوڕی ئافرەتێکی سەماکەری شانۆیەکی لەبیرچووم
ڕاز و ئەفسوونم هەڵهێنراوە
ئەوی ڕەنجەمە، ئەوی گەنجمە دزراوە
لە مەزاری سکووت و خەجاڵەتا
لە هەڵدێرگەی سەراحەتا
ئەوەسا دەستەمۆی هوبەل و لات و عوزیم
ئیدی هەزاران ساڵە قوربانی تاڵان و دزیم
ورد بەرەوە چییان لێ کردووم
بەم ژینە تاڵەیان بردووم
پەیکەرێکم بێ ناو
ڕوخسارێکم بێ چاو
بێ مەودایە هەناسە و تاوم
ئاشوفتەیە هەنگاوم
چیبکەمەکان دەورەی داوم
لە سۆمەعەی ترسا کە دەمبینی
ئینشائەڵڵا دەکەمە پەرژین و هەوێنی
ڕمووخنەکان چاتمەی ئاواتم دەهەڕووژێنن
هەندەسەی ئومێدم لە بن دێنن
لەوە گەڕێ ئەهریمەنان مۆم داگیرسێنن
زۆر بەیان میحڕاب نشین و دەم بە جوێنن
ماسترۆی ئاهەنگی دۆزەخی دەست ڕاوەشێنە
پیلانگێڕە فەرمانڕەوا هەبە و هانی و لاچۆ بێنە
مایکبەدەستان گۆمی ژیان دەشەڵەقێنن
لە شانۆی خۆیانا خۆ دەنوێنن
غەزووی من، منم!
لە شانۆی ژینا منم گوڵ چنم
ڕۆژانە عەقڵم تەماشاکەری گۆڤاری گەمژە نووسراوە
بە دیواری توڕەهاتا هەڵواسراوە
هەزاران ساڵە لە بێ ڕەنگییا
لە بێ دەنگییا
لە سارد و گەرمی تابووتا
ناخمان بڵێسەی سەند و سووتا
ئەوەسا نەورۆزی وڵاتم چواردەوری ڕق و کینەیە
پەلاماریان گوڵاڵەسوورەی سەرسینەیە
مەڕۆ تۆخوا گوێم لێگرە شێوەنی من شێوەنی
کچە کوردی پاکیزەبە
شێوەنی فکر و ئەنگێزەبە
نازانم ئێمەی بێ ناز
ئێمەی چواردەورگیراوی شاری ڕاز
وەسڵی حەقیقەت لە کوێ وەدەربێنین؟
بە سەر کام کۆتەڵا چەمەرانە بخوێنین؟
ئاوا بڕوا لە بەستەڵەکی ڕەچاوترین
لە ڕسوایی بەرچاوترێن
زۆربەمان کراسی ناتەبامان پۆشیوه
مەمکی بێ سیتیانی حەقیقەتمان نەدیوە
ئەوی میحڕاب و مینبەر و مەزارە هەڕووژاوە
ئەوی زەرافەتە
بەو ئافەتە تیاچووە نەماوە
ڕمووزنەکان تەڕبووی هەوری هەڕان لە خەڵکەکە دوورن
مەستی مەیخانەی غروورن
ئەوەسا درەختی ئومێدیم بای ئاژاوە دەیشکێنێ
مافووری خەیاڵم ڕمووزنەکان دەیتەکێنێ
خوسرەو جاف تاران ٢٥-١٢-١٩٦٨
کلاسی دووەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکان

