رۆژنامەی ھەولێر

ھەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە گەیشتە ٤٢٠ ھەزار بەرمیل

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاشکرای کرد، تێکڕای ھەناردەکردنی ڕۆژانە لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت، ئەمە لە کاتێکدایە ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە گەیشتە ٤٢٠ ھەزار بەرمیل، مانگانە ملیارێک دۆلار بۆ عێراق دابین دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ھاتووە، وەزارەتی نەوت ئارەزوو دەکات ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بەوەی لە لایەن ھەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو کراوەتەوە، دەربارەی گەیشتنی ھەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، ئەو چوار ملیۆن بەرمیلە تەنیا بۆ یەک ڕۆژی ھەناردەکردن تۆمار کراوە، لە ئەنجامی ئەنجامدانی ھەناردەکردنی بڕێک لە نەوتی خاو لە لایەن کۆمپانیای کۆکردنەوەی نەوت “سۆمۆ” لە دەرەوەی تەنگەی ھورمز، کە کەشتییەکە بارکرابوو بە نەوتی خاوی گەیارە، سەرباری بڕەکانی دیکەی بارکراو بۆ ھەناردەکردن و فرۆشتن لە بەندەرەکانی باشووردا، ھەروەھا بڕە ھەناردەکراوەکان لە دەروازەی باکوورەوە، کە بەپێی خشتەی بارکردن و دوای تەواوبوونی بڕە ئابوورییەکان کە شیاوی بەرزکردنەوەبن بە کەشتییە نەوتییەکان بار دەکرێن.
جەختی کردووەتەوە، تێکڕای ھەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی خاوی عێراق لە میانەی مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەھۆی بارودۆخی ئێستا و بەردەوامیی داخرانی گەرووی ھورمزدا پەرۆشین بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەکانی ھەناردەکردن و زیادکردنی داھات بۆ گەنجینەی گشتی.
ھەناردەی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو لە ڕێی بۆڕیی کوردستانەوە بەرزبووەتەوە، ڕێژەکەی گەیشتووەتە ٤٢٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بۆڕیی نەوتی کوردستان بووەتە شادەماری ئابووری عێراق و بەشێکی ھەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە ئێستا بەو بۆڕییەدا ھەناردە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان لەو ٤٢٠ ھەزار بەرمیلە، ٢٣٠ ھەزار بەرمیلی بەرھەمی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانە، جگە لە ٥٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە بۆ پێداویستی ناوخۆ گل دەدرێتەوە، ١٨٠ ھەزار بەرمیلی دەچێتە ناو خەزێنەی عێراقەوە، ھاوکات لەو ڕێژەیە بڕی ٤٠ ھەزار بەرمیلی نەوت بەرھەمھێنراوی کێڵگەکانی کەرکووکە، ئەویتر لە باشووری عێراقەوە بە تانکەر دەھێنرێتە کەرکووک و لەڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی کوردستانەوە ئێستا داھاتێکی گرنگی ڕۆژانەی عێراقە، مانگانە دەکاتە نزیکەی ملیارێک دۆلار، ئەوە جگە لەوەی بەشێک لە غاز و کارەبای عێراقیش لە کوردستانەوە دابین دەکرێت.