رۆژنامەی ھەولێر

ئێران دەڵێ ئامادەیە ببێتە لایەنێکی رێككەوتنەکەی مەككە

كارزان گلی – هە‌ولێر

هەرچەندە شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە رێككەوتنی مەككە، بۆ فراوانكردن و پارێزگاریكردنی سونەكانی ناوچەكەیە، بەڵام مەسعوود پزیشكیان، سەركۆماری ئێران دەڵێت ”ئامادەین بچینە ناو رێككەوتنەکەی مەككەوە“.

پزیشكیان، لە دیمانەیەكیدا بۆ تەلەڤزیۆنی (جەزیرە)ی عەرەبی، باس لە رێككەوتنی مەككە دەكات كە لەنێوان سعوودیا و توركیا و پاكستاندا كراوە و ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ چوونە ناو ئەو رێككەوتنەوە.
پزیشكیان لەو دیمانەیەیدا كە ٤٠ خولەك بوو، باسی لە پەلاماری ئیسرائیل و ئەمریكا كرد بۆ سەر ئێران و ئاماژەی دا، ئەوان دەیانەوێت ئێران وەكوو وڵاتێكی تیرۆریست بناسێنن، بەڵام ئێران بۆ خۆی قوربانی دەستی تیرۆرە و هەركاتێك دەچینە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان، پەلامار دەدرێین و دانوستان تێك دەدەن.
لەبارەی رێككەوتنی مەككەوە گوتی: ”پێویستە وڵاتانی موسڵمان یەك بگرن، ئێمە ئامادەین بچنە ناو ئەو رێككەوتنەوە، ئەگەرچی نازانین ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە چییە، بەڵام لەبری ئەوەی موسڵمانان بكەنە دوو گروپ و پاشان بەگژ یەكیان بدەن، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی یەك بگرن.“
پزیشكیان رەخنەی لە ئەمریكا و ئیسرائیل گرت، بەوەی لە كاتی دانوستاندا سەرۆك و بەرپرسان و كەسانی زانستخواز و قوتابی دەكوژن و بۆردومانیان دەكەن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە وتارەكەی خۆی كرد لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەوەی ئەمریكا و ئیسرائیلی تۆمەتبار كردووە كە تیرۆریستی نێودەڵەتین، چونكە بەهۆی بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیاوە، هەموو جۆرە كوشتنێك دەکرێت لە هەر شوێنێكی دنیادا، كە ئەوان دەیكەن.
لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز، بەهەمان شێوە ئەمریكا و ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد و گوتی: ”ئەوەی هورمزی داخستووە ئێمە نین، ئەوە ئەمریكا و ئیسرائیلن، كردنەوەی گەرووی هورمز لە رێگەی هێزەوە نابێت، بەڵكوو لە رێگەی دیالۆگەوە دەبێت. ئەمریكا لەو بەری دنیاوە دێت و لە بەندەری بەسرەدا ئەوەی بیەوێت دەیكات بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی، وڵاتی ئێمەش بۆردومان دەكات.“
پزیشكیان بۆ پەلاماردانی وڵاتی ئیسلامی وەكو ئیمارات و سعوودیا و قەتەر و ئوردن لەكاتی شەڕدا لەگەڵ ئەمریكا، بەهانەی ئەوە دەهێنێتەوە ئەو وڵاتانە بۆ رێگە دەدەن لەوێوە ئەمریكا پەلاماری ئێران بدات، بۆچی بنكەی سەربازی ئەمریكا لە ئوردن هەبێت؟
گوتیشی: ”سعوودیا سەنتەری ئیسلامە، پەیامی من ئەوەیە بۆ ئەو وڵاتە، دەكرێت سعوودیا ببێتە سەنتەری وڵاتانی ئیسلامی، ئەگەر لەو رێگەیەوە یەكێتی وڵاتانی ئیسلامی بپارێزین، ئەوكات ئیسرائیلیش بوێری ئەوەی نابێت پەلاماری وڵاتێكی ئیسلامی بدات. لەبارەی حووسییەكانیشەوە ئێمە ئامادەین چارەسەری بكەین، نامانەوێت شەڕ تەشەنە بكات و دەتوانین ئاشتی بۆ هەردوو لا بهێنین.“
رێككەوتنی مەككە، رێکەوتی ٧/٨/٢٠٢٦ لە نێوان سعوودیا و توركیا و پاكستاندا ئیمزا كرا، رێككەوتنەكە بەرگرییە و تەنیا لەنێوان ئەو سێ وڵاتە كورت نابێتەوە، بەڵكوو داوایان لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی كردووە ببنە ئەندامی ئەو رێككەوتنە، بەتایبەت میسر.
ئێران لە رێگەی سەركۆمارەكەیەوە ئامادەیییان دەربڕیوە ببنە ئەندامی ئەو رێككەوتنە، بەڵام پێناچێت سعوودیا رێگە بدات، چونكە سعوودیا پێیوایە ئێران سەرئێشەی بۆ دروست كردووە لە رێگەی گروپی چەكداری حوسییەكانەوە، بۆیە رێگە نادات ئێران بێتە ناو ئەو رێككەوتنەوە.