خوسرهو جاف
چەندان جار گوزەرم كەوتبووە خان مەرجان، پێش ئەوەی ئەو خانە بكرێتە جێگە و شوێنێكی شەوانەی كەلتووری. لە ڕووی تەلارسازییەوە پڕە لە زەرافەت، بەتایبەت گومەتە لوولەییەكەی وەك دەوارێك هەڵدراوەتە سەر دوو نهۆمدا نهۆمی دووهەم بە هۆی باڵكۆنێكەوە دەڕوانێتە سەر زەوی نهۆمی یەكەمدا و بە دەرگای دوورەكانی نهۆمی دووهەم بەسەر ئەو دوو باڵكۆنە درێژەوەن.
زەرافەتكاریی كەرپووچ وەك نمای ناوەوەی ساختمانەكە جوانكاریی زۆری تیادا کراوە. ئەگەرچی زەمان لە یەك دوو لاوە درزی بە بنمیچەكەی كردووە باوەك دەوڵەت كۆشاوە درزەكانی بشارێتەوە، بەڵام بە لای منی تەلارسازەوە درزەكەم وەك خۆی دەدی.
خان مەرجان یەكێكە لە شاكارەكانی هونەری ئیسلامی سەردەمی جەلائیرەكان، كە پاشماوەی دەستەڵاتی مەغۆلین.
شوێنەکە “ئەمینەدینی مەرجان” دروستی کردووە، كە بۆ خۆی لە سەرەتاوە یەكێك بووە لە كۆیلەكانی “معێزەدینی كوڕی حەسەنی جەلایر”. ئەمینەدین بە نوێنەرایەتیی معێزەدین حوکمی شاری بەغدای كردووە.
لە شاری بەغدایدا كاری تەلار و مزگەوت و خانی زۆری خستووە و خەڵكی شاری بەغدا زۆریان خۆش ویستووە و پاڵپشتییان لێی كردووە و هەر ئەو پاڵپشتییەی بووەتە هۆی ئەوەی ساڵی ٧٣٨ـی کۆچی لە ئاغاكەی یاخی ببێ كە ” معێزەدینی كوڕی حەسەن جەلایر” بووە.
لە سەردەمی سەلاتینی عوسمانیدا شەقامی “الرشید” لە لایەن یەكێك لە پاشاكانی عوسمانی بە ناوی “خەلیل پاشا”وە دروست كراوە و بەناوبانگ بووە بە ناوی “خەلیل پاشا” جادەسی.
خان مەرجان و مزگەوتی مەرجان پێكەوە بوونە، شەقامی ڕەشید بە ناوەڕاستیاندا گوزەراوە.
ساڵی ٧٩٥ـی کۆچی كاتێك تەیموورە شەل بە لەشكرێكی جەبار و خوێنخۆرەوە شاری بەغدا دەگرێت، هەرچی وردە دەستەڵاتی سەردەمی مەغۆل لێرەولەوێ مابوونەوە، هەموویان لەناو براون. یەكێك لەو دەستەڵاتانە، دەستەڵاتی جەلایرەكان بووە.
ئەوی خوێندتەوە مێژووی خان مەرجانە، لە هەشتاكاندا كرابووە ڕستۆرانێكی كەلتووری شاری بەغدا. خزمێكم هاوڕێیەكی ئەڵمانی هاتبوو بۆ شاری بەغدا داوەتی بۆ كرد و منیشی داوەت كرد بۆ خان مەرجان. ئیدی ئەو شەوە و مۆسیقا و هونەرمەند لەمیعە تۆفیقی گۆرانیبێژ لە كەللەی سەر دەیقیڕاند. نازانم خەتای ئامێرەكانی دەنگ بوو، دەنگی ” لەمیعە تۆفیقی” ترسێنەر كردبوو، یان ساختمانەكە دەنگی دەدایەوە یان لەمیعە تۆفیق ڕێزی لە سەردەمی پیریی خۆی نەگرتبوو… ئەوەی لە تیپەكەیدا سەرنجی ڕاكێشابووم ” هونەرمەند” شعووبی بوو، تا كوێر نەبووبوو سەرپەرشتیی ئەو تیپەی دەكرد و ئامێری “جۆزە”ی ئەژەنی، خوا هەڵناگرێ وەستاكارانە دەیژەنی.
بەڵێ بەندە لەگەڵ هەشت نۆ كەسدا بووم، هەموومان ئەهلی خواردنەوە بووین، زۆرتر فكرم بەلای ڕابردووی خان مەرجانەوە بوو، كە چۆن لەوێڕا كۆیلە وەك ئاژەڵ لە گۆشەیەكدا خراونەتە بەر تەماشا و دەیانفرۆشن، ئیتر دەیانمدی لە چ غەم و پەژارەیەكدان؛ چەندان جار میواندارەكەم هانی خواردنەوەی دام و گوێم لێ نەبوو تا قیڕاندی: كوڕە ئەمە تۆ لە كوێی؟
وتم: تۆ ڕابردووی ئەم خانە دەزانی؟
وتی: ماڵت ئاوا بێت لەو بەزمانە گەڕێ، شەوێكە و دەیبەینە سەر، بۆ ئازاری خۆت دەدەیت؟
بە ڕوخساری كابرای ئەڵمانیدا دەركەوتبوو ئەویش وەك من لەو دەنگە هەراشە ناسازەی لەمیعە تۆفیق پەریشان بووە، خۆم پێ ڕانەگیرا ڕووم كردە كابرای ئەڵمانی و وتم: ئەوە من خەڵكی ئەم وڵاتەم و بەو دەنگە یەكجار ناڕەحەتم، دەبێ تۆ چ وەزعێكت هەبێت؟
كابرای ئەڵمانی قاقا پێكەنی و وتی: ئەگەر تۆریستێك دەتانەوێ ڕاوی نێن و هەرچی زووترە تا وڵاتەكەتان بەجێ بهێڵێت، بیهێنن بۆ ئێرە.

