بەگوێرەی تازەترین لێكۆڵینەوە، توركیا ٤ هەزار و ٩٧١ گۆرانی كوردی بردووە و بەناوی خۆیەوە كردووە، واتە گۆرانی كوردییان تاڵان كردووە و پاشان گوتوویانە توركین.
وەیسی ڤارلی، شارەزای مووزیك، لێكۆڵینەوەیەكی زۆر گەورە و وردی كردووە لەبارەی گۆرانیی كوردی، بۆی دەركەوتووە لە توركیا ٤ هەزار و ٩٧١ گۆرانیی كوردی بردراوە و تورك بەناوی خۆیەوە كردووە.
ئەو كەسایەتییە موزیكزانەی كورد لەباكووری كوردستان، ئەرشیڤێكی زۆر گەورەی كوردیی كوردی كۆ كردووەتەوە، بەڵام دەڵێت بەهۆی ئەوەی ئیهمال كراوە خەریكە لەناو دەچێت.
ڤارلی قسەی بۆ (دیجلە تی ڤی) كردووە و دەڵێت: ”لێكۆڵینەوەم لە ٢٨ هەزار گۆرانیی كوردی كرد لە توركیا، بۆم دەركەوت ٤ هەزار و ٩٧١ گۆرانیی كوردییان بردووە و ئەوەی ناخۆشە و مایەی نیگەرانییە، ئەو گۆرانییانەیان بەناوی خۆیانەوە كردووە.“
نموونەی بەگۆرانییەك هێنایەوە بەناوی (لەیلۆ لەیلۆ زراڤێ)، كە دەیان ساڵە لەئامەد دەگوترێتەوە بەتایبەت لەبۆنە و ئاهەنگەكاندا، بەڵام یڵدز تیلبە و چەند گۆرانیبێژێكی تری توركیا، ئەو گۆرانییەیان بردووە بەناوی (شووتی بێنە و بابیخۆین) بڵاویان كردووەتەوە.
هەروەها نموونەی بەدەیان گۆرانی تری هێناوەتەوە كە كوردین تورك بەناوی خۆیەوە كردووە و دەڵێت لەئەرشیڤدا هەڵمگرتووە و پێویستە ئاشكرا بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیهمال كراوە، خەریكە ئەو ئەرشیڤە دەفەوتێت.
جیا لەڤارلی چەندین جار ئاشكرا كراوە كە تورك گۆرانیی كوردیان بردووە، بەتایبەت ئیبراهیم تاتڵیساس و بولەنت سەرتاش و زۆری تر، بەڵام بەهۆی ئەوەی كورد دەوڵەتی نییە، بۆیە بەناوی توركەوە گۆرانییەكان رۆیشتوون.
موستەفا كەمال ئەتاتورك، سەركۆماری پێشووی توركیا و دامەزرێنەری كۆماریی توركیا، لە ١٩٣٠ دامەزراوەیەكی گەورەی ئەرشیڤی توركی دانا، لەوێدا داوای لەو دامەزراوەیە كرد، هەرچی گۆرانیی و فۆلكلۆری كوردی هەیە لەناوچەی ئەنادۆڵ كۆی بكەنەوە، پاشان لەو دەزگا ئەرشیڤییەدا بەناوی تورك تۆمار بكرێت.
ئەو بڕیارەی ئەتاتورك زیانی زۆر گەورەی لەگۆرانیی و مووزیك و فۆلكلۆری كوردیدا، چونكە زۆربەی گۆرانییە كوردییەكان بەناوی توركەوە تۆمار كرا و بڵاوكرایەوە. ئەگەرچی كەسانی دڵسۆز لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵی زۆر گەورەیاندا تا گۆرانییە كوردییەكان ئاشكرا بكەن و سەركەوتووش بوون تێیدا، بەڵام وەكوو ئەوەی ڤارلی باسی دەكات، هەزاران گۆرانیی تر هەن، كە هەر بەناوی توركەوە رۆیشتووە، لەكاتێكدا كوردین.
لەساڵانی هەشتایەكان و نەوەدەكان، گۆرانیی كوردییان دەبرد و دەیاننووسی فۆلكلۆری توركی، بەڵام لەدوای ٢٠١٠ەوە، هەر گۆرانییەكی كوردی لەلایەن توركەوە گوترابێت نووسیویانە كوردی، یان ناوی ئەو گۆرانیبێژەیان نووسیوە كە كورد بووە و ئاوازەكەی داناوە، وەكوو گۆرانی (جانێ جانێ و یەك مومیك و چیا بەفر و بارانە)، كە ئاوازەكان شڤان پەروەر دایناوە و ئیبراهیم تاتڵیساس گووتویەتییەوە.
گۆرانیبێژی تورك، كاتێك گۆرانییەكی ئازەری دەڵێنەوە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن بنووسن ئاوازی فۆلكلۆری توركی، چونكە ئازەر دەوڵەتە و داوای یاسایی تۆمار دەكات، بەڵام چونكە كورد بێدەوڵەت بووە، بۆیە بەئارەزووی خۆیان گۆرانیی كوردییان تاڵان كردووە و بێڕەحمانە بەناوی خۆیانەوە بڵاویان كردووەتەوە و یەكێك لە گۆرانییە هەرە دیارەكانیش گۆرانی (شیرین بەهارەی) تاهیر تۆفیقە، كە تورك ئەو گۆرانییەیان گوتووەتەوە و نووسیویانە ئاوازی فۆلكلۆری توركی.

