رۆژنامەی ھەولێر

جێبەجێکردنی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان بنیادنانی دامەزراوەیەکی پۆلیسی سەردەمیانە و پیشەییە

دوێنێ، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دارشتنی پلانی جێبەجێکردنی چاکسازی پۆلیسی کوردستان لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی یو ئێن دی پی ، ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، بنیادنانی دامەزراوەیەکی پۆلیسی سەردەمیانە و پیشەییە کە متمانەی هاووڵاتییان بەدەست بهێنێت.

سەبارەت بە ستراتیژی چاکسازی هێزەکانی ناوخۆ، وەزیری ناوخۆ باسی لەوە کرد، ئەم پرۆسەیە بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. روونیشیکردەوە، مەبەست لێی دروستکردنی توانایەکی دامەزراوەییە کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا کار بکات و خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەش بکات.
وەزیری ناوخۆ رۆڵی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) و دەستەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپای لەم پرۆسەیەدا بەرز نرخاند و رایگەیاند “ئەم هەنگاوانە تەنها گفتوگۆی تەکنیکی یان راهێنان نین، بەڵکو دەستپێکی هاوبەشییەکی دامەزراوەیین بۆ گواستنەوەی ئەولەوییەتەکانی چاکسازی بەرەو پلان، بەرپرسیاریەتی و دەرەنجامی بەرجەستە.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سەرەکی لە عێراق و ناوچەکەدا نەبوونی ستراتیژ نییە، بەڵکو کەلێنی گەورە لە نێوان داڕشتنی ستراتیژ و رەنگدانەوەیەتی لە ژیانی هاووڵاتییاندا. بۆیە وەزارەتی ناوخۆ کار بۆ ئەوە دەکات ئەم ستراتیژە تەنها وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە “پەیمانێکی خزمەتگوزاری” لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییان.
سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی قۆناخی یەکەم، وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد کە کار لەسەر دوو پڕۆژەی سەرەکی دەکرێت، یەکەمیان، دروستکردنی “بنکەی پۆلیسی نموونەیی”، و دووەمیان، “چاکسازی لە کۆلێژەکانی پۆلیس” و گۆڕینیان بۆ ئەکادیمیای پۆلیس لەسەر بنەمای زانست و شایستەیی. لەم دامەزراوە نوێیانەدا، ئەو بەها پیشەییانە دەگۆڕدرێن بۆ رەفتار و خزمەتگوزاریی باشتر. هاوکات، جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی رۆڵ و سەرکردایەتی خانمان لە ریزەکانی پۆلیسدا کردەوە وەک ئەولەوییەتێکی بنەڕەتی.
رێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە، هاووڵاتی نابێت تەنها سوودمەندێکی بێدەنگی ئەم چاکسازییانە بێت، بەڵکو دەبێت را و ئەزموونی ئەوان ببێتە پێوەرێکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی پڕۆژەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.
دواتریش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەکی درێژە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و گوتی: بێگومان بیانووی جیاجیا هەبوون، بەڵام هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنێکی ئارام و پەناگەیەک بووە بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە پاراستن بووبێت. هەڵوێستی ئێمە روونە کە نابینە بەشێک لە کێشەکانی ناوچەکە و هیوادارین هەموو لایەک رێز لەم هەڵوێستە بگرن، چونکە هیچ بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم بوونی نییە.
وەزیری ناوخۆ، سەبارەت بە هەڕەشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەوەی خستەڕوو؛ زانیارییە هەواڵگرییەکان بوونی جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکەنەوە و گوتی: ئەوانەی دەڵێن داعش کۆتایی هاتووە وای نییە، بەڵکوو رۆژانە چالاکییان هەیە و قوربانی لێدەکەوێتەوە، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەیان.
دەربارەی بۆشاییە ئەمنییەکان جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە پێکهێنراون، بەڵام ئەو هێزە بەس نییە و پێویستە لیوای هاوبەشی زیاتر بۆ پاراستنی ناوچەکان پێکبهێنرێت.
تیشکی خستە سەر کۆبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی و گوتی: بەتایبەت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پێویستییەکی زۆر هەیە کە هێزەکانی هەرێم و فیدراڵ هەماهەنگییەکانیان لە ئاڵوگۆڕی زانیاری، چالاکیی هاوبەش و داڕشتنی ستراتیژ زیاتر بکەن. مەرجەعی هەمووشمان بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان، دەستووری هەمیشەیی عێراقە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپات کردەوە و گوتی: هەڵوێستی ئێمە لە هەرێم پشتیوانیکردنی ئەم کابینەیەیە بۆ ئەوەی بەرنامەکەی سەربکەوێت، چونکە سەرکەوتنی بەرنامەکەی دەبێتە هۆی عێراقێکی ئارامتر و سەقامگیرتر. لەگەڵ وەزیری نوێی ناوخۆی عێراقیش کە تازە دەستبەکار بووە پەیوەندیمان دەبێت و هەماهەنگییە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبن.