ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
هەستكردن بە ئازار لە جومگەی مەچەكدا ڕێگرە لە ئەنجامدانی چەندان كاری ڕۆژانە؛ بە هۆی ئەوەی نەخۆش توانای بەكارهێنانی ئاسایی دەستی لەدەست دەدات، سەردانیكردنی پزیشكی پسپۆڕ دەبێتە پێویستییەكی حەتمی بۆ ڕێگری لە ئاڵۆزكاوتربوونی دۆخەكە.
هۆكارەكانی دروستبوونی ئازار
د. هیشام عەزام، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسك و جومگە و پەلەكان ڕوونی دەكاتەوە كە ئازاری مەچەك چەندین هۆكاری هەیە، وەك: هەوكردن و خنكانی ژێیەكانی بزوێنەری پەنجەكان، شكانی فەرامۆشكراوی ئێسكی ناوچەكە، كەموكوڕی لە لوولەی خوێنی ئێسكی هیلالی، پچڕانی بەستەری نێوان هەردوو ئێسكی زەورەقی و هیلالی، یان پێكانی كڕكڕاگەی ناوخۆی جومگەكە.
چەند هۆكارێكی تریش دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم گرفتە:
• هەوكردنی ژێیەكانی دەوروبەری جومگە
• بوونی گرێی پاك (ناشێرپەنجەیی) لە ئێسكی مەچەكدا
• پچڕانی بەستەرەكانی دەوری جومگە
• هەوكردنی پۆشەری سینۆڤیاڵ بەهۆی نەخۆشییە خۆبەگرییەكان یان ڕۆماتیزم
• خنكانی دەماری ناوەندی یان دەماری زەندی
هاوكات د. محەمەد حەسەن، مامۆستای نەشتەرگەریی ئێسك لە زانكۆی ئەسكەندەرییە ئاماژە بەوە دەكات، پێكان لە كاتی وەرزش یان كاركردندا کە دەبێتە هۆی چەمانەوەی توندی جومگەكە، هۆكارێكی سەرەكییە. هەروەها بەكارهێنانی بەردەوام و لەڕادەبەدەری دەستەكان، وەك تایپكردنی زۆر بە كیبۆرد، بەكارهێنانی بەردەوامی مۆبایل و، كاری دەستی بە تێپەڕینی كات دەبێتە هۆی داخوران و پەیدایشی ئازار.
دەستنیشانكردن و مەترسیی فەرامۆشكردن
دەستنیشانكردنی سەرەتایی پشت بە پشكنینی كلیینكی دەبەستێت. پاشان پزیشك پەنا بۆ وێنەی تیشكی (X-ray)، دەنگدانەوەی موگناتیسی (MRI) یان ناوبینی (ئەندۆسكۆپی) دەبات تا هۆكاری ورد دیاری بكات.
مەترسییەكە لەوەدایە كە زۆر كەس لەبری سەردانی پزیشك، پەنا بۆ ئازارشكێن دەبەن. ئەم فەرامۆشكردنە نەخۆشییەكە قووڵتر دەكاتەوە تا دەگاتە ئاستی پێویستی بە نەشتەرگەری بۆ چەسپاندنی یەكجارەكیی جومگەكە. ماندووكردنی دەست دەكرێت ببێتە هۆی هەوكردنی دەمار و ماسوولكەكانی باسك، سڕبوون و مێروولەكردنی پەنجەكان و تەشەنەسەندنی ئازار لە ئانیشكەوە تا پەنجەكان، لەگەڵ لاوازبوونی تەواوەتیی هێزی دەست.
ڕێگاكانی چارەسەر
ڕێگەی چارەسەركردن بە گوێرەی هۆكار و ئاستی پێكانەكە دیاری دەكرێت:
•دەرمان: وەرگرتنی دژەهەوكردن، ئازارشكێن و بەهێزكەری دەمارەكان
• چارەسەری سروشتی و لەگەچگرتن: بۆ پشوودان و گەڕاندنەوەی جووڵەی سروشتی
• نەشتەرگەری یان ناوبینی: بۆ چاككردنەوەی بەستەر، لابردنی گوشاری سەر دەمارەكان یان چەسپاندنی ئێسكەكان
ئەو ئازارەی بە هۆی زۆربەكارهێنانی دەست دروست دەبێت، پێویستی بە پشوودانی تەواو هەیە بۆ ماوەی لانی كەم شەش هەفتە. بەردەوامبوون لە ماندووكردنی دەست دەبێتە هۆی داخورانی كڕكڕاگەی جومگە و لەدەستدانی توانستی دەست، كە لە كۆتاییدا حاڵەتەكە دەكاتە گرفتێكی درێژخایەنی بێچارەسەر مەگەر لە ڕێگەی دەستێوەردانی نەشتەرگەرییەوە بێت.

