ئارام کۆشکی – هەولێر
هونەری نووسینی ڕۆمان، یەکێکە لە هونەرە بەربڵاوەکانی ئێستای دونیای ئەدەبیات، چ لە جیهان و چ لە هەرێمی کوردستان. زۆرن ئەو کەسانەی خەونی نووسینی ڕۆمانیان هەیە، کە بێگومان خەونێکی ڕەوایە، بەڵام هونەری ڕۆماننووسین تەنها لە هونەری گێڕانەوەدا کورت نابێتەوە. ڕۆمان هونەرێکی مۆدێرنی فرەدیوو و فرەتوێیە، بۆیە پێویستی بە فرەمەعریفەیی و شارەزایی و ئەزموونی زۆر هەیە. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت کە بڵێم هونەری ڕۆماننووسین، یەکێکە لە سەختتریین ئەو هونەرانەی نووسین، کە نووسەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ڕەنگە لە ڕووکەشدا هەست بکرێت، کە هونەرێکی ئاسانە، بەڵام لە واقیعدا یەکێکە لە هونەرە سەختەکان.
بێگومان کاتێک باسی سەختی ئەم هونەرە دەکەم، مەبەستم ترساندنی هیچ نووسەرێک نییە، کە خەونی ئەوەی هەبێت ڕۆمان بنووسێت، بەڵام ئەمە ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بزانین لەبەردەم چ هونەرێکداین. ئەگەر هونەرەکانی دیکەی نووسین بە سەرکەوتن بەسەر گردێکدا بشوبهێنین، ئەوان دەشێ هونەری نووسینی ڕۆمان وەکو سەرکەوتن بەسەر شاخێکی سەختی پڕ لە هەڵدێردا بچوێنین، کە پێویستمان بە کەرەستەی جۆراوجۆر دەبێت و لە هەر قۆناغێکی کارەکەدا پێویستمان بە جۆرێک لە کەرەستەیە، کە ڕەنگە پێشتر بیرمان لێ نەکردبێتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا گەلێک نووسەرم بینیوە، کە خەونی نووسینی ڕۆمانیان هەبووە و بەشێکیان نووسیویانە، بەڵام تا هەنووکەش جورئەتی ئەوەیان نەبووە بڵاوی بکەنەوە، نەک لەبەرئەوەی ڕۆمانەکان خراپن، بەڵکو لەبەرئەوەی خۆیان خوێنەرێکی باشی ڕۆمانن و دەزانن ئەوەی کردوویانە لەئاستی سەختی و گەورەیی ئەم هونەرەدا نییە، بۆیە بڵاویان نەکردووەتەوە، بەشێک لەو نووسەرانە کە هاوڕێمن هەر وازیان لە نووسینی ڕۆمان هێناوە، چونکە وشیارییەکەیان سەرتر کەوتووە و ئەوەیان بۆ ڕوون بووەتەوە، کە ناتوانن بەسەر هەموو پنتەکانی ئەم هونەرەدا زاڵ بن.
دەشێ ئێستا بپرسین بۆ ئەوەی لەم هونەرە سەختە شارەزابین دەبێت چی بکەین؟ سەرەتا وەکو گوتمان ئەم هونەرە فرەدیو و فرەتوێیە، بۆیە پێویستی بە مەعریفەیەکی گشتی و هاوکات پێویستی بە زانیاریی گشتی و تایبەتیش هەیە. بۆ دەستکەوتنی ئەمانەش پێویستمان بە خوێندنەوەی بەردەوامی بەرهەم و ئەزموونی ڕۆماننووسانی دیکە هەیە، دەشێ بەرهەم و ئەزموونی ئەوان ئیلهامبەخشی دۆزینەوەی دونیایەکی نوێ بێت. ئەمە بێجگە لە ئاگاداربوون لە تیۆری ڕۆمان و ئەو شەپۆل و قوتابخانانەی کە دونیای ئەم هونەرەیان فراوان کردووە. ئەمە بێجگە لەوەش دەکرێت گوێ لەو ڕێسایانەش بگرین کە هەندێک لە ڕۆماننووسان بۆ نووسەرانی دوای خۆیان وەکو ڕێنمایی خستوویانەتەڕوو. لێرەدا پێمباشە شەش ڕێسای تایبەتی نووسەری ناوداری ئینگلیزی “جۆرج ئۆروێڵ” بۆ خوێنەر بگوێزمەوە، کە لەدوای خۆی بۆ ڕۆماننووسانی بەجێهێشتووە، کە ئەمانەن:
یەک: هەرگیز لە مێتافۆر و چواندن و بە گشتی هونەرەکانی گوتاربێژی، کە بە بینینیان ڕاهاتوون لە کتێبەکاندا، کەڵک وەرمەگرن.
دوو: کاتێ وشە و ڕستەی کورت بوونی هەبێت بۆ گەیاندنی مانا، لە وشە و ڕیستەی دوور و درێژەکان خۆتان بپارێزن.
سێ: وشەی زیادە لابدە؛ ئەگەر وشەیەک دەکرێت لە تێکستەکەدا نەبێت و هیچیش ڕوو نادات بە لابردنی؛ لایبەن.
چوار: ڕوون بنووسە؛ تا کاتێ فەرمانی ڕوون بوونی هەیە، لە فەرمانی ناڕوون دوور بکەونەوە.
پێنج: زمانی ڕوون بەکاربهێنە؛ لە دەستەواژە بیانییەکان، زانستی، یان وشە تایبەتەکان، خۆ بە دوور بگرن. سوود لەو وشانە وەربگرن کە لە زمانی ڕۆژانەدا بە کار دێن.
شەش: هەر کام لەم یاسایانە ئەگەر بە کەڵکتان نەهات و ئەگەر زانیتان ڕاست نییە، وازی لێ بێنن.
ئەگەر لەم ڕێسایانە وردبینەوە، دەبینین ئەمە تەنها چەند ڕێساگەلێکی تەکنیکین، بەڵام هونەری ڕۆمان تەنها لەمەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو هونەری ڕۆمان سەرەتا بەندە لەسەر ئەوەی چی دەگێڕینەوە؟ ئایا ئەو چیرۆکەی دەیگێڕینەوە چ تایبەتمەندییەکی هەیە وا بووەتە جێگەی پرسیار بۆمان و تا بیگێڕینەوە و خوێنەری پێوە سەرقاڵ بکەین. کەواتە دەبێت جۆرێک لە “ئاوارتەیی/تاقانەیی لە چیرۆکەکەدا” هەبێت. واتە ناکرێت لەڕێی چیرۆکێکی زۆر بیستراو، یان دووبارەوە بمانەوێت دەست بە گێڕانەوە بکەین. یان ڕووداوێک کە هەموان دەزانن چۆن بووە ئێمە بێین و وەکو خۆی جارێکی دیکە بیگێڕینەوە، تەنها لەپێناو بەڵگەمەندکردنی. هونەری ڕۆمان؛ تەنها هونەری بەڵگەمەندکردنی ڕووداو و کارەساتەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ بەڵگەمەندکردندا، هونەری پێشکەشکردنی زیادەیەکە بۆ سەر ئەو ڕووداوە، یان بینینی ئەو ڕووداو و کارەساتەیە لە گۆشەیەکی نەبینراوەوە.
بۆ ئەوەی مەبەستی ئەم بەشەی نووسینەکە ڕوون بکەمەوە دەکرێن نموونە لەسەر کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە بهێنینەوە، کە دوو کارەساتی تراژیدی مێژووی نوێی کوردە، بەڵام چۆن دەتوانرێت کەڵک لەم کارەساتانە وەربگیرێت لەنێو دەقێکی گێڕانەوەییدا، ئایا گێڕانەوە دەقاودەقی ڕووداوەکان هیچ خزمەت دەکات، بێگومان نەخێر، چونکە بە هەزاران شێوە ئەم کارەساتانە گێڕدراوەتەوە و پێویست بە گێڕانەوەی نوێ نییە، بەڵکو پێویستمان بە پیشاندانی ئەم کارەساتانەیە لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە. تەنها هەموو کارەساتی ئەنفال لە ڕووداوەکانی عەرعەر و بردنی گوندنشینەکان بە زیل و ئیڤا بۆ نوگرەسەلمان، یان کورتکردنەوەی کارەساتی هەڵەبجە بۆ هەڵمژینی بۆنی سێو و قوربانیبوونی پێنج هەزار کەس. ئەم دوو ڕووداوە دوو لە گەورەترین کارەساتەکانی جینۆسایدکردنی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن، پیشاندانی ئەم کارەساتانە پێویستە ئەگەر لە ئاستی کارەساتەکە گەورەتر نەبێت لانیکەم لە ئاستی کارەساتەکەدا بێت. هونەری ڕۆمان لێرەدا وەزیفە سەرەکییەکەی دەکەوێتە کار، کە بتوانێت پنتی شاراوە بۆ کارکردن و پیشاندانی کارەساتەکان بدۆزێتەوە.
هەمیشە لە بەرامبەر کارکردن بۆ کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە نموونەی کارەساتێکی وەکو “هۆلۆکۆست” دەهێنرێتەوە، کە چۆن ئەو کارەساتە، کە هیچی گەورەتر نییە لە ئەنفال و هەڵەبجە و هەر پراکتیزەکردنی جینۆسایدە بە واقیعی، بەڵام دەبینین کە نووسەرانی ئەوروپی چۆن گەورەیی و ڕووە تراژیدییەکانی هۆلۆکۆس پیشاندەدەن، کە هەر جارێک و لە گۆشەیەکەوە ڕوویەکی تراژیدی هۆلۆکۆست دەبینین. بۆیە لێرەدا پێداگرانەتر دەڵێین هونەری ڕۆمان هونەری کەشفکردنی ڕووە پەنهانەکانی کارەساتەکانە. خۆ ئەگەر ڕۆماننووسێک نەیویست لەسەر کارەساتە دیارەکان کار بکات، لەوێشدا ئەم پێناسەیە بە جۆرێکی دیکە خۆی نوێ دەکاتەوە و دەشێ بڵێین؛ هونەری ڕۆمان هونەری پیشاندانی دیوە پەنهانەکانی هەر ژیانێکە کە کاراکتەرگەلێک تێیدا دەژین.
هونەری ڕۆمان، هونەرێکە کە بەتەنها بە بەهرە نانووسرێت، ڕەنگە بەهرە ڕۆڵێکی سەرەتایی هەبێت لە کۆمەککردنی نووسەردا، بەڵام ئەوەی ڕۆمانووسێک دەوڵەمەند دەکات تەنها بەهرە نییە، بەڵکو ئەزموون و وردبوونەوە و خوێندنەوەی بەردەوام و نزیکییە لەو جیهانەی دەیەوێت کاری لەسەر بکات، ئەم نزیکییە دەبێتە یەکێک لە کلیلەکانی سەرکەوتنی ڕۆماننووس. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ هەمیشەیی پێداگریی لەسەر بکەم ئەوەیە کە هونەری ڕۆمان تەنها هونەری گێڕانەوە نییە، بەڵکو هونەرێکە کە فیکر و فەلسەفە تێیدا ئاوێتەن، هاوکات مێژوو و زانست، بە هەمان شێوە ئەوانیش ئاوێتەی دەبن، ئەمە بێجگە لەوەی بڕوابوون بە ئازادی تاک، بە ئازادی کاراکتەر یەکێکە لە ڕێسا هەرە گرنگەکانی ئەم هونەرە. ئەگەر نووسەرێک بڕوای بە ئازادی تاک نەبێت، ناکرێت کە ڕۆمانی نووسی لافی ئەوە لێ بدات کە لەم هونەرە شارەزایە. ڕۆماننووسێک نەتوانێت ڕایخۆی نەسەپێنێت، سەرکەوتوو نابێت. هونەری ڕۆماننووسین، هونەری پیشاندانە، هونەری حوکمدان نییە، واتە ڕۆمانووس بۆی نییە حوکم بدات و بۆ نموونە “ئەلف” وەکو بێتاوان پیشان بدات و “ب” وەکو خوێنڕێژ و تاوانبار، بەڵکو ئەرکی ڕۆمانووس پیشاندانی “ئەلف”ـە وەکو ئەوەی هەیە و لەنێو دونیای ڕۆمانەکەدا دەژی. هەر چۆن، “ب”ش بە هەمان شێوە دەبێت بە هەمان شێوەی کارکردن و بێلایەنییەوە ژیانی ئەویش پیشان بدرێت. ڕۆماننووس لەنێو ژیانی کاراکتەرەکاندا لایەندار نییە، بەڵکو لەو جیهانەی دروستی دەکات بەرپرسیارە. واتە ناتوانین ڕۆماننووس بەرامبەر قسەی کاراکتەرەکان بەرپرسیار بکەین، بەڵام دەتوانین بەرامبەر ئەو جیهانەی دروستی کردووە بەرپرسیاری بکەین، ئایا چ جیهانێکی بونیاد ناوە؟
بێگومان حوکمدان لەسەر ئەو جیهانەی ڕۆماننووس دەیخولقێنێت ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە وردبوونەوە و خوێندنەوە هەیە بەپێی ئەو پەیامەی کە دەقەکە لە کۆدا هەڵگرییەتی.

