مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند؛ ئێمە ئامادەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی هەموو، بەتایبەتی ئەندامەکانی پەرلەمانە کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون. حەقە وەفایان بەرامبەر بەو دەنگانە هەبێت و ئامادەبن لە پەرلەمان.”
سەرۆکی حکوومەت، ڕایگەیاند؛ ئەگەر بیانەوێ لەوێ باسی پرۆژەی سیاسیش بکەن، دەکرێ لە پەرلەمان ئەو گتوگۆیانە بکرێن. بەڵام بایکۆتکردنی پەرلەمان بەڕاستی راکردنە لە بەرپرسیارێتی، بێ وەفاییە بەرامبەر بە دەنگی خەڵکی کوردستان.”
سەرۆکی حکوومەت، هیوای خواست پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و گوتی “هیوادارم هەموو پەرلەمانتارێک لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆی بێ، پەرلەمان کارا بکەنەوە. وە ئێمە چاوەڕێی ئەوەین کە ئەو بەڕێزانە جارێکی تر بگەڕێنەوە پەرلەمان و یەکەم هەنگاویش بێ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و هیوادارین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی کوردستانیش.”
سەرۆکوەزیران باسی لە گرنگی ژینگەپارێزی و پرۆژەی تۆمارکردنی ئاژەڵ و رووەکەکانی کوردستان کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد بەشداربن تێیدا “تۆمارکردنی ئەم داتایانە بۆ ئەوەیە هەم لە رووی زانستییەوە توێژەران و ئەکادیمییەکان بتوانن کارێکی زیاتر لەسەر ئەو ئاژەڵ و رووەکانە بکەن کە لە کوردستاندا هەن، ئەمە لە رووی زانستییەوە گرنگە، بۆ قوتابخانەکان گرنگە، بۆ توێژەران گرنگە، وە بۆ ژینگەی کوردستانیش، جوانی و سروشتی کوردستان گرنگە.”
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد و گوتی “لێرەدا داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم گرنگی بە ژینگەپارێزی بدەن، بە سروشتی جوانی کوردستان بدەن، وە دەتوانن یارمەتیدەری ئەم پرۆژەیەش بن خۆیان. هەر کەسێک توانی شتێک تۆمار بکا یان وێنەی جوانی ئەو ئاژەڵانە یان رووەکێکی نوێ بدۆزێتەوە دەتوانن هاوئاهەنگ بن بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر یارمەتی ئەم پرۆژە گرنگە نیشتمانییە بدەن.”

