رۆژنامەی ھەولێر

وێرانەی دەروون لە نێوان جەنگ و دیکتاتۆریەتدا ڕۆمانی گەمەی تەرمتەرمینە

خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
نووسینی: کاروان عومەر کاکەسوور
یەکێکە لەو ڕۆمانانەیە بە قووڵی دەچێتە ناو ناخی مرۆڤی کوردەوە لە سەردەمی جەنگ، ئاوارەیی، ژێردەستەیی سیستەمە تۆقێنەرەکاندا. ئەم ڕۆمانە گەشتێکی ئاڵۆزی دەروونی و فەلسەفییە، تێیدا سنوورەکانی نێوان واقیع و خەیاڵ، ڕابردوو و ئێستا. نووسەر لە ڕێگەی تەکنیکێکی گێڕانەوەی جیاوازەوە، خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ ناو گێژاوی بیرەوەرییەکان و ئەو ئازارانەی جەنگ و چەوساندنەوە بەسەر تاکەکاندا دەسەپێنێت.

چوارچێوەی سەرەکیی ڕۆمانەکە لە دۆخێکی نائاسایی و پڕ لە کارەساتدا دەست پێدەکات، پاڵەوانی ڕۆمانەکە لەژێر گەرمایەکی تاقەتپڕووکێنی مانگی ئابدا، بەناو ئاپۆرای خەڵکێکی ئاوارە و ڕاونراودا هەنگاو دەنێت. ئەم خەڵکانە لە دەست هێرشی چەکدارەکان ڕادەکەن و بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەڕۆن. لەم دۆخە سەختەدا، پاڵەوانەکە ئەرکێکی سەیر و قورسی خستۆتە سەر شانی خۆی، لە لایەکەوە پاڵ بە کورسییەکی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە دەنێت، کە پیرەمێردێکی لەسەرە، لە لایەکی تریشەوە سەگێکی بە ناوی (داندۆ) لەناو قەفەزێکی تەختەدا هەڵگرتووە. ئەم دیمەنە سەرەتاییە هێمایەکە بۆ ئەو بارە قورسەی، کە مرۆڤ بەسەر شانیەوەیەتی. پیرەمێردەکە مێژوویەکی نادیار و بێدەنگە، سەگەکەش (داندۆ) هێمایەکە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە سۆزدارییەی پاڵەوانەکە نایەوێت دەستی لێ هەڵبگرێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی گیانی خۆیشی بێت. گۆزە بچووکەکەی لای پیرەمێردەکە کە شلەیەکی نادیاری تێدایە، دەبێتە مەتەڵێکی گەورە لە کۆتایی گەشتەکەدا، کاتێک پاڵەوانەکە لەوپەڕی تینووێتی و بێهێزیدا لێی دەخواتەوە و هەستێکی سەیری پێدەبەخشێت، هاوکات بۆی دەردەکەوێت پیرەمێردەکە گیانی لەدەست داوە.
سێبەری دەزگای (فاتفات) و تێکشکانی خێزان
ئەم گەشتە سەختەی سەر شەقام، تەنها ڕووکەشی ڕۆمانەکەیە. لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا، پاڵەوانەکە بەناو زاکیرەی خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە بۆ ڕابردوویەکی پڕ لە زەبروزەنگ. ڕابردوویەک، لەژێر سێبەری دەزگایەکی هەواڵگریی تۆقێنەردا بە ناوی (فاتفات) بەسەر براوە. خێزانی پاڵەوانەکە خێزانێکی تێکشکاوە، باوکی کەسایەتییەکی کۆمۆنیست بووە، لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستگیر کراوە و بێسەروشوێن کراوە. ئەم لەدەستدانە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی خێزانەکەدا. دایکی پاڵەوانەکە، وەک دەردەکەوێت ناچار بووە پەیوەندییەکی نهێنی و مەترسیدار لەگەڵ ئەفسەرێکی باڵای دەزگای (فاتفات) دروست بکات بۆ پاراستنی خێزانەکەی. ئەم حاڵەتە گەورەترین کاریگەریی دەروونی لەسەر پاڵەوانەکە جێدەهێڵێت، بەردەوام هەست بە چاودێرییەکی ورد دەکات، پێیوایە تەنانەت کچانی گەڕەک و قوتابخانەش سیخوڕن بەسەریەوە. ململانێی دەروونیی پاڵەوانەکە کاتێک دەگاتە لوتکە، کە دەبێتە یاریزانێکی لێهاتووی تێنس. بەڵام تەنانەت ئەم پەناگەیەشی لێی تێکدەچێت کاتێک کوڕە شەقاوەیەکی گەڕەک بە ناوی (دلۆلۆ چوارکچانی) هەڕەشەی ئاشکراکردنی نهێنییەکەی دایکی لێ دەکات ئەگەر یارییەکەی لێ نەباتەوە. ئەم هەڕەشەیە پاڵەوانەکە ناچار دەکات بۆ هەمیشە دەستبەرداری ڕاکێتەکەی ببێت، کە ئاماژەیە بۆ دۆڕاندنی ئیرادە و تەسلیمبوون بە ترس.
گۆڕانکارییە دەروونی و سوریالییەکان، ڕەهەندێکیتری ئەم ڕۆمانە، پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان پاڵەوانەکە و برایەکی هەڵگیراوەیە بە ناوی (ئایاژیا نانا). ئایاژیا سەرەتا وەک منداڵێکی زۆر ناسک و لاواز وێنا دەکرێت، تەنانەت ناتوانێت بەتەنیا بخەوێت، دواتر گۆڕانکارییەکی گەورە و چاوەڕواننەکراو بەسەر ژیانیدا دێت و ڕوو دەکاتە شاخ بۆ ناو شۆڕش. ئەم وەرچەرخانە پاڵەوانەکە تووشی شۆک دەکات. هاوکات، وێناکردنی دایک لەلایەن پاڵەوانەکەوە وەرچەرخانێکی دەروونیی ترسناک بەخۆیەوە دەبینێت. لە ئەنجامی ئەو فشارە دەروونییانە، پاڵەوانەکە لە خەیاڵ و وڕێنەکانیدا دایکی دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە مارمێلکە، یان پێستی تووشی ڕزین دەبێت و زیندەوەر و مێروولە بەسەریدا دەڕۆن. ئەم وێناکردنە سوریالییە دەربڕینێکە بۆ ئەو شیبوونەوە دەروونییەی، کە سیستەمی تۆقێنەر لەناو خێزاندا دروستی دەکات.
مۆتیڤی ئەلبوومی وێنەکان و گەمەی تەرمتەرمینە، ئەلبوومی وێنەکان مۆتیڤێکی زۆر بەهێزە لەم ڕۆمانەدا، بەجۆرێک نووسەر ڕۆمانەکەی دابەش کردووە بۆ سەر چەندین ئەلبووم لە جیاتی بەش. پاڵەوانەکە پێیوایە وێنەکان مرۆڤ دەکوژن و خەڵکی لەناو ئەلبوومەکاندا دەنێژرێن، ململانێکە تەنیا لە نێوان مرۆڤ و وێنەدا نییە، بەڵکو لە نێوان گۆڕ و ئەلبوومیشدایە.
لەلایەکی ترەوە، ناونیشانی ڕۆمانەکە (گەمەی تەرمتەرمینە) ئاماژەیە بۆ یارییەکی سەیر، کە دایکیان فێری کردوون، کاتێک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆن و تەرمی کوژراوەکان دەبینن، دایکیان فێریان دەکات وا خۆیان پیشان بدەن، کە نەیانبینیون بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە نەبنەوە. لە ماڵەوەش مافوورەکان لوول دەکەن و یاری بەوە دەکەن، چۆن بەناو تەرمەکاندا بڕۆن بێ ئەوەی بەریان بکەوێت. ئەمە بەرزترین ئاستی تراجیدیایە، کە تێیدا مەرگ و بینینی تەرم دەبێتە یارییەکی ڕۆژانەی منداڵان. تەکنیکی گێڕانەوە
تەکنیکی گێڕانەوەی ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی کاروان عومەر کاکەسوور ڕاناوی کەسی دووەم (تۆ)ی بەکارهێناوە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان، وەک (تۆ دەترسایت، تۆ دەزانیت). ئەم تەکنیکە خوێنەر وا لێدەکات ئەو تەنگژە دەروونییانە هەست پێبکات. هەروەها گێڕانەوەکە هێڵی نییە بە شێوەی شەپۆلی هۆشە لە نێوان ڕاکردنی سەر شەقامەکە و یادەوەرییەکانی ڕابردوو هاتوچۆ دەکات. گەمەی تەرمتەرمینە: ڕۆمانێکە سەبارەت بە داڕمانی مرۆڤ لەبەردەم ئامێرە گەورەکانی جەنگ و ستەمکاریدا. نووسەر لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ڕیالیزم و دەروونناسییەوە، وێنەیەکی سامناکی کۆمەڵگەیەکمان نیشان دەدات، کە تێیدا مەرگ دەبێتە یارییەکی ئاسایی و زیندوەکان لەناو ئەلبوومی وێنەکاندا دەنێژرێن.
  جۆری ڕۆمانەکە
بەپێی پێکهاتە و شێوازی گێڕانەوەکەی، ئەم بەرهەمە دەچێتە خانەی ڕۆمانی دەروونی و پاشنوێخوازییەوە. ڕۆمانەکە تێکەڵەیەکە لە تراجیدیای سیاسی، ترسی ئەمنی، وێرانبوونی خێزان. نووسەر زۆر بە ڕوونی کار لەسەر شیکردنەوەی دەروونیی کەسایەتییەکان دەکات لە سایەی سیستەمێکی تۆقێنەردا (دەزگای فاتفات) ئەو کاریگەرییە خاپوورکەرەی، کە جەنگ و دەسەڵات لەسەر ناخی تاکەکان جێی دەهێڵن.
ڕۆمانەکە بە زمانێکی ورد و پڕ لە وێنەی خوازەیی قووڵ نووسراوە، بەتایبەتی بەکارهێنانی مێتافۆڕی ئەلبوومی وێنە وەک گۆڕستانێک بۆ یادەوەری و مرۆڤەکان، کە داهێنانێکی سەرنجڕاکێشە لە گێڕانەوەدا. نووسەر زۆر بە باشی توانیویەتی وێنای کەشێکی پڕ لە پارانۆیا و ترس بکات، ئەو ترسەی، کە چۆن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دەچێتە ناو وردترین وردەکارییەکانی ژیانی خێزانێکەوە، منداڵەکانیان لێ دەکاتە سیخوڕ، متمانەی مرۆڤایەتی بەتەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە.
کارەکتەری سەرەکی لە نێوان بەرپرسیارێتییەکی سادەی ناوەختدا ڕزگارکردنی سەگێک و پیرەمێردێک و بارگرانییەکی گەورەی دەروونیی ڕابردوودا گیری خواردووە، ئەمەش درزە دەروونییەکانی مرۆڤی سەردەمی جەنگ بەتەواوی نیشان دەدات. شێوازی بازدانی کات لەنێوان قەیرانی هەڵاتن لە جەنگەکەی ئێستا و گەڕانەوە بۆ یادەوەرییە تاریکەکانی منداڵی، خوێنەر دەخاتە ناو هەمان ئەو گێژاوە دەروونییەی کە کارەکتەرەکە تێیکەوتووە. ئەم ڕیتمە ئاڵۆزە خاڵی بەهێزی ڕۆمانەکەیە وا دەکات خوێندنەوە پێویستی بە تێڕامان و هاوسۆزییەکی قووڵ بێت.

سەرچاوە
کاکەسوور، کاروان عومەر، ٢٠٢٦. گەمەی تەرمتەرمێنە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی