رۆژنامەی ھەولێر

فیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین فیلمی لە میسر بەدەستهێنا

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

کورتەفیلمی (بێ ئاماژە)، لە نووسین و دەرهێنانی هێڤار عومەرە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “نەوەی ئێمە”، لە 14ی تشرینی یەکەم لە قاهیرەی وڵاتی میسر بەڕێوەچوو و چوار رۆژ بەردەوام بوو، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی بەدەستهێنا.

هێڤار عومەر، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە گوتی بۆ هەولێر : فێستیڤاڵی فیلمی نەوەی ئێمە، یەکێکە لە رووداوە فیلمییەکان کە فیلمە بەشداربووەکان لە وڵاتانی جیاوازەوە کۆدەکاتەوە و دەرفەت بۆ پیشاندانی بەرهەمە فیلمییەکان و ناساندنی توانای فیلمسازان دڕەخسێنێت. فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی 197 فیلم لە 15 وڵاتەوە، بەڕێوەچوو و توانیمان خەڵاتی باشترین کورتەفیلم بەدەستبهێنێن.
هێڤار سەبارەت بە کورتەفیلمەکە گوتی: کورتەفیلمی (بێ ئاماژە)، چوارەمین کورتەفیلمی منە، ماوەی فیلمەکە 12 خولەکە و بە مۆبایل وێنە گیراوە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات بەرهەمهێنانی فیلم تەنیا پەیوەست بە کەرەستە و تەکنیکی پێشکەوتوو نییە، بەڵکو بیرۆکە و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکیش رۆڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی بەرهەمە فیلمییەکاندا دەگێڕن.
سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە، هێڤار عومەر دەڵێت: چیرۆکی کورتەفیلمەکە لە شارێکدا روودەدات کە باڵەخانەکان بەردەوام بەرزتر دەبنەوە و بیناسازییەکان رووخساری شار دەگۆڕن. لە ناو ئەم گۆڕانکارییەدا، کەسێکی بەتەمەن هەوڵ دەدات گوڵەکانی خۆی لە تیشکی خۆردا بپارێزێت و پەرەیان پێ بدات، بەڵام بینا بەرزەکان رێگە لە گەیشتنی تیشکی خۆر بە شوێنی ژیانی ئەو دەگرن.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا: ئەم کێشەیە دەبێتە خاڵی دەستپێکی رووداوەکانی فیلمەکە؛ کەسە بەتەمەنەکە لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵ، بە تایبەتی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، هەوڵ دەدەن تیشکی خۆر بگەیەننە شوقەکەی. بەڵام لە رێگەی ئەم هەوڵەدا، رووداو و کێشەی جۆراوجۆر دروست دەبن و چیرۆکەکە ئاراستەیەکی جیاواز وەردەگرێت.
کورتەفیلمی (بێ ئاماژە)، لە نووسین و دەرهێنانی هێڤار عومەرە و بیرۆکەی سەرەتایی فیلمەکە لەلایەن یەحیا یەزدانی پوورەوە خراوەتەروو، حوسێن دۆسکی رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕێت و لە پاڵ ئەکتەرەکاندا، ئەکتەرێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە نەخۆشیی داونی هەیە، لەگەڵ سێ منداڵی دیکە بەشداریی لە فیلمەکەدا دەکەن. ئاریانیش کاری وێنەگرتنی ئەنجام داوە.