عارف ڕوشدی
پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە پرسە هەرە هەنووکەیی و گرنگەکانی ئەم قۆناغە. چەند جارێکی دیکەش قسەم لەسەر ئەم پرسە کردووە، کە لە ئێستادا وەک پرسێکی نیشتمانیی چارەنووسساز دەیبینم، چونکە ئەم هەنگاوە نەک تەنیا خواستێکی ڕەوا و یاسایی تەواوی پێکهاتەکان و جەماوەری کوردستانە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ ڕێکخستنەوەی بونیادی سیاسی و کارگێڕیی لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵام وەک لە ڕەوشەکەدا دەبینرێت، هێشتا ڕێگری و کۆسپەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون و چوونە پێشەوەی پرۆسەکەیان خاو کردووەتەوە، هەڵبەت لەم خاوبوونەوەیە کێ بەرپرسیارە و کێ گرفت دروست دەکات، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە و پێویست بە باسکردن ناکات.
بەگشتی پرۆسەکە پەکی نەکەوتووە و هەوڵەکانیش بەردەوامن. هەمووانیش درک بەم مەترسییانە دەکەن، کە ئەگەری هەیە ببنە هەڕەشە بۆ سەر قەوارەکەمان، بۆیە هیواکان بەهێزن و کۆبوونەوە و پەیوەندییە تایبەتەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم قۆناغە چەقبەستووە بەردەوامن. لەگەڵ ئەم هەوڵانەشدا ئەرکی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەشە، بە زووترین کات ئەو لەمپەرانە لاببەن، ویست و بەرژەوەندییە بەرتەسکەکان وەلابنێن و هەوڵ بدەن ئەم پرسە چارەنووسسازە، وەک ئەرکێکی باڵای نیشتمانی یەکلایی بێتەوە. ئەرکێک کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک بێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دامەزراوەییبوون لە هەموو بوارێکدا.
بەڵام لە هەمان کاتدا ناکرێت بیشارینەوە کە گومانیش، گومان نەوەک یەقین، کە هەندێک هەوڵی نەرێنی و ژێربەژێر لە ئارادا بن، یان دەستێکی دەرەکی لە پشت پەردەوە کار بۆ دواخستنی زیاتری ئەم ئەرکە نیشتمانییە بکات. هەڵبەت ئامانج لەم جۆرە ئاستەنگانە تەنیا پەکخستنی دامەزراوە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکو خوڵقاندنی بیانوویەکە بۆ بەغدا بە مەبەستی زیانگەیاندن بە پێگە و قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕاگرتنی ڕەوڕەوەی ئاوەدانی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان. ئەم هەوڵانە، چ هۆشیارانە بن چ ناهۆشیارانە، مەترسی بۆ سەر دەستکەوتە مێژووییەکانی هاونیشتمانییانی ئێمە دروست دەکەن.
سەرەڕای ئەم گومان و ئاستەنگانە، من دڵنیام لەوەی هێزی چاکە و ڕەوتی نیشتمانپەروەر لە کوردستاندا هۆشیار و بێدارە. ئەم هێزە هەمیشە توانست و ئیرادەی ئەوەی هەبووە کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا سەرکەوتوو بێت و کۆسپەکان تێپەڕێنێت. پڕۆسەی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردن لە هەرێمی کوردستان بەم ئاستەنگانە ناوەستێت و لە هەڵکشان بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا، ژین و ژیاری خەڵکی کوردستان بەرەو سەرفرازیی زیاتر هەنگاو دەنێت، و سەرەنجام هەموو ئەو خەون و خواستە نەزۆکانەی کە دەیانەوێت پاشەکشە بەم هەرێمە بکەن، تووشی داڕمان و شکستی مێژوویی دەبنەوە. دواجاریش نیشتمان بە ئیرادەی دڵسۆزانی سەردەکەوێت و ئایندەش بۆ خەڵکە خۆڕاگرەکەی دەبێت.

