رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە نۆسەد و پەنجا هەزار هاوبەشی کارەبا لە لێخۆشبوونی حکوومەت سوودمەند بوون

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆی ڕاپۆرتی دارایی و کۆکردنەوەی پارە و قەبارەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبای ڕاگەیاند کە لە دوو قۆناغی جیاوازدا جێبەجێی کرد و بەپێی دەرەنجامەکە زیاتر لە نۆسەد و پەنجا هەزار هاوبەشی کارەبا لە لێخۆشبوونی حکوومەت سوودمەند بوون و حکوومەت لە چوارسەد و سێ ملیار دیناریان خۆش بوو.

هەڵمەتی یەکەمی داشکاندنەکە لە ٣ی مانگی ئاب تاوەکو ١٠ـی مانگی ئەیلوول بەردەوام بوو. ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بۆ هەڵمەتەکە کرد و نوێی کردەوە پاشان بڕیاری دا لە ٢٤ی مانگی ئەیلوو تا ١٨ـی مانگی تشرینی یەکەم لێخۆشبوونەکە بەردەوام بێت. حکوومەت خەڵکی سەربەست کرد لەوەی بە داشکانی نیوە قەرزەکەیان بە یەک جار بدەنەوە یان بێ داشکاندن بە قیست قەرزەکانیان لێ بستێنێت.
بەپێی دەرەنجامەکە زیاتر لە لەسەدا حەفتای هەموو ئەو هاوبەشانەی کارەبا لە تەواوی هەرێمی کوردستان قەرزەکانی پێش ڕووناکییان داوەتەوە و هیچ قەرزێکیان لەسەر نەماوە بەڵام لەسەدا سی هاوبەشەکان هێشتا قەرزیان ماوە.
تەنیا لە مانگی ئابدا چوارسەد و نۆ هەزار و چوارسەد و هەشتا و شەش هاوبەش لە لێخۆشبوون سوودمەند بوون کە بڕەکەی دەگەیشتە زیاتر لە سەد و چل ملیار دینار. ئەو هاوبەشانە لەو مانگەدا زیاتر لە سەد و شەست و سێ ملیار دیناریان بۆ وەزارەتی کارەبا گەڕاندەوە. لە مانگی ئەیلوول ژمارەی سوودمەندبووان سێسەد و حەفتا و یەک هەزار و سێسەد و حەفتا و سێ هاوبەش بوو کە سەد و حەفتا ملیار دینار بڕی لێخۆشبوونەکەیان بوو و لەو مانگەدا دووسەد و شازدە ملیار و حەوتسەد و نەوەد دیناریان بۆ وەزارەتی کارەبا کۆ کردەوە.
لە مانگی تشرینی یەکەم سەد و حەفتا هەزار هاوبەش سوودمەند بوون و بڕی پارەی لێخۆشبوونیان نەوەد و دوو ملیار دینار بوو و ئەو پارەیەش کە بۆ حکوومەتیان گەڕاندەوە دەگەیشتە زیاتر لە سەد و بیست ملیار دینار.
بەگشتی لە هەموو هەرێمی کوردستان نۆسەد و پەنجا و یەک هەزار و نەوەد و هەشت هاوبەش بە قەبارەی چوارسەد و سێ ملیار و سەد و سی ملیۆن دینار لەو لێخۆشبوونەی حکوومەت سوودمەند بوون و بە یەکەوە توانیان زیاتر لە پێنجسەد ملیار دینار بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە.
وەزارەتی كارەبا دەڵێت داهاتی کۆکراوە، بە داهاتی پڕۆژەی ڕووناکیشەوە، سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی خەرجییەکانی سێکتەری کارەبا کە مانگانە دەگاتە سێسەد و پەنجا ملیار دینار.
جێی باسە تا ئێستا زیاتر لە لەسەدا نەوەدی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ماڵەکانیان دابین کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەم هەرێمی کوردستان کارەباکەی دەبێتە بیست و چوار کاتژمێری. پڕۆژەی ڕووناکی بووەتە یارمەتیدەرێکی سەرەکیی هاووڵاتییان تا کەمتر لە جاران پارەی کارەبا بدەن چونکە جاران پارەیان بە مۆلیدە و نیشتمانی دەدا کە بڕەکەی لە هی ئێستا زیاتر بوو.
ئەگەر هاوبەشانی کارەبا هەموو مانگێک ئەو کارەبایەی بەکاری دەهێنن پارەکەی بە حکوومەت بدەن ئەوا چیتر قەرز لەسەریان کەڵەکە نابێت بەڵام ئەگەر پارەکە نەدەن ئەوا وەزارەتی کارەباش ڕێوشوێنی بۆ ئەم دواخستننە داناوە. وەک چۆن خەڵک پێشتر هەموو مانگێک بڕە پارەیەکیان بە مۆلیدە دەدا پێویستە ئێستاش ئەو پارەیە بدەن، چونکە حکوومەتیش بۆ سەرخستنی پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری خەرجییەکی زۆری لەسەرە و ئەگەر دابینی نەکات کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دێتە کایەوە.