رۆژنامەی ھەولێر

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان: بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنەکان دەکەین بۆ تەواوكردنی رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی کوردستان

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کرد بۆ بۆ تەواوكردنی رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی کوردستان.

دەقی بەیاننامەکەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان:
ئەمڕۆ دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەو رۆژەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداریکردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان دا و ئیرادەی خۆیان بۆ پاراستن و پاشەرۆژێكی پڕشنگدار بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە بەئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت.
لەو سۆنگەیەوە ، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتێكدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان لە رێزگرتنی بنەماكانی دیموكراسی و كارایی دامەزراوەكانی هەرێم دەكەینەوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووین. هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووین كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون، بۆیە بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تا هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين و هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیەكەی، وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، و لەپێناو رێزگرتن و بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان لە پەلەكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا.
هەروەها فراكسیۆنەكەمان، پابەندبوونی خۆى بەرامبەر بە دەنگدەرانی پارتی و جەماوەری كوردستان دووپات دەكاتەوە و پێمان وایە، ئەركی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانى پەرلەمانە. هەر بۆیەش كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبییەوە، چونكە ئەمە شەرعییەتی دەنگی خەڵك و شەرعییەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.
لە كۆتاییدا، هیوادارین ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت و بە دیدێكی هاوبەش و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، هەموومان پێكەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرین، و پێكەوە هەنگاو بنێین بۆ قۆناخێكی نوێی كاری پەرلەمانیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یاسایی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم رووەكانەوە.