رۆژنامەی ھەولێر

ڕاهێنەر و شارەزای بواری مارکێتینگ و پەیوەندییەکان: لە هەرێمی کوردستان، چەمکی بازاڕگەری بە شێوەیەکی بەرچاو لە شێوازی کلاسیکییەوە بەرەو بازاڕگەریی دیجیتاڵی هەنگاوی ناوە

محەمەد لادێ – هە‌ولێر

بەیاد عەزیز، ڕاهێنەر و شارەزای بواری مارکێتینگ و پەیوەندییەکان لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا، ئەوەی خستەڕوو:” لەگەڵ فراوانبوونی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەکەکان لە هەرێمی کوردستان، چەمکی بازاڕگەری (مارکێتینگ) بە شێوەیەکی بەرچاو لە شێوازی کلاسیکییەوە (تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و فلێکسی سەر شەقامەکان) بەرەو بازاڕگەریی دیجیتاڵی (Digital Marketing) هەنگاوی ناوە. ئاماژەی بەوەیش دا: “ئێستاکە هیچ بزنس و براندێک ناتوانێت چاوپۆشی لە کاریگەریی ئەم کایەیە بکات، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم گەشەسەندنە خێرایەدا، بازاڕەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی وەک نەبوونی ستراتیژیی درێژخایەن، تێنەگەیشتن لە ئامرازە زانستییەکان و پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە ڕیکلامی کاتیی بووەتەوە.

دەرفەتی گەشەی بازاڕ و قۆناغی تێپەڕین دروست كردووە؟
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیا گەورەکان و تەنانەت پرۆژە بچووک و مامناوەندەکانیش بەشێکی بەرچاوی بودجەی ڕیکلامی خۆیان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (بە تایبەت ئینستاگرام، فەیسبووک، تیکتۆک و سناپچات) تەرخان کردووە. چوونە ناو ئەم بوارە دەرفەتی گەورەی بۆ براندە ناوخۆیییەکان دروستکردووە تا ڕاستەوخۆ بگەنە کڕیارەکانیان، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری بازاڕەکە چەمکی «دیجیتاڵ مارکێتینگ» تەنیا لە سپۆنسەرکردنی پۆست و دەرکەوتن لەگەڵ «ئینفلوێنسەر»ەکاندا کورت دەکەنەوە، نەک بەکارهێنانی شیکاریی داتا (Data Analytics)، بەهێزکردنی ماڵپەڕ (وێبسایت) و دۆزەرۆک (سێرچ‌ئینجن؛ SEO)، یان بەڕێوەبردنی کەمپەینی بەئامانجگیراو.

ئایا کێشەی بۆ تێگەیشتن و ڕۆڵی ئاژانسە تایبەتمەندەکان دروست كردووە؟
دروستبوونی دەیان ئاژانسی مارکێتینگ (Marketing Agencies) لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک نیشانەی زیندوویەتی ئەم کەرتەیە، بەڵام کێشەی سەرەکی نەبوونی ڕۆشنبیریی بازاڕگەرییە لەلایەن بەشێک لە خاوەنکارەکان. پسپۆڕانی بوارەکە پێیان وایە زۆرێک لە کڕیاران داوای «ئەنجامی خێرا و فرۆشی دەستبەجێ» دەکەن، بێ ئەوەی ئامادە بن براندسازی بکەن یان بە شێوازێکی زانستی داتاکانی بەکارهێنەران بخوێننەوە.

ژێرخانی دارایی و ئاستەنگە تەکنیکییەکان چین؟
جگە لە دیدگای بازرگانی، کێشەی تەکنیکی و شێوازی پارەدانی ئەلیکترۆنی هێشتا یەکێکە لە گرێکوێرەکانی بەردەم پێشکەوتنی تەواوەتی ئەم کەرتە. نەبوونی کارتی بانکیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی گشتگیر و کێشەی سنووردارکردنی بەشێک لە پلاتفۆرمەکان لە عێراقدا، وادەکات تێچووی کەمپەینەکان لە ڕێگەی دەستی سێیەمەوە زیاتر بێت و پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاینیش بە تەواوی ئۆتۆماتیکی نەبێت.
بازاڕگەریی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی تاقیکردنەوە دەرچووە و بووەتە پێویستییەکی حەتمی بۆ مانەوەی هەر بازرگانییەک لە ڕکابەریدا. بەڵام گەیشتن بە قۆناغی پێگەیشتن پێویستی بەوەیە کۆمپانیاکان تێبگەن کە مارکێتینگ تەنیا وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە داتا، ناسینی هەڵسوکەوتی کڕیار و بنیاتنانی متمانەی بەردەوام.

گەورەترین هەڵەی کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە بازاڕگەریی دیجیتاڵیدا چییە؟ بۆچی هێشتا پشت بە ئینفلوێنسەر دەبەسرێت لە جیاتی دروستکردنی کەمپەینی داتاتەوەر؟ چۆن دەکرێت بازاڕەکە لە ڕیکلامی هەڕەمەکییەوە بەرەو پڕۆفێشناڵبوون بچێت؟
گەورەترین هەڵە کە لە بازاڕی کوردستاندا لە بواری مارکێتینگدا دەکرێت ئەوەیە کە چالاکیی مارکێتینگ و ستراتیژی مارکێتینگ تێکەڵ دەکرێن. زۆرینەی بزنسەکان ئاستی کارمەند و ئاژانسەکانیش بە ژمارەی ناوەڕۆکەکانی سۆشیاڵ میدیا و چالاکییەکانی ڕۆژانەیان دەپێون، دەپرسن کە چەند ڤیدیۆیان دروست کردووە؟ چەند بڵاوکراوەیان “سپۆنسەر” کردووە و لەگەڵ چەند کەسایەتیی سۆشیاڵ میدیا ڕێک کەوتوون؟ هەموو ئەمانە کەرەستە و ڕێگان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی مارکێتینگ نەک خودی ستراتیژەکە بن. بزنسەکانمان پێویستە سەرەتا لە بازاڕ و کڕیار تێبگەن، پاشان بپەڕنەوە بۆ هەڵبژاردنی تاکتیکی گونجاو.
ئەو پشتبەستنە ڕەهایەش بە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سۆشیاڵ میدیا تەنیا ڕەنگدانەوەی جیاوازیی بازاڕ و کۆمەڵگاکەمانە بەروارد بە وڵاتانی دیکە. بازاڕی کوردستان لەچاو خۆیدا بچوکە و پەیوەندیی تاکەکەسی و ناسراوی زیاتر تیایدا سەنتەرە، وەک لە دامەزراوە و ڕێکەوتننامەی نووسراو. ئاشنایەتی و ناوبانگی باش بە ئاسانی دەکرێت شوێنی پلانی تۆکمە و سەرمایەی گەورە بگرێتەوە. تا ئێرە ئاساییە و بەکارهێنانی کەسایەتیی بەناوبانگی سۆشیاڵ میدیاش هەر مامەڵەکردنێکی واقعییانەیە لەگەڵ ئەو ڕاستییانەدا کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە کە خاوەنکار و کارمەندی مارکێتینگ ناوبانگی کەسایەتییەکان لەگەڵ کاریگەرییاندا تێکەڵ بکەن. هەر وشەی (Influencer) کە بە زمانی کوردی بە واتای کارتێکەر دێت بۆ ئەم مەبەستە بەکار دێت. ئەو کەسەی دەتەوێت کاری لەگەڵ بکەیت و ڕیکلامت بۆ بکات پێویستە ئەو توانای کارتێکردنەی هەبێت، نەک تەنیا ژمارە بێت و هیچی تر. هەبوونی ملیۆنێک شوێنکەوتە بە هیچ شێوەیەک مانای نزیکبوونەوە لە ملیۆنێک کڕیار نایەت.
هاوڕای ئەو گریمانەیەش نیم کە کارکردن لەگەڵ کەسایەتییە بەناوبانگەکان و مارکێتینگی داتا-تەوەر دوو بابەتی دژ بە یەک بن، بگرە پێویستە ئەم کارکردنە بەشێک بێت لە ستراتیژە گشتیرەکەی کارکردن بە داتا. هەموو تێگەشتنێکی مارکێتەرەکان لە جەماوەری کەسایەتییەکە و ناوبانگی لە بازاڕدا و توانای کارتێکردنی پێویستە وەک لێکدانەوەی داتا تەماشا بکرێن.
پێشخستنی بوارەکە پێویستی بە گۆڕینی دیدگای هەردوولای ئاژانسەکانی مارکێتینگ و خاوەنکارەکانیش هەیە. خاوەنکارەکان پێویستە زیاتر داوای بەرچاوڕوونیی ستراتیژی و ئەنجامی پێوانەکراو بکەن و ئاژانسەکانیش پێویستە تواناکانیان لە دەرەوەی دروستکردنی ڤیدیۆ و ڕیکلام پەرە پێبدەن. پێویستییەکی زۆرمان بە وەبەرهێنانە لە بوارەکانی توێژینەوەی بەکارهێنەر و تێگەشتن لە بازاڕ و پێوانەکردنی زانستی.
ئەوەی دیارە ئەوەیە کە بازاڕەکەمان لە کەسی کارامە و داهێنەری کەم نییە لە بواری مارکێتینگدا، بەڵکو کێشەکانمان لەوێوە سەریان هەڵداوە کە کەمترینمان کار لەسەر ستراتیژ دەکەین.

چۆن نەبوونی ژێرخانی بەهێزی پارەدانی ئەلیکترۆنی کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی مارکێتینگی دیجیتاڵی دروستکردووە؟ تا چەند پەرەپێدانی کەرتی بانکی و سیستمی گەیاندن یارمەتیدەر دەبێت لە تەواوکردنی زنجیرەی ئەم بازاڕەدا؟
مارکێتینگی دیجیتاڵی لە نەبوونی سیستەمێکی گشتگیری پارەدانی دیجیتاڵیدا هەرگیز ناگاتە ئەوپەڕی توانای خۆی و ئەو قازانجە گەورەیە ناگەڕێنێتەوە کە بە گشتی لە بارەیەوە دەدوێین. مارکێتەر دەتوانێت کەمپەینی گەورە بکات و بگاتە جەماوەرێکی ڕاستیش، بەڵام کە پرۆسەی پارەدانی دیجیتاڵی ئاڵۆز بوو، زۆربەی ئەو ماندووبوونانە بەفیڕۆ دەچن.
لە کوردستان کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەڕێی سۆشیاڵ میدیاوە بە ئاسانی دەناسێنرێن، بەڵام کە باسەکە دێتە سەر کڕین، کارەکە دەبێتە تەلەفۆن و نامە و ناونیشانی ئاڵۆز و تەکسی و کاش. ئەمەش بە گشتی بارگرانییەک دەخاتە سەر هەردوولای کڕیار و فرۆشیار کە لە کۆتاییدا لە خزمەتی پرۆسەی فرۆشدا نییە.
نەبوونی ژێرخانی پارەدانی دیجیتاڵی کێشەیەکی دیکەی هەیە کە بەپێی پێویست باسی لێوە ناکرێت، ئەویش بریتییە لە نەبوونی داتای پەیوەست بە مارکێتینگەوە. کاتێک کاڵایەک لە دەرەوەی ژینگەی دیجیتاڵی دەفرۆشرێت، بزنسەکان ناتوانن بە ئاسانی ئەو ڕیکلام و هەوڵانەی خۆیان بدۆزنەوە کە بووەتە هۆی ئەو فرۆشە دیاریکراوە، بەمەش بە ئاسانی لە کاریگەریی هەوڵەکانیان تێناگەن و زۆرکات لەخۆڕا بڕیار لەسەر ئەنجامی ڕیکلامەکانی خۆیان و ئەو ئاژانسانەش دەدەن کە کاریان بۆ کردوون، چونکە نەبوونی داتای باوەڕپێکراوی دیجیتاڵی ناچارت دەکات پشت بە ژمارەی بینەر و نامە تەلەفۆن ببەستیت کە بە ئاسانی لەڕێی ڕاستت دەر دەکەن.
سێکتەری بانکی و لۆجیستیک و کۆمپانیاکانی گەیاندنیش بەدەر نین لەم کێشەی نەبوونی ژێرخانەی باسی دەکەین. چاکسازی لەم بوارانەدا وادەکات بزسنەکان بتوانن بازاڕی ئۆنڵاینی ئاڵۆزتر دروست بکەن و جوگرافیایەکی گەورەتریان بۆ دەکرێتەوە و هەلی کاری زیاتریش دەڕەخسێنن. لێرەوە زیاتر لە گرنگیی پڕۆژەکانی بەدیجیتاڵکردنی کەرتی بانکی و هەوڵەکانی دیکەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت تێدەگەین.

زۆربەی بزنسە ناوخۆیییەکان گازندەی ئەوە دەکەن پارەیەکی زۆر دەدەن بە ڕیکلام بەڵام فرۆشیان زیادی نەکردووە؛ کێشەکە لە کەمیی بودجەیە یان لەوەیە کە بە ئامانجگرتنی دروست (Targeting) ناکرێت؟
دەکرێت بودجەیەکی باش خەرج بکەیت و کەسانی گونجاویش بەئامانج بگریت، بەڵام هێشتا کێشەی فرۆشت چارەسەر نەبێت. چونکە بودجە و بەئامانجگرتن تەنیا دوو فاکتەرن لە کۆی پرۆسەی مارکێتینگدا و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دووانە بەتەنها مەرج نییە بتگەیەنێتە دەرئەنجامێکی خوازراو. بودجە زیاتر وەک بڵندگۆ وایە، ئەو شتە گەورە دەکات کە خۆت ئەنجامی دەدەیت، ئەگەر سەرقاڵی ڕیکلامێکی هەڵە بیت، بە بودجەیەکی گەورەوە هەڵەکەت گەورەتر دەکەیت، واتا نەک زیادکردنی بودجەکە هەڵەکەت ڕاست ناکاتەوە، بگرە زیاتر بەلاڕێتدا دەبات.
بۆیە مارکێتەر پێویستە زیاتر لە سیستەمە گشتگیرەکەی بزنس تێبگات و بزانێت کە دەکرێت بەرهەمەکەی کێبڕکێکارێکی باش نەبێت، یاخود نرخێکی گونجاوی بۆ دانەنرابێت، یان ئۆفەرەکەی بەکەڵکی بازاڕ و کڕیار نەیەت، یاخود دەیان کێشەی دیکە کە وادەکەن کڕیار ئاوڕ لە بەرهەمەکەت نەدەنەوە. یەکێک لەو کێشانەی بەردەوام ڕووبەڕووی مارکێتەر دەبێتەوە ئەوەیە کە خاوەنکارەکان چاوەڕوانییان لە ڕیکلام و مارکێتینگ ئەوەیە کە ئەو کێشانەی لە بەشەکانی دیکەی بزنسەکەیاندا هەیە بۆیان چارەسەر بکەن. ڕیکلام دەکرێت وابکات خەڵک ناوی بەرهەم و براندەکەت فێربێت، بەڵام ئاسان نییە بتوانێت بیانکات بە کڕیار لە کاتێکدا بەرهەمەکەت نە پێویستی بێت لەلایان نە بەهایەکی مەعنەوییت پێدابێت.
هەروەها پێویستە جیاکاری بکەین لەنێوان کارکردن بۆ فرۆشی ساتی و مارکێتینگ بۆ داهاتووی براند. هەموو هەوڵێکی مارکێتینگ بۆ دروستکردنی فرۆش نییە لەمڕۆدا. بزنسە گەورەکان بەشێکی بودجەیان بۆ کارکردن لەسەر داهاتوو دەڕوات، ئەگەرچی هەڵمەتەکانی ئێستایان کاریگەریی کاتییان لەسەر فرۆشیش هەبێت.

گەورەترین هەڵە چییە کە بزنسەکان دەیکەن کاتێک گرێبەست لەگەڵ ئاژانسێکی مارکێتینگ دەکەن؟
گەورەترین هەڵە کە بزنسەکان دەیکەن لەکاتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئاژانسەکاندا بریتییە لەوەی خێرا دەپەڕنەوە بۆ ئەو چالاکییانەی ئاژانسەکە دەتوانێت بۆیان ئەنجام بدات و بیانژمێرێت، لەبری دەستخستنە سەر ئەو کێشانەی کە لە بزنسەکەدا هەن و ئاژانسەکە دەتوانێت بۆیان چارەسەر بکات. بۆ نموونە لەبری ئەوەی بڵێن “بەرهەمەکەمان خەڵکێکی کەم ناوی بیستووە” دێن دەڵێن “١٥ ڤیدیۆمان بە چەند بۆ دروست دەکەن؟” لەبری ئەوەی بڵێن “لە فڵان شار کێشەی گەیاندن و فرۆشمان هەیە” دەڵێن “گرافیک و ئینفلوێنسەر لای ئێوە چەندی دەخرێتەسەر؟”.
ئەم مامەڵەیە وادەکات هەموو گرێبەستێک لەگەڵ ئاژانسەکان ببێتەوە بە گرێبەستێکی دیکەی کڕین (procurement)، لەبری وەبەرهێنانی ستراتیژی. کۆمپانیاکە دەکرێت دانە دانەی ئەو ڤیدیۆ و گرافیکانەی بەدەست بگاتەوە کە لە گرێبەستەکەدا داوای کردوون، بەڵام یەک هەنگاویش لە ڕووی مارکێتینگەوە پێش نەکەوێت.
بزنسەکان پێویستە ئاژانسەکان لەسەر بنەمای توانای تێگەیشتنیان لە بازاڕ هەڵسەنگێنن. ئاژانسێک کە لە سەرەتاوە لەگەڵ داواکارییەکانت هاوڕا نییە؛ دەکرێت بەهایەکی زۆر زیاترت بۆ دابین بکات لەچاو ئاژانسێکی دیکەدا کە بۆ هەموو داواکارییەکت ‘بەسەرچاو’ێکی پێیە.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسیاریەتیی ئاژانسەکانیشە کە روون (شەفاف) بن و ڕاستگۆیانە و واقعیانە گرێبەست بکەن، نەک بەڵێنی فرۆشی زۆر و بینەری خەیاڵی بدەن و دواتر لە جێبەجێکردندا توانایان نەبێت.