یانەی دهۆک بەهۆی قەیرانی دارایی مەشقەکانی وەستاوە و یارییە دۆستانەکەی دوێنێشیان بەرامبەر گازی باکوور هەڵوەشایەوە. یاریزانانی یانەکەش لە رێگەی رۆژنامەی هەولێرەوە رایدەگەیەنن دۆخی یاریزانەکان زۆر خراپە و ئەگەر بە هانایان نەچن رۆژ بە رۆژ ئاستی یانەکە و ژیان و گوزەرانی یاریزانەکان بەرەو دۆخێکی خراپ دەڕوات.
بایکۆت لە یانەی دهۆک دەستیپێکرد
یاریزانانی دهۆک بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد، کاتپنی یانەکەش بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند 62 رۆژە یاریزانەکانی رازیکردووە بۆ ئەوەی بایکۆتی راهێنانەکان نەکەن، دەشڵێت: یاریزانەکان لەوە زیاتر ناتوانن ئارام بگرن و بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە راهێنانەکان تاوەکو شایستە داراییەکانیان وەرنەگرن.
یانەی دهۆک ئەم وەرزە لە ڕووی ئاست و ئەنجامەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دۆخێکی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕووی دۆخی داراییشەوە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی هەولێر یاریزانانی دهۆک بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان 3 رۆژە بایکۆتی راهێنانەکانییان کرد کە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەیار ئەبوبەکر کاپتنی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند 62 رۆژە یاریزانەکانی راگرتووە بۆ ئەوەی بایکۆتی مەشقەکان نەکەن، دەشڵێت: لەوە زیاتر نەمتوانی رازییان بکەم و هیوادارم کێشەی شایستە داراییەکانی دهۆک چارەسەر بکرێت.
یاریزانانی دهۆک بۆ خەرجی رۆژانەیان پارە لە یەکتری قەرز دەکەن
سەفا هادی، ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند یاریزانانی دهۆک بۆ خەرجی رۆژانەیان پارە لە یەکتری قەرز دەکەن، دەشڵێت: یاریزانێکی بەڕازیلی یانەکەمان یەک دیناری پێنەبوو، من پارەم بە قەرز پێیدا بۆ خەرجیی رۆژانەی.
سەفا هادی گوتیشی: دەمەوێت لێرەوە هاندەرانی یانەکەمان ئاگادار بکەمەوە، ئەگەر دۆخی ژیان و گوزەرانی یاریزانەکان باش نەکرێت ئەنجامەکانمان خراپتر دەبێت و نابێت گلەیی لە ئێمەش بکەن.
لە نێوان خۆیاندا پارە بۆ یەکتر کۆدەکەنەوە
مەناف یونس یاریزانی یانەی دهۆک لەم هاوینە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی لە مۆندیالی 2026 کرد سوێند دەخوات کە یاریزانەکان لە نێوان خۆیاندا پارە بۆ یەکتر کۆدەکەنەوە.
مەناف یونس دەشڵێت: ههرچهنده ئهم قسهیه ناخۆشه، بهڵام سوێند بهخوا یاریزانمان ههیه له نێوان خۆمان پارهمان بۆ كۆكردووهتهوه, تهنیا بۆ ئهوهی دوو سێ رۆژێك بهو پارهیه ژیانی خۆی بهرێبكات.
مەناف یونس گوتیشی: ئێمە لە نێو گەرمەی رکابەرییەکان داین، ئومێدی زۆر گەورەمان هەیە، بەڵام بەو بێ پارەییە ناتوانن بەردەوامی بدەین بە رکابەرییەکان.
عەگیدەکەی دهۆک ئامادەیە بەبێ پارە یاری بۆ دهۆک بکات
سیابەند عەگید، بەرگریکاری دیاری یانەی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند ئامادەکارییەکی باشیان کردووە بۆ ئەوەی دۆخی تیپەکە باشتر بکەن، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوە هیچ گرەنتییەک نادەن،
عەگیدەکەی دهۆک دەشڵێت: دۆخی ئێمە زۆر خراپە و کەس لێمان ناپێچێتەوە، من خەڵکی شارەکەم و ئامادەم بەبێ پارە یاری بۆ دهۆک بکەم بەڵام یاریزانە بیانی و پیشەگەرەکان هاواریان لێ هەستاوە و بەرگەی ئەو قەیرانە ناگرن
سکرتێری یانەی دهۆک: ئاو و کارەبا لەسەر یاریزانەکان دەبڕن
جاسم محەمەد حاجی، سکرتێری یانەی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەک مووچە تەنانەت نەیانتوانیوە پارەی چێشتخانە و هۆتێلی یاریزانەکانیش بدەین.
دەشڵێت: لەم رۆژانە ئەگەر پێڕانەگەیشتبام یاریزانێکی یانەکەمان لە شوقەکەی دەردەکرا، خاوەنی شوقەکە ئەم هەفتەیەی کردووەتە دوایین مۆڵەت، ئەگەر پارەیان بۆ نەبەین ئاو و کارەبایان لەسەر دەبڕن و یاریزانەکان لە شوقەش دەردەکەن.
دهۆک لەبەردەم بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دایە
بایکۆتی مەشقەکانی دهۆک لە کاتێکدایە، یانەکە رۆژی 9ـی ئەم مانگە لەبەردەم یارییەکی چارەنووسساز دایە کە بڕیارە لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی زەورا بکات، لە ئەگەری هەر ئەنجامێکی خراپ رەنگە دهۆک بە فەرمی بڕیارە قورسەکەی بدات و گرێبەستی یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی بەداداچوونەکانی رۆژنامەی هەولێر تێچووی ئامادەکردن و دروستکردنی تیپی یانەی دهۆک بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیشتووەتە سەرووی 7 ملیار دینار.
یانەی دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی 8 یاری تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 6 بەرامبەربوون و شکستێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت.
یانەی دهۆک 56 ساڵ لەمەوبەر بە دیاریکراوی لە ساڵی 1975 دامەزرا، یانەکە نازناوێکی خولی ئەستێرەکانی عێراق و نازناوێکی جامی عێراقی بەدەستهێناوە و جارێکیش بووەتە پاڵەوانی چامیۆنزلیگی کەنداو.

