رۆژنامەی ھەولێر

مەکتەبی سیاسیی پ.د.ک یادی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بەرز ڕادەگرێت

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکی شایستە و پڕشکۆدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان یادی مامۆستای پارتایەتی، تێکۆشەر و سیاسەتمەداری بەناوبانگی گەلی کوردستان، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵای بەرز ڕاگرت.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی؛ فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی؛ وشیار زێباری، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی؛ عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان؛ بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی؛ نووسینگەی جێگرانی هێژای سەرۆک؛ ئەندامانی ئەنجومەنی تێکۆشەران؛ ژمارەیەک لە بەرپرسانی لق؛ خانەوادەی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا؛ بەرپرسانی حکومی و پەرلەمانتاران، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییەکان، فەرماندە تێکۆشەرەکان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و ڕووناکبیران بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، لە سەروویانەوە بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، دەستی پێ کرد.

دواتر، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، وتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی کرد. ناوبراو تیشکی خستە سەر وێستگە پڕ لە سەروەری، خەبات و تێکۆشانەکانی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا و جەختی لەوە کردەوە کە بەسەرکردنەوە و بەرزنرخاندنی خەباتی ڕابەران و تێکۆشەرانی وەکوو مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، ئەرکێکی مێژووییە بۆ پاراستنی مێژووی پڕ لە شانازیی پارتیمان.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە جەنابی سەرۆک بارزانی، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بە «مامۆستای پارتایەتی» ناساندووە. هاوکات باسی لەوە کرد کە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە ئەرکی خۆی دەزانێت کار لەسەر بەرهەمە فکری و دۆکیۆمێنتارییەکان لەسەر کەسایەتییەکی گەورەی وەکوو مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بکات.

پاشان، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بە ناونیشانی «مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستای پارتایەتی»، کە لە ئامادەکردنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بوو، نمایش کرا و تێیدا تیشک خرایە سەر قۆناغە سەخت و پڕبایەخەکانی ژیانی خەباتگێڕانەی ناوبراو.

دواتر، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا بە وردی باسی لە ژیان و کاروانی پڕ لە سەروەری و بەخششی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا کرد؛ ڕوونیشی کردەوە کە ناوبراو وەکوو ڕەمزێکی دیاری دڵسۆزی و بەرخودان، هەمیشە نموونەی باڵای کادری سەرسەخت و شۆڕشگێڕ بووە، کە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی ڕێبازی بارزانی و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان تەرخان کردبوو.

هەروەها ئاماژەی بە کاریگەریی قووڵی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا لەسەر ڕێکخستنەکان و پێگەیاندنی چەندین نەوە لە کادیران کرد و چەندین وێستگەی خەباتی بێوچانی لە ڕووی کارگێڕی و سیاسییەوە هەڵسەنگاند.

پاشان، فیچەرێکی پانۆراماییی وێنەیی پێشکەش کرا، کە تێیدا وێنە و بەڵگەنامە مێژووییەکانی ژیانی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا خرانە ڕوو و گێڕانەوەیەکی گرنگ بوو بۆ قۆناغە جیاوازەکانی تێکۆشانی.

لە بەشێکی دیکەی یادەکەدا، هونەرمەند ڕێبین جەمال بە بەرهەمێکی مۆسیقی و ژەنینی کڵارنێت، بەشدار بوو لە ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی شکۆمەند.

دواتر، کورتەیەک سەبارەت بە بەڵگەدارکردنی مێژووی حزبی و ناوەڕۆکی کتێبی «عەلی عەبدوڵڵا، ژیان و ڕۆڵی سیاسی و کارگێڕی» لەلایەن هاژە هەڵمەت تەلعەتەوە پێشکەش کرا، کە تیشکی خستە سەر لایەنە فکری و مێژووییەکانی بەرهەمەکە.

پاشان، وتاری بنەماڵەی خوالێخۆشبوو لەلایەن هەڵمەت عەلی عەبدوڵڵاوە پێشکەش کرا، کە تێیدا وێڕای دەربڕینی پێزانینی قووڵ بۆ ئەم یادە شکۆدارە، سوپاسی سەرکردایەتیی پارتی کرد بۆ ئەم وەفادارییە گەورەیە.

لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەشدا، کتێبی «عەلی عەبدوڵڵا، ژیان و ڕۆڵی سیاسی و کارگێڕی» پێشکەش بە ئامادەبووان کرا؛ وەکوو یادگارییەکی بەنرخ لەو یادە نیشتمانییە پیرۆزەدا، کە تێیدا ڕێز لە مێژووی پڕ لە شانازیی یەکێک لە تێکۆشەرە گەورەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان نرا.