رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی فیدراڵی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هاوکاری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان دەستیان هەڵگرتووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسی سەرمای زستاندانە و ھێشتا پێداویستییەکانی ئەم وەرزەیان بۆ دابین نەکراوە. داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن، پێش ھاتنی زستان، بە ھانایانەوە بچن و پێدوایستییەکانی ئەو وەرزە بۆ دابین بکەن و خێوەت و پەناگەکانیان بۆ نۆژەن بکەنەوە.

لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوچەکانیان چۆڵ کرد، تا شەڕی داعش کۆتایی ھات لە ھەرێمی کوردستان مانەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش ئامادە نین بگەڕێنەوە تەنیا ژمارەیەکی کەم گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا و شنگال، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ نەبوونی ئارامی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک ژیانیان لە مەترسیدا بێت. وەکو خۆیان دەڵێن، لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەک مەترسییان لەسەر نەماوە، لێرە بەپێچەوانەوە ھاوکاریمان دەکرێت و ھیچ جیاوازیەکمان لەگەڵ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان نییە.
خەرجی ئاوارە و پەنابەران یەکجار زۆرە، سەدان ملیار دینار خەرجی ئاوارە و پەنابەرانە، تەواوی خەرجی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانە وەکو کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەڕووی مرۆییەوە، حکوومەتی ھەرێم ھەردەم دەرگای واڵا بووە.
ڕەوشی ئاوارەکان لە وەرزی زستاندا بە یەکێک لە سەختترین دۆخە مرۆییەکان دادەنرێت و ساڵانە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما، نەھامەتییەکانیان چەند بەرامبەر دەبێت. نیشتەجێبوونی بەشێکی زۆریان لە نێو خێمە و چادرەکاندا وا دەکات ڕووبەڕووی مەترسی سەرما، باوبۆران و لافاو ببنەوە. زۆرێک لە خێمەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەکاردێن و بەرگەی ڕەشەبا و بارانی بەخوڕ ناگرن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دزەکردنی ئاو بۆ ناو چادرەکان.
ئاوارەکان، دەڵێن، شنگال ئارام نییە، بارودۆخی ئەمنی وەکو پێویست نییە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە، کەس نازانێت ئێستا کێ خاوەنی شنگالە، بۆیە تا ھێزە چەکدارەکان لەوێ بن ناگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و ھەر لە ئاوارەییدا دەژین.
زۆرینەی ئاوارەکانی کەمپەکانی دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کوردانی شنگال و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای نەینەوان. لەزگین خەلیل، ئاوارەیەکی شنگالە و لە یەکێک لە کەمپەکانی دھۆک نیشتەجێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: خەڵک لەم وەرزەدا پێویستی بە سۆپا، نەوت و پێداویستی دیکەی وەرزی زستان ھەیە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پەلە بکات لە دابەشکردنی نەوت لە کەمپەکان.
پیردەیان خدر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان دەربارەی ڕەوشی ئاوارەکان و پێویستییەکانی ئەوان لەناو کەمپەکان و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێش ھاتنی وەرزی زستان و لە مانگی ١٠ وەکو بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک ئامادەکاری خۆمان دەکەین بۆ ئەو کەلوپەلانەی کە لەو وەرزەدا پێویستن، یەکێک لەو شتانە گۆڕینی خێمە و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکانە لەگەڵ دابینکردنی نەوت، بۆ ئەو مەبەستە لە سەرەتای ئەو مانگەدا نووسراوێکمان داوەتە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نووسینگەی دھۆک، داوامان لێ کردووە نەوت بۆمان دابین بکەن، ھەر کاتێک گەیشت ئێمەش بەسەر خێزانەکانی ناو کەمپەکان دابەش دەکەین، ھەروەھا داوامان کردووە ڕێگەی نێو ھەندێک کەمپ کە تێکچوونە نۆژەن بکرێنەوە.
ڕێژەی دابینکردنی ھاوکاری بۆ ئاوارەکان کەمبووەتەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ٩٠%ـی ئەو ڕێکخراوانەی پێشتر ھاوکاری ئاوارەکانیان دەکرد ئێستا نەماون، ئەوانەشی کە ھاوکاری ئاوارەکان دەکەن تەنیا ڕێکخراوە نێوخۆییەکانن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان ئاوارە و پەنابەران و خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراو و ناوەندە جیھانییەکان و لەو ڕێگەیەوە پێداویستییەکانیان بۆ پڕ دەکاتەوە، توانیویەتی بەپێی پێویست ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران بکات، ئێستاش بەردەوامە و ڕۆژانە ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران و خەڵکی دیکە دەکات. بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازی بارزانییە کە ھاوکاری لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاری ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستیان پێ بووە.
حکوومەتی عێراق تایبەت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کەمپی ئاوارەکانی شنگال بە تەواوەتی پشتگوێ خستوونە، بە تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حکوومەتی ھەرێم ھاوکاری ئاوارەکان دەکات. وەکو بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، حکوومەتی عێراق بە تەواوەتی خەڵکی ئێمەی چ لەناو کەمپەکان، چ لە دەرەوەی کەمپەکان بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس لە خەڵکی شنگال لەناو کەمپەکان و زیاتر لە ٣٦ ھەزار کەسیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، خەریکە دەچینە ناو وەرزی زستان و ئاوارەکان پێویستیان بە ھەموو پێداویستییەکی ئەم وەرزەیە، بەتایبەتی نەوت، ئەمە لە کاتێکدایە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەموویان خۆیان لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکان کشاندووتەوە.