ئاری ئاغۆک
لە دنیای ئەدەبیاتدا، هەر وەرزێک لای شاعیر ڕیتم و ڕەنگ و دەنگ و هەست و بیرکردنەوەیەکی جیای هەیە، وەرز تەنیا تێپەڕینی کات نیە، بەڵکو بەشێکە لەو ژینگە دەروونیەی کە تێیدا دەژیێت، یا ئەوسا، یان ئێستا، دەبێتە بەشێک لە گێڕانەوەی حیکایەتی تەمەن، بۆیە کاتێ سەیری دەقە شیعرەکانی شاعیران دەکەین لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکان، ئەوا وەرز بۆتە کەرستەی نووسینەکانیان، کە هەر شاعیرێک بە جۆرێک هەستەکانی دەربڕیوە، کاتێ گەشتێک بە نێو وەرزەکان دەکەین بۆمان ڕوون دەبێتەوە (وەرزی پاییز) سەرقافلەی وەرزەکان و پێشەنگی نێو دنیای شیعرە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاییز خۆی لە خۆی دا بریتییە لە وەرزێکی پڕ ڕەنگ و هارمۆنی، وەرزی ووزەی عەشق و جوانی، کە زۆربەی شاعیرانمان لە نێو فۆڕمی جودایی و دابڕان و مەرگ و چاورڕوانی و، هتد، گوزارشتەکانیان دەردەبڕن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە بەداخەوە زۆربەی شاعیران هەر بەو وەرزە دەوێرن، ئەو خەم و ئێش و ژان و چاوەڕوانی و دابڕان و خۆزگە و خەونەی لە خەیاڵیاندا هەیە و کاتێ ناگەن بە ئاوات ئەوا بە پاییزی دەشوبهێنن! بۆیە پاییز هەمیشە لە نێو وەرزەکان خەتابارە، بەڵام ئەمجارەیان لە دەقە شیعرێکی شاعیر (زیاد نادر عاڵڵایی) لۆمەکانی ناخاتە ئەستۆی پاییز، بەڵکو هەر وەرزێک بە جۆرێک و لە گۆشەیەکەوە خۆی دەدۆزێتەوە.
بەر لەوەی شرۆڤەیەکی ئەدەبی بۆ ناوەڕۆکی تێکستەکە بکەین، لێرەدا تەواوی دەقە شیعریەکە دەخەینەڕوو، دواتر بە ڕوانینێکی ئەدەبیانە بەپێی تێگەیشتنی خۆمان شرۆڤە بۆ ئەم دەقە دەکەین:
سەر لە وەرزەکان دەرناکەم،
وەرزەکانیش ناوی خۆیان بیر چۆتەوە.
قەرار بوو لە پاییزدا ماچت بکەم و نەمانكرد
لە بەهاردا وتت:
ئێستا وەرزی شیلەیە و بێ حزورت گوڵەكانیش وشك بوون.
لە زستان ویستت گەرمم بکەیەوە و هەر نەهاتی
هاوینت لێ کردمە سەهۆڵبەندان بە دووری.
ئەرێ تۆ لە وەرزەکان نازانی،
یا وەرزەکان درۆزنی گەورەن؟!
سەر لە وەرزەکان دەرناکەم
وەرزی پێنجەم تۆی کە هەرگیز نایەی!
لە دەسپێکدا شاعیر ڕاستەوخۆ بە هەناسەیەکی گوماناوی ڕازەکانی دەردەبڕێت.
_ سەر لەوەرزەکان دەرناکەم، وەرزەکانیش ناوی خۆیان بیر چۆتەوە…
ئەم دەسپێکە دەکرێ پرسیاربێ، یا گومان بێ؟! یا بەسەرسورمانەوە هەستەکەی دەرببڕێ، یا منەمنێکی (هاملێتی) بێ، چونکە بە درێژایی ژیان هەر چوار وەرز، وەک هێزێکی گەردوونی بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕکردن. کاتێ (ناو) لە بیر دەچێتەوە ئەوا هۆکارێکی لەپشتە، ناکرێ وا بەسانایی ناو لە بیر بچێتەوە، لەوەش قورستر خودی بابەت ناوی خۆی لەبیر بچێتەوە، ئەوەتا پێمان دەڵێ وەرزەکانیش ناوی خۆیان لەبیر چۆتەوە؟!
ئاخر گوناهە بەهار بەو سەوزییەی خۆیەوە، ناو و ڕەنگی خۆی بیربچێتەوە، لەوە ناخۆشتر، پاییز بەو هەموو پێناسە جوانەیەوە تەڕی و گەڵاکانی خۆی بیر بچێتەوە! لێرەدا شاعیر لە دێری یەکەمەوە بە پرسیارێکی وێنەدار دەست پێ دەکات.
_ قەڕار بوو لە پاییز ماچت بکەم و نەمانکرد!
یەکەم وەرز کە خەونی نیاز و دڵی لێ نەهاتۆتە دی وەرزی پاییزە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆ یەکەم وەرز پاییز؟ بۆ وەرزێکی تر نەبوو؟! بۆ ماچی پاییز؟
لەم ڕوانینەوە دەتوانین بڵێین پاییز وەرزی شاعیرە، پاییز هەستێکی پڕ لە ئەوینە، بۆیە قەرارەکەی ئەوان، لەم وەرزەیە. دواجار پێمان دەڵێت، (نەمان کرد)، کەواتە خەتایەکە یەک لایەنە نیە، یا خەتابار نادیارە، بەڵام هەر چۆنێک بێ لەم وەرزە ئەو خەونە بە بەتاڵی جێ ما!
_ لە بەهاردا وتت: ئێستا وەرزی شیلەیە و بێ حزورت گوڵەکانیشت وشک بوون!
لە دیدگای شاعیراندا وەرزی بەهار بە نوێبونەوە و ئومێد و خەونی سەوز پێناسە دەکرێ، بۆیە ئەگەر سەیری دەقی شاعیران بکەین لە (وەرزی بەهار)دا گەورەترین خەونیان بە ژیان و تەمەن سپاردیە، لێ زۆربەیان هەر سەراب بووینە.
لەم دێڕەدا سەرەتا جۆر و ژینگەی وەرزەکە دەناسێنێ ئەویش (شیلە)یە؛ ئەم وشەیە بابەتێکی سادە نیە، بەڵکو لە دیدی شاعیردا شیلە و شیرینی، جوانی و چێژ دەخەنە نێو یادەوەریی تەمەن، بەڵام پاشان کەسی بەرانبەر دێتە نێو گەمەی بەهار، ئەویش (بێ حزووری) ئەوە، بۆیە نەهاتنی (ئەو) هەمدیس دەمانگەڕێنێتەوە وەرزێکی سەخت؛ ئەو وشکهەڵگەڕانی گوڵەکانە، لەم دێڕەدا لێکچواندنێکی ئیستاتیکی لەنێو ریتمی دەق هەست پێ دەکەین.
_ لە زستان ویستت گەرمم بکەیەوە هەر نەهاتی…
بە هۆی نەهاتنی یەک کارەکتەرەوە، شاعیر بە وێنەیەکی خێرا و لە کورتترین پەیامدا تا ئێرە سێ وەرزی نیشان داین؛ لە هەر وەرزێکدا هۆکارێک بۆتە نەهاتنی (دولبەر) ئەوەتا سێ وەرز هەر چاوەڕێیە کەچی هەر نەهاتووە! بەڵام هەر بە سەبری ئەیوبانە ئارامگر بووە، تەنیا بە چەند وشەیەک و ڕازیبوونێک، چاوەڕوانی گەورەترین و درێژترین پەیام و هەست دەکات.
-هاوینت لێ کردمە سەهۆڵبەندان بە دووری.
کۆتا وەرزی گلەیینامە، بریتیە لە وەرزی هاوین، لێرەدا هەرچوار دەرگای دیدار و ویساڵی بە داخراوی نیشان داین، خۆ ناشکرێ سەرلەنوێ بچێتەوە سەر پاییزی تەمەن؛ بۆیە کاتێ وێنە گەورەکە دەبینین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە شاعیر هەرچوار وەزر لە چاوەڕوانیدا بووە، بەڵام هیج ئەنجام و ترووسکاییەک بەدی ناکرێ!
کەواتە لەو دیو وشە و هەستەکانەوە، هۆکاری نەهاتنی (ئەو) بە ئاشکرا بەدی دەکرێ، ئەویش کات کوشتنە و بەس، بەڵام (ئەو)ی شاعیر هەر بە ئومێدەوە دەڕوانێ! بۆیە لە نێوان ئومێد و سرێسرێ (کاتکوشتن)دا، چاوەڕێی هەڵوێست دەبین ئەوەتا لە کۆتاییدا دەڵێ:
_ ئەرێ تۆ لە وەرزەکان نازانی یا وەرزەکان درۆزنی گەورەن؟!
دوای هۆکاری نەهاتنی لە هەر چوار وەرزی ساڵ، کە هەر وەرزە و وشکەبیانوویەک بەدی دەکرێت، بەڵام ئەمجارە بە ریتمێکی تووڕەوە، دێتە سەردێڕی گلەیینامەکەی و بە (ئەرێ)ـوە دەست پێ دەکات؛ وشەی (ئەرێ) بێتاقەتی، گلەیی، نەرمەهاوار، تووڕەیی، بێهیواییی لێ دەخوێنرێتەوە، ڕاستە یەک وشەیە، بەڵام لە فۆرمی ئەم دەقەدا، ئەم چەمکە، وێنە و ڕازی ڕەشبینیی لێ دەخوێندرێتەوە!
(تۆ لە وەرزەکان نازانی) ئەم گلەییە ڕاستەخۆیە گوزارشتە لەوەی کەسی بەرامبەر سارد و سڕە لە ئەوینی گەرمی شاعیرێک، لێ ئەو بە یەک ئاراستە لە ژیان دەڕوانی، نە هەست بە گەڵا هەڵوەریوی تەمەن دەکات، نە چێژ لە بەهارستانی ژیان وەردەگرێ! نە لە هاوین بۆی دەبێتە فێنکاییی ڕۆح، نە لە زستان لە بەر چیرۆکی بەرئاگردان ئەشقی خۆی بۆ بەیان دەکات!
بۆیە لە هیچ کام لەوەرزەکان دڵ و هەستی شاعیر خۆش ناکات، ناچار شاعیر دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ئیعلانی خەونێکی بەتاڵ بکات و بڵێ:
_ وەرزی پێنجەم تۆی کە هەرگیز نایەی!
بە تێپەڕینی هەرچوار وەرز، (ئەو نایەت)، بەڵام نائومێدیە گەورەکە لە کۆتاییدا دەست پێ دەکات، ئەویش وەرزی پێنجەمە، کە نە لە ژیان، نە لە سروشتدا هەر نیە! ئەوەتا بە خەونەشیعرێکیش بێ، ئەوا بەو سیناریۆیە ڕازیە، لێ نایە و نایە و نایە!
بۆیە لە نێو گەمەی وەرزەکاندا، شاعیر دەیەوێ دەرچەیەک بدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە خەونی تەمەن، بەڵام چاوەڕوانی، خەریکە بێتاقەتی دەکات، ناچار لە ماڵی نائومێدیدا، بە دوای وەرزێکی دیکەدا دەگەڕێ، ئەو ناوی ناوە (وەرزی پێنجەم)، لێرەدا ڕەهەندی پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر لە یەکێک لە وەرزەکان، (ئەو) بهاتبایە، ئایا پێویستی بە وەرزی پێنجەم هەیە؟! کە کۆتایی هەموو مەحاڵ و مەحاڵەکان بەو دێڕ و نائومێدیە ڕەشبینانەیە دێنێ؟ لە کاتیكدا هەرگیز نایێ!

