رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژێــــــــک دێت

فەرەیدوون سامان

تۆش ئەم هەوارە جی دەهێڵیت
پشت لە یادو یادەوەرییەکان دەکەی
ئاوڕ لە کۆڵانەکانی منداڵێت نادەیەوە،
ئیدی ناتوانی لەبەر ڕێژنەیەکی باراندا
گۆرانییەکانت بڵێیەوە
تەماشای سەفەری هەورەکان بکەی،
یان لە ئێوارەکی پاییزدا
لە ناو باخێکی بەجێماوی وشکەڵاندا
گوڵێکی سوور بۆن بکەی،

ڕۆژێک دێت
ئەم هەوارە تۆ جێ دەهێڵێت
ئیدی سێبەری هەنگاوەکانیشت ناناسێتەوە
وەک ڕێبوارێکی نامۆ
کەسێ نابێت وەرامی سڵاوەکانت بداتەوە
یادەورییەکانی منداڵی پشتت تێ دەکەن
حاشا لە ڕابردوو
ئاوڕ لە خەونەکانت نادەنەوە
لە ئێوارەیەکی درەنگی پاییزدا
باڵندەکان سروودی ماڵاواییت بۆ دەچڕن..