رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی پیرۆزبایی فازڵ میرانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان

بەڕێزان بەڕێوەبەر و كارمەندانی ئیزگەی دەنگی كوردستان
ڕێز و سڵاو…

لە (٦٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی «ئیزگەی دەنگی كوردستان -دەنگی پێشمەرگە و شۆڕشی كوردستان-گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و لە هەموو ئەو تێكۆشەرانە دەكەم كە بە درێژایی دەیان ساڵ خزمەتیان لەم دەزگا تێكۆشەرەدا كردووە.
ئیزگەی دەنگی كوردستان، سەرچاوەیەكی بڕواپێكراو و گرنگی هەواڵەكانی شۆڕش و چالاكییەكانی پێشمەرگە بوو؛ سەنگەرێكی ڕاگەیاندنی بەهێز بوو كە شوورەی تەمومژی چەواشەكاریی ڕژێمی دەبەزاند و دەنگوباسی شۆڕش، خەباتی پێشمەرگە و پەیامی ڕەوای نەتەوەكەمانی بە خەڵكی كوردستان لە هەموو شار و گوندەكان و بە ڕای گشتیی عێراق و ناوچەكە دەگەیاند.
میدیای ئەمڕۆی پارتیمان، كە بووەتە خاوەن سەنگ و سەكۆیەكی دیاری داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ نەوەكانمان، ڕەگی بەرهەمداری دەچێتەوە سەر «دەنگی كوردستان» وەك یەكەمین كەناڵی بیستراوی شۆڕش. ئەمەش شانازییەكی گەورەیە بۆ كارمەندانی ئێستای ئیزگەكە و سەرجەم ئەو تێكۆشەرانەی كە بەشێك بوون لەم كاروانە مێژووییە.
هیوای گەشە، پێشكەوتنی بەردەوام و سەركەوتنی زیاتر بۆ «دەنگی كوردستان» دەخوازم.

فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی