رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژەکانی پاسەوان

ئاری ئاغۆک

 

کاتێ باس لە شانۆی زیندوو دەکەین دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە ئایا چۆن پەیوەندی نێوان جەماوەر و شانۆ پتەوتر بکەین؟ لەکاتێکدا هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن هۆڵی شانۆ پڕ بێ لە بینەر، بێگومان ئەم هەوڵەش پێویستی بە هەنگاو دوای هەنگاوە، یەکێک لەو ڕێگایانە بریتیە لەوەی کە (دەق) لە هەناوی واقیعی کۆمەڵگە دروست بێ و لەگەڵ کێشە و پرس و بابەتەکانی سەردەم بگونجێ.

-پاشان شانۆ ئەو کاتە زیندووە کە دوای نمایش پرسیار لای بینەر دروست بکات.
-هونەرمەند و ڕەخنەگر بۆچوونی خۆیان لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و سۆشیال میدیا بخەنەڕوو.
-یا لەدوای نمایش دیبەیت و گفتوگۆ دەربارەی بەرهەمی نمایش ئەنجام بدرێ.
بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ئەمانە بنەمایەکن بۆ بەهێزتر بوونی پەیوەندی نێوان شانۆ و بینەر.
لەم ڕوانگەیەوە کاتێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر – بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەماو شانۆی هەولێر، بڕیاریان دا کە شانۆ لە هەولێر گرنگی پێ بدات، سەرەتا بەناونیشانی (هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر) لە دوو ڕۆژدا دوو گفتوگۆی کراوەی ئەنجام دا، پاشان وەک چالاکی و کرداری لەدەسپێک دا لە شانۆی شەقام دەستی پێکرد، وێرای دەستخۆشی لە ستافی نمایشی (ڕووناکیەک خۆری ئاواکرد) بەڵام من پێم باش بوو ئەو نمایشە تەنیا بۆ یەکجار نمایش نەکرێ، لە کاتێکدا ئەکتەر هێندە ماندوو بوون و ئامادەکاریان کرد، تەنیا کۆمەڵە کەسێک بینیان و تەواو، بەڵکو لە چەند شەوێکی دیکە، لە (باغی شار، پارکی سامی عەبدولرەحمان و هەرشوێنێکی دیکەی جەماوەری خۆرسک) ئەوا کاریگەریەکی باشتری دەبوو، لەبەر ئەوەی من ئامادەی ئەو نمایشە نەبووم بۆیە ناتوانم خوێندنەوەی بۆبکەم، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی زۆری ئامادەبوان بەنمایشێکی باش و سەرکەوتویان باسکرد، ئەمە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە خوێندنەوەو تێڕوانینی خۆمی بۆ دەرببڕم بریتیە لە نمایشی (دڵسۆزی لە پەراوێزدا).

-دووەم ڕۆژی نمایش کاتژمێر ٤ و ٤٥ خولەک گەیشتمە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی سینەماو شانۆ، کاتێ لە دەرگا بچووکەکە دەمویست بچمە ژوور، گەنجێک بەخێرهاتنی لێ کردم و گووتی مامۆستا زەحمەت نەبی ئەو نمایشە بەبلیتە، منیش زۆر دڵخۆش بووم بەوەی وەک ڕێزێک بۆ خەمخۆری ئەو گەنجەو سەرجەم بەشداربووانی نمایش وەک هاندانێک و شکۆیەک بۆ شانۆ بەڕێزەوە بلیتم کڕی، لەگەڵ ئەوەی هەندێ لە برادەران بێ بلیت هاتنەژوور بەڵام وەک ووزە و ڕێزێک بۆ ئەو بڕە پارەیەی کە ناکاتە پارەی ئەو پیتزایەی کە منداڵەکانم لە درەنگ وەخت دا داوای دەکەن و دەبێ داواکەیان جێ بەجێ بکەم، بۆیە من هەمیشە لەگەڵ بلیتم، ئەوە وەک تێبینی و بەرچاوڕوونییەک بۆ هەمووان.
* ڕەهەندی دەق لە چەمکی دڵسۆزیدا
کاتێ پەیامی دەق لەڕێگەی نمایشی ئەکتەرەوە دەگوازرێتەوە بەر دیدی بینەر، بەر لە هەموو شتێک دەبێت دەق لەخزمەت بینەر دابێ، بەو واتایەی ئەو کاتە هەست بە دەقی زیندوو دەکرێ کە دیالۆگ ڕاستەوخۆ لەگەڵ زەین و دیدی بینەر بێت، لەگەڵ ئەوەی تێبینی و لاوازی لە هەندێ دیالۆگ و جارجارەش لاوازی ئەدای ئەکتەر و بەرلێککەوتنەکان بە ئاشکرا بەدی دەکرا، و هێڵی دەرهێنان دەکرا قوڵتر و ئیستاتیکیتر بێ، چونکە هەندێ جار بەر لەگوتنی دیالۆگ بینەر دەیزانی چ دەگوترێت و چ دیالۆگێک لەزار دەردەچێت، یا بەجولەیەکی ئەکتەر ڕاستەخۆ ماناو ڕووداوەکانی ئاشکرا دەبوو، لە کاتێکدا هەر جولەیەکی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ ماناو دەلالەتێکی خۆی هەیە، نەک بەسادەیی و تەنیا دەربڕینی دیالۆگ و بەس!!!.
بەڵکو ڕەهەندە هونەرییەکە پێویستی بە تەکنیکی هونەری زیاتر و فراوانتر بوو، چونکە لە دەق دا ڕووداوەکان هەڵبەز و دابەزی لێ بەدی نەکرا، بەڵکو بە یەک ڕیتم ڕووداوەکان دەستنیشان کرابوو، بەڵام ئافەرین بۆ ئەو کۆمەڵە گەنجە، لە بەرانبەر خۆشەویستییان بۆ شانۆ و هونەر و هەولێر، هەوڵیان دا ببنە بەشێک لەو ڕێگایەی کە ناونراوە ( ئاسۆی بوژاندنەوە) ئەوا لەسەر ووزەو هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان دڵسۆزانە و بوێرانە هاتنە سەرتەختەی شانۆ و وێرای تێبینی و کەم و کوڕی هونەری بەڵام بوێرانە گوتیان ئێمەش هەین!!!.

-بۆیە لێرەدا شرۆڤە هونەرییەکەم دەگەڕێنمەوە سەر (دەق) گرنگی و بەهێزی و دەستنیشانکردنی بابەتێکی گرنگی سەردەم وەک دەقێکی خۆماڵی جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە کە لەسەردەمی قەیرانە یەک لەدوایەکەکانی ژیان و کۆمەڵگا و جیهان، بەڵام لەبەر ئەوەی خەونی گەورەو عەشقێکی لە ڕادەبەریان بۆ شانۆ هەیە ئەوە جێگەی ئومێدی گەورەی دواڕۆژن، بۆیە لەسەر دەق دەوەستین و بەڕوانینێکی ئەدەبی و هونەری دەگەڕێینەوە سەر دەسپێکی نمایش و کاتێ پاسەوان باس لە چیرۆکی ٣٠ساڵەی تەمەنی لە نێو مۆزەخانە و بە هۆی خانەنشین بوونی ئەوا دوایین ڕۆژی ئاماژە پێ دەکات، لەگەڵ ئەوەی لە دیالۆگی دەسپێکدا، کۆتایی و چارەنووسی پاسەوان ڕوون بوو کە خوداحافیزی بە نابەدڵییە! هەر زوو بینەر ئەو وێنەی بەدی کرد، لەکاتێک دا دەبوایە خاوەن دەق قوڵتر لەو بابەتەی بڕوانیبا تاوەکو زوو هەست بەو دەرەرنجامە نەکەین، بە ئاماژەدان بە ژماردنی کلیل و کە هەر کلیلێک گوزارشتێک بوو لە دەرگایەک، بەڵام خودی کلیل گوزارشتەکانی فرە لایەنە وەک( هێمایەک بۆ گەڕان بە دوای ژیانی نوێ، کردنەوەی کۆدی خەمەکان، نهێنییەکی بە جێماو، گومان و هەڵبژاردنی ڕێگایەکی نوێ) بۆیە دەکرێ نیشاندانی سێ کلیل سێ ڕەهەندی قوڵی کۆمەڵایەتی و خێزانی و کەسی لە خۆ بگرێ، سێ دەیە خزمەتکردن لە مۆزەخانە گوارزشتە لەوەی مرۆڤە دڵسۆز و بە ئەمەکەکان لە هەر شوێنێک بن، ئەگەر چی لە بەرانبەر مووچە و بژێوی ژیان ئەم کارو خزمەتە دەکەن، بەڵام لە بەرانبەر دا خاوەن کار هەمیشە بە چاوێکی نامۆ و بە مرۆڤێکی پلە دوو سەیریان دەکات، ئا لێرەدا جیاوازییە چینایەتیەکە بەدی دەکرێ، بۆیە پاسەوان هەر لەگەڵ دەسپێکی دەرکەوتنی ریتمێکی غەمگین و ماتەمی لێ بەدی کرا، ئیتر لێرەوە وێنە گەورەکە و گرێ دەروونیەکی ئەکتەرانی دیکە دەست پێ دەکات، لەگەڵ ئەوەی هەر چوار ئەکتەر (نووسەر، شانۆکار، شێوەکار، مۆسیقاژەن) وەک پەیکەرێک بەدی دەکرێن، بەڵام هێندەی نابات ئەوانیش دەئاخڤن !!! هەرچەند شتێکی نامۆ و جیاواز نەبوو، چونکە بینەر هەستی دەکرد ئەوانیش بەشێک دەبن لە گەیاندنی دیالۆگ و جولە، ئیدی هەر یەکەیان دەست بە دیالۆگ و نواندن دەکەن، سەرەتا بەلای پاسەوان شتێکی سەیر بوو، بەڵام لەتاو ئازاری جێهێشتنی مۆزەخانە هەر زوو پاسەوان ئەو حالەتەی بیرچۆوە و بووە بەشێک لە بەریەککەوتن و دیالۆگی توندی پڕ لە یاخی بوون.

-شانۆکار بە گلەیی خود دەست پێ دەکات کە ئایا ئەو (هەیە) یا (نیە) بۆیە کاتێ دەڵێ (من هەم یا نيم) هەموو ئارێشە و کێشەکانی ژیان و دەورووبەری لێ بەدی دەکرێ، ناچار بە وەرس بوونێکی ئەبەدی دیالۆگ دوای دیالۆگ، پەیامەکان دەخاتەڕوو ئینجا گفتوگۆ توندەکانی ڕوبەڕووی پاسەوان دەکاتەوە، لە بەرانبەردا پاسەوانیش بۆ بەتاڵبوونەوەی خەمەکانی خود و نزیک بوونەوەی لە خانەنشین بوون، بە دیالۆگی توندترو ئاگرین وەڵامی دەداتەوە، بەڵام دواجار هەر هەموویان دەبنە ئەو تابلۆ دەستکردەوی کە کلیل و کۆدەکەی لای خاوەن مۆزەخانەیە!.

-شێوەکار بە تێڕامانێکی قوڵ لە نێودنیای ڕەنگستان دا دەیەوێ ئەو وێنە تەواو نەکراوە کۆتایی پێ بهێنێ، کە هەر ڕەنگێکی لە گۆشەیەک دۆش داماون، لەگەڵ هارمۆنیەتی بێ دەنگی خۆی و هاواری پاسەوان دا، ناچار ئەویش لە چوارچێوەی ئەو پەیکەرە بێ دەنگیە دەردەچێت و دێتە قسە، لە هەر دیالۆگێک دا ڕەشە خەمێک، لە هەر جولەیەک دا ئێش و ئازارێک نیشان دەورووبەر دەدات، تا دواجار ئەویش دەبێتە یەکێک لەو پارچە شکاوانەی سەر تەختەی شانۆ کە کۆمەڵە ئاریشەیەک دەخاتەڕوو.

-لەدواوە لە لای دەستە چەپ کارەکتەرێک خۆی وگیتارەکەی دەستی، بە ڕۆڵبینین بە مۆسیقاژەنێکی یاخی، جار جارە بەریتمێک پێمان دەڵێت منیش لێرەم، لەگەڵ ئەوەی درەنگ هاتە قسە، تەنیا وەک پەیکەرێک و لێدانی چەند ئاوازێک، ئارێشەو خەمەکانی ئەویش لە فۆڕمی نمایش دا زوو بەدی کرا، بینەر هەستی بەوەکرد ئەویش یەکێکە لەو ریتمە جیماوانەی ژیان کە لە تەمەنێکی (پەراوێزخراو) دا، (دڵسۆز) بۆ کار و پێشە و بەهرە و تواناکانی خۆی، دواجار ئەویش بەکۆمەڵە کێشەیەکی خود و ژیان، دەربڕینەکانی پێگوتین.

-لە پێشی پێشەوەش لای دەستە ڕاست، لەسەر مێزێکی کاغەزی و لەسەر کورسیەکی ماندوو و هیلاک، کارەکتەرێک بە ڕۆڵی نووسەر لەنێو جیهانێکی پڕ لە ووشە و نووسین و کتێب و کاغەزدا، بە لوولدان و فڕێ دانی چەند کاغەزێک هەڵچوونی ناخ و بیرکردنەوەی نووسەر، لای بینەر بەدی کرا.
دەتوانین بڵێین سەرنجراکێشترین گۆشەی تەختەی شانۆ ئەو گۆشەیەی نووسەربوو، چ وەک سینۆگرافیا چ وەک ئەکتەر و ڕۆڵبینین و گفتوگۆ ئاگرینەکانی، کە دواجار ئەویش بەشێک بوو لەو دەرهاوێشتە یاخیانەی کە دیالۆگە ئاگرینەکانی لە قالبی پەیکەری دەرهێناو هاتە قسە.

-لەگەڵ ئەوەی دەنگێکی غەریب بە ئاوازێکی ناسک و جولەیەکی ئیستاتیکی بە دەنگی کارەکتەرێکی کچ ڕۆحیەتێک درایە نێو نمایش هەم بۆ بینەر چێژێکی دەروونی هەبوو، هەم بۆ ئەکتەرانی سەرتەختەی شانۆ وەک پشوێکی کورت، توانرا چنینێکی درامی دروست بێت و لەدوورەوە گوێبیستی دەنگ و ئاوازێکی نزیک بین، کە پێم وایە یەکێک لە جوانییەکانی نمایش وەک لێکبەستانەوە ڕۆحی و هونەریی نێوان بینەر و نمایش بوو.

– خاوەن مۆزەخانەش لە دەسپێک و کۆتایی ڕەهەندی نمایش و دەق و فەلسەفی درامی نیشان داین و کە وەک کارەکتەری گرنگی دەق، وەک دەستنیشانکردنی بابەت و ئاریشەکانی سەرەتا و کۆتایی خستەروو.

-پاسەوان، وەک کارەکتەرێکی دیاری نێو نمایش لەگەڵ یەکەم دیالۆگ تا دوایین دیالۆگ، بە وێنە و ئەدایەکی هونەرییانە هەوڵی دا و ئەوەندەی لە توانای دابوو ڕاستگۆیی ژیانی کەسە ماندوو و دڵسۆزەکانی نیشتیمان ئەوانەی بەدرێژایی تەمەن بەیەک ڕوویی خزمەت بە خاک و نیشتیمان دەکەن نەک بە (دوو ڕوویی) ، دواجار کە بەرەو خانەنشین بوون دەچن، لەبڕی مەدالیای ڕێزلێنان کەچی بەشێوەیەکی سادە و ساکار دواین ڕۆژی تەمەنیان بەڕێ دەکەن !!! کاتێ کە ژیانئاوایی دەکەن، دەسەڵات بڕیار دەدات پەیکەرێکی وەفادارییان بۆ دروست بکەن، بەڵام کە لەژیان دابوون بە نیو دێر ڕێزیان لێناگرن، ئەمە دەمانباتەوە سەر ئەو قسە جوانەی د. عەلی شەریعەتی کە دەڵێ:
دوێنێ دراوسێکەمان لە برسا مرد! کەچی ئەمڕۆ کەسوکاری لە پرسەکەیدا چەندین مەڕیان سەربڕی!!!.

*ژێدەر:
شانۆیی: دڵسۆزی لە پەراوێزدا.
نووسینی: نوح شاخەوان.
ئەکتەرەکان: شێرکۆ نەژاد، ئومێد حەمە ساڵح، ئەحمەد ڕەشید، دانیار ئەبوبەکر، ڕێکان لوقمان، دەروون طالب.
دەرهێنەر: شێرکۆ نەژاد.
ڕۆژانی نمایش: ٢٦ تا ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٦
شوێن: هۆڵی سەفوەت جەراح.