مەشخەڵ كەوڵۆسی
سەرجەم دەستكەوتەكانی كورد لە عێراقی دوای پرۆسەی ڕزگاری بریتییە لە چەند دێڕێك كە لەدەستوردا هاتوون و، تاكو ئێستاش نیوەی تەواوی و بڕگە سەرەكییەكانی نەك جێبەجێنەكران، بەڵكو بە ئەنقەست و بەگوێرەی بڕیاری پێشوەختەی سیاسی بەتەواوی فەرامۆشكراون و لەمپەری قورس بۆ جێبەجێكردنیان قوتكرایەوە. وەك مادەی 140 كە بەهیچ شێوەیەك دەرفەتی جێبەجێكردنی بۆ نەڕەخسا و دواتریش هێزە سیاسییەكانی عێراق شانازی دەكەن بەوەی ڕێگەیان لەجێبەجێكردنی مادەكانی دەستور گرتووە.
دەمەوێ بڵێم: وەنەبێ هەبوونی بڕگەی دەستوری بابەخێكی كردەیی و واقیعی بۆ دۆزی كورد هەبووبێت، بەڵام هەرچۆن بێت، لەڕووی مێژوویی و دۆكیۆمێنت و بەڵگەییەوە، هەبوونی ئەو بڕگە دەستورییانە نیشانەی شەرعیەتپێدان بوون بە دۆزی كورد و داخوازییەكانی و، لەسەروی هەمووشییەوە شەرعیەتی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان.
ئێمە هەر لەیەكەم چركەی بڕینی مووچە و بودجەی كوردستانەوە، لەوە دڵنیابووین كە ئەو فشارە سەرەتایەكی مەترسیدارە و ئامانج لێی ڕێگەخۆشكردنە بۆ قۆناغەكانی دیكە، سەرەتا ئەوەندە تاكی كورد هیلاك دەكەن، تاكو دوایی بتوانن بە ئاسانی ئینتیمای لێ بكڕن و بگاتە ڕادەیەك خەڵكی هەرێم جگە بژێوی منداڵەكانی هیچ بایەخێك نەدا بەپرسە گەورەكانی نەتەوەكەی.
بەردەوام لەهەرچی جێگە و دوانگەیەك بۆمان ڕەخسابێت، باسمان لەوە كردووە كە قۆناغەكانی داهاتوو، عێراق دەستكاری دەستور دەكات و پرسی فیدراڵی كۆتایی پێدێنێت و، لەكاتێكدا كوردیش ڕێگە بەو حاڵەتە نەدا و ڕازی نەبێت بەو گۆڕینەی دەستور، ئینجا بە بیانوی ئەوەی كورد یاخی بووە لەدەستور، هێزی سەربازی لەدژی كوردستان بەكاردەهێنرێت و، لە بەرنامەیەكی كوردستان 24 گوتم: ئەگەر عێراق بۆی بچێتە سەر، بێگومان فڕۆكەی عێراقی دەبینن هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆردوومان دەكات.
نەلەبواری سیاسەت و نەلەبواری زانستە مرۆییەكانی دیكەدا، هیچ بەڵگە و ئەنجام و هیچ لێكدانەوە وبۆچوون ودەرەنجامێك سەد لەسەد نین و، ڕەنگە بەڵگەی زۆر زیاتر هەبێت كە ئەم بۆچوون و بەرەنجامگیرییە ڕەت بكەنەوە، بەڵام سەرباری ئەو بەڵگانەش، ئێمە دەتوانین ڕیزێك بەڵگەی لۆژیكی و واقیعی بێنین لەسەر ئەوەی عێراق دەیەوێت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەستورەوە، پێگەی هەرێمی كوردستان نەك لاواز بكات، بەڵكو قەوارەكەش هەڵوەشێنێتەوە.
لەم ڕۆژانەدا دادوەر فائق زێدان بەلێدوانێك پرسی هەمواركردنەوەی دەستوری وروژاند و، لێدوانەكەی لەكوردستان وەك جۆرێك لە خورپە سەیركرا. كە ئەوە ناهەقییەكی گەورەبوو بەرانبەر بەخودی لێدوانەكە و ئەو دۆخەش كە هاتۆتە پێشەوەو، عێراقی هانداوە باسی ئەو بابەتە بكات. بەڵام بەشێكی ئەو ستەمەش لەئێمەمانان كرا كە چەندین ساڵە باس لەم قۆناغە دەكەین كە تیایدا عێراق دەستور دەگۆڕێت، چونكە وادیارە ئەو هەوڵ و خوێندنەوە بابەتییەی ئێمە نەكەس گوێی بۆ گرتووەو، نەكەسیشی ڕاچڵەكاندووە و نەبووەتە جێگە بایەخی هیچ لایەك. بۆیە ئێستا وەك ئەوەی یەكەمجار بێت باسی گۆڕینی دەستور بكرێت، میدیای كوردی و شرۆڤەكاران وەك پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراو باسی دەكەن.
لەم گازندەیەش بترازێت، پێم وایە لایەنی كورد دەبێت هەرچی زووە لەسەر ئەم دۆسییەیە كۆببێتەوە و كارتەكانی خۆی دیاری بكات و، بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەبێت، ئەگینا وەك كورد دەلێت: دەستی لەبنی هەمبانەكەوە دەردەچێت. ئەگەرچی ئەزموونەكانی ڕابردووش پێمان دەلێن: هیچ كەس گوێ بۆ ئەم هاوارەشمان ناگرێت و، دواجار زەنگی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم دەبێتە كارت و بەرنامەی سیاسی و بەغدا بێ ترس كاری لەسەر دەكات.

