بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێبەری ئەنجومەنەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس بە کۆی دەنگ پەسەند کرا، کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەیە لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی ستانداردە سزاییە کارپێکراوەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری یاسایی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە یاساییەکانی وەزارەت، گفتوگۆ لەبارەی ڕێبەری ئەنجومەنەکانی لێکۆڵینەوە کرا.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێبەری ئەنجومەنەکانی لێکۆڵینەوە، یەکێکە لە ڕێبەرەکانی ئۆپەراسیۆنی پۆلیس کە بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (1075) لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2025) دەرچووە و لە هەشت (8) ڕێبەر پێکهاتووە، ئەم ڕێبەرەش ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە ناو دەزگاکانی پۆلیس لە کاتی خزمەتدا ڕێکدەخات، لەوانەش وەرگرتنی وتە و گوێبیستنی شایەتحاڵەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: مەبەست لەم هەنگاوە ئەوەیە کە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، ڕێکارەکانی ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە یەکگرتوو و هاوتا بن، بەپێی ستانداردەکان لەگەڵ یاسا و ڕێکارە سزاییە کارپێکراوەکاندا.
دوای تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندن، ڕێبەری ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە بە کۆی دەنگی ئامادەبووان و بە جێبەجێکردنی هەندێک گۆڕانکاریی پێویست پەسەند کرا و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی دەربچێت و جێبەجێ بکرێت، شایەنی باسە نووسینەوەی ئەم ڕێبەرانە بەشێکن لە پڕۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئەنجام دەدرێت.

