رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم…هەڵکشان بەرەو لوتکە

حەمەسەعید حەسەن
لە یەکێک لە چیرۆکەکانی هەزارویەکشەوەدا، کەنیزەکێک هێندە زیرەکە، گرەو لە هەموو پیاوە زاناکان دەباتەوە، کە خەلیفە سەرپشکی دەکات، لەوەی چی بخوازێت، بۆی دەستەبەر دەکات، لەبری ئەوەی داوای ئازادی بکات، دەبێتەوە بە کۆیلەی خاوەنە دێرینەکەی، ئەمەیش لەوەوە هاتووە، ژن ئەگەر زانینیشی بەرهەم هێنابێت، خۆی بە خاوەنی نەزانیوە. خیرالدین أبی الپناء کتێبێکی هەیە، ناوی ناوە، الأصابە فی منع النساء من الکتابە، تێیدا دەڵێت: ( ژن کە لە قوڕی غەدر چێ کراوە، ئەگەر فێری نووسین ببێت، بەدکاری بڵاو دەکاتەوە. پیاوی زیرەک، ژنی نەفام و نابینای لە هی خوێندەوار و چاوکراوە پێ باشترە. ژن و نووسین دووانەیەکی ترسناکن، دەبێت پیاو خۆی لەو مەترسییە بپارێزێت.) ژن چونکە توانای نووسینی نەبووە، لە ناچارییەوە هانای بۆ گێڕانەوە بردووە، لە وەختی گێرانەوەیشدا، وەک پیاو خۆی نمایش کردووە، ئاخر بە قامووسی نێر، زمانی پژاوە.
هێدی هێدی ژن لەوە دەردەچێت، بوونەوەرێکی تایبەت بە شەو بێت و تەنیا شەوانە، توانای گێڕانەوەی هەبێت، ئاخر ئیدی بە ڕۆژیش بە کۆمەکی قەڵەم و گۆڤار دەکەوێتە خۆنواندن. یەکەم گۆڤاری ژنانە کە لە دنیای عەرەبدا ڕووناکی دەبینێت، ( الفتاە) دەبێت کە لە نۆڤێمبەری ١٨٩٢دا لە میسر دەردەچێت. ئیدی ژن لەوە دەردەچێت، هەر جەستەیەک بێت و لەڕێی گێڕانەوەوە، چێژ بە پیاو ببەخشێت و ئەگەر شیعریشی گوت، هەر شێوەن بێت بۆ پیاو، ئیدی ژن وەک خاتوون بە دیار دەکەوێت، نەک وەک کەنیزەک، ئیدی بە چەکی قەڵەم تەعبیر لە خودی خۆی دەکات.
کە ژن دێتە نێو دنیای نووسینەوە، لەوە دەچێت، لە نیشتمانەوە بۆ مەنفا هاتبێت، ئاخر ئیدی دنیای گێڕانەوەی جێگیر جێ دەهێڵێت و دەگاتە دنیای نووسینی بزۆز کە دنیایەکە پڕ لە نیگەرانی. نووسین هاوزەمان ئازادی و نیگەرانی لەتەک خۆیدا دەهێنێت، ئاخر نووسین، بۆ ژن، وەک هاتنە دەرەوەی مروارییە لە قاوغەکەی، وەک هاتنە دەرەوەیە لە شەوی ئەنگوستەچاوەوە، بۆ بەردەم ڕۆژی ڕووناک. لەکن ژن، نووسین خۆ پاکژکردنەوە نییە، وەک ئەرستۆ دەیگوت، بێدارکردنەوەی ئازادییە لە خەوێکی قووڵ و گیان بەبەردا کردنەوەی ئاگرێکی خامۆش بووە. ژن کە دێتە نێو دنیای نووسینەوە، لەتەک کولتووری سەروەری نێرانەدا، دەکەوێتە ململانێوە، کولتوورێکی پیاوانەی چەسپاو کە لە دێر زەمانەوە، خۆی سەپاندووە. ئەوە بۆ ژن نەک هەر ئاسان نەبوو، خامە لە دەستی پیاو بڕفێنێت، بەڵکوو کارێک بوو دژوار و دەبوو باجێکی قورس بدات، ئاخر نێر بەردەوام لە خەمی ئەوەدابوو، مێ لە نیشتمانی نووسین کە پێی وابوو تایبەتە بە پیاو، وەدەر بنێت.
پیاو وەک شوێن، دنیای نووسینی دەبینی و پێی وابوو، ژن ئیشی ئەوەیە، ئەو شوێنە بڕازێنێتەوە و بەس، بەشێک بێت لە دیکۆری شوێنەکە و هیچی تر، ئەوەی بۆ قووت نەدەچوو، ژن سەروەری شوێنەکە بێت. پێوەندییەکی هێندە درێژخایەن و قووڵ لەنێوان نێر و زمانی نووسیندا هەبوو، نووسین وەک سیفەتێکی پیاوانەی لێ هاتبوو، وەک ئەرکی سەرشانی پیاوی لێ هاتبوو، وەک مافێکی سروشتیی پیاوی لێ هاتبوو. خامە نێر بوو، دەبوو هەر بە دەستی نێریشەوە بێت. پیاو پێی وابوو، ژن ناتوانێت، هاوزەمان بنووسێت و مێبوونی خۆیشی بپارێزێت، ئاخر لە پیاو وابوو، مێ و نووسینیان نەگوتووە و مێ پێی ناکرێت بە نووسینەوە کە سیفەتێکی پیاوانەیە، وەک مێ بمێنێتەوە. پیاو دەیگوت، ژن نە دەتوانێت بە نووسین باس لە مێبوونی خۆی بکات، نە دەتوانێت لە مێبوونی خۆی هەڵێت، بۆیە ژن و نووسینی وەک پارادۆکس دەبینی. نێر وای بۆ دەچوو، هەر ژنێک دەستی بە نووسین کرد، وەک ئەوە وایە جاڕی بەنێربوونی خۆی دابێت. لە دیسکۆرسی پیاودا، ژن دڵبەرێکی دلۆڤان و جەستەیەکی جوان بوو، بۆیە نێر بەوە قایل نەدەبوو، مێ لە دنیای نووسیندا ببێتە ڕکەبەری، بەڵام با وەها هەڵی نەکرد، وەک کەشتیی پیاو دەیخواست.
ژن چونکە بەردەوام سەرکوت کراوە، ناهەقی نەبووە ئەگەر بڕوای بە توانای خۆی بەهێز نەبووبێت و نووسینی پیاوی لە بەرهەمی خامەی خۆی، پێ جوانتر و بەرهەمی پیاوی پێ نموونەی باڵا بووبێت. پیاو کە بەگژ نووسەری ژندا دەچێتەوە، بەوە ددان بە توانایدا دەنێت، ئاخر قینهەڵگرتن لە شتێک، دداننانە بەو شتەدا. پیاوی دژەژن، مێ بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەزانێت قینی لە چییە و چی ناوێت، بەڵام نازانێت حەزی لە چییە و چی دەخوازێت. (ژیان لە لوتکە، ترسناکە، چونکە لەوێ ئینسان بە تەنیا دەمێنێتەوە.) ئەوە ڕاست نییە، ژن لەو تەنیایییە بترسێت، ئەوە هێنانەوەی پاساوە بۆ دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم بەرەو لوتکە هەڵکشانی ژندا.