رۆژنامەی ھەولێر

ئیسلام ئایینیی ڕێکوپێکی (نیزام) و كێش و پێوانەیە

عومەر چنگیانی
گەر ئەوەی مامۆستای خوێندەواری ئایینی دەیكاتە توێشووی گوتار و دەیدات بەگوێی نوێژ خوێنە بەڕیزەكاندا وەك دەیبیستن، لە ئاكاری خۆمان و ئەوانیشدا ڕەنگی بدایەتەوە، وەكچۆن لە قوتابخانەكەی یەكەمی سەردەمی زێڕینی ئیسلام و پێغەمبەر خۆیدا ڕەنگی دایەوە، دروود و سەلامی خوای لێ بێ، ڕێژەی ئاریشە و كێشە و ئاستەنگەكانی ژیان زۆر لەوەی ئێستا بەدی دەكرێت لەنێو كۆمەڵگای مسوڵماناندا كەمتر دەبوو، هەر لەو سۆنگەی بەپرسیارێتی و ئەركی بیرهێنانەوەدا لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی ١١/٩/٢٠٢٦ـدا بابەتی سەردێڕ توێشووی زۆربەی دوانگەكانمان بوو لە هەرێمی كوردستان، كە لێرەدا دەیكەمە كەرەستەی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان و، سەرەتا بە ئایەتی ٤٩ـی سوورەتی (قەمەر)ەوە دەستمان پێ كرد كە دەفەرمێت: (بە راستی ئێمە هەموو شتێكمان بە ئەندازەوانی دروست كردووە)، كە لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئیسلام ئایینی یاسا و ڕێکخستن و ڕێکوپێکییە؛ هاتووە بۆ ئەوەی بەرەنگاری شێوان و پشێوی ببێتەوە لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا و، کۆمەڵگەیەک بەدی بهێنێت کە لەسەر بنەمای وردبینی و ڕێکوپێکی ڕاوەستابێت.

تەوەری یەکەم: نیزامی گەردوون و دروستکراوەکان بەڵگەیە لەسەر مەزنیی بەدیهێنەر:
یەکەم شت کە سەرنجی موسڵمان ڕادەکێشێت ئەم گەردوونە بەربڵاوەیە کە تێیدا دەژیین، بەپێی نیزامێکی ڕەببانی و ورد دەڕوات کە نە تێک دەچێت و نە پاشەکشە دەکات. بەدوای‌یەکداهاتنی هاتنی شەو و ڕۆژ، جووڵەی خۆر و مانگ و یەک لە دوای یەک هاتنی وەرزەکان، هەموویان بە شێوەیەکی حیسابی ئیعجازاوی دەڕۆن، نە بێهودەییی تێدایە و نە ڕێکەوت.
ئەم ڕێکوپێکییە گەردوونییە سەرسووڕهێنەرە تەنها بۆ دیمەن و جوانی نییە، بەڵکو پەیامێکی شاراوەیە بۆ هەموو مرۆڤێک: کە بەدیهێنەری ئەم گەردوونە وردە ڕازی نییە بەندەکانی لە پاشگەردانی و وێڵیدا بژین، بەڵکو دەیەوێت ژیانیان هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەم نیزامه جوانە و، وەستاو بێت لەسەر دادپەروەری و یەکسانی، وەک چۆن ئاسمانەکان و زەوی بە دادپەروەری وەستاون.

تەوەری دووەم: ڕەنگدانەوەی نیزام و ڕێکوپێکی لە پەرستش و دروشمە ئیسلامییەکاندا:
ئیسلام ڕێکخستنی وەک بیرۆکەیەکی بێ پێگە لە مێشکدا نەهێشتۆتەوە، بەڵکو کردوویەتییە واقعێکی زیندوو و هەستپێکراو لە پەرستشە ڕۆژانەیی و وەرزەییەکاندا. پێنج نوێژە فەرزەکە لە کاتی دیاریکراودا بە خولەک و چركە جێگیر کراون و، لە نوێژی بەکۆمەڵدا گەورەترین قوتابخانەی ڕێکخستن هەیە؛ کاتێک نوێژکەران لە ڕیزە بەیەکەوەبەستراوەکاندا بە ڕێکی دەوەستن و، یەک فەرمان لە یەک پێش نوێژەوە وەردەگرن.
بە هەمان شێوە ڕۆژووش لە ساتێکی دیاریکراودا دەست پێ دەکات و لە ساتێکی دیاریکراودا کۆتایی پێ دێت. حەجیش ملیۆنان کەس لە جیاوازترین شوێنەکانی زەوییەوە لە یەک کات و یەک شوێندا کۆ دەکاتەوە، بە یەک دروشم و ئەرکی دیاریکراوەوە. ئەم دروشمانە موسڵمان بە کرداری فێری ڕێزگرتن لە کات، پابەندی، گوێڕایەڵیی سەرکردایەتی و، پابەندی بە یاسا بەکۆمەڵەکان دەکەن.

تەوەری سێیەم: کاریگەریی پابەندی و نیزام ڕێکوپێکی لە ڕەفتاری موسڵمان و کۆمەڵگەدا
بەرھەمی ئەم نیزامە دەبێت لە ڕەفتاری تاکەکەسی و کۆمەڵگای موسڵماناندا دەربکەوێت. موسڵمانی ڕێکوپێک ئەوەیە کە ڕێز لە کات و بەڵێن و ئەمانەتەکانی
خۆی دەگرێت، لە کارەکەی دوا ناکەوێت و، کاتی ئەوانی تر بەفیڕۆ نادات. تۆکمەیی و ڕێکوپێکی لە کاردا بەبێ ڕێکخستن، ڕێزبەندی و پلاندانانی پێشوەختە بەدەست ناهێنرێت.
هەروەها ڕێزگرتن لە یاساکانی هاتووچۆ، پاراستنی پاکوخاوێنیی گشتی، پابەندبوون بە نۆرە لە ڕیزەکان و کاتی ڕایی کردنی مامەڵەکاندا و، ڕێزگرتن لە یاساکانی دامودەزگاکان؛ هەموو ئەمانە بەشێکن لە ڕەوشتە بەرزەکانی ئیسلامی ، نەک شتێکی زیادە یان گاڵتەو گەپ بێت. بەڵکو پشێوی، بەفیڕۆدانی کات و، دروستکردنی ئاژاوە لە شەقامەکان یان شوێنی کاردا پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نییە.
نیزام و ڕێکخستن نزیکبوونەوەیە لە خوا و گوێڕایەڵییەتی. کاتێک پابەند دەبیت بە یاساکانی هاتووچۆوە، تۆ خوێنی خەڵکی و گیانیان دەپارێزیت؛ کاتێک کاتت ڕێک دەخەیت، تۆ مافی پەروەردگارت، مافی دەروونت و مافی ئەو کەسانە دەپارێزیت کە لەژێر دەسەڵاتی تۆدان، کاتێک پابەند دەبیت بە نۆرەگرتنەوە ئەوا تۆ دادپەروەری پەیڕەو دەکەیت کە خوای گەورە فەرمانی پێ کردووە. دادپەروەری لەوەوە دەست پێ دەکات کە ژیانی خۆت ڕێک بخەیت، تاکو بە دەستدرێژی‌کردنە سەر مافی کەسانی تر، هیچ کەسێک ستەمی لێ نەکرێت. کاتێک تاک بەرپرسیارێتی و پابەندیی خۆی بە نیزامەوە جێبەجێ دەکات، کۆمەڵگاش بە گشتی ئارام و جێگیر دەبێت، مافەکان دەپارێزرێن، متمانە بڵاودەبێتەوە، کەسی ترساو ئەمین دەبێت، لاوازەکاۆ بەهێز دەبن و ئارامی و دڵنیایی بڵاودەبێتەوە. بەڵام بێنیزامی سەرەتای دواکەوتوویی و بێهێزییە؛ کاتی تێدا بەفیڕۆ دەچێت، سەروەت و سامانەکانی تێدا بەتاڵان دەبرێت، دەوڵەتانی پێ بێهێز دەبن و، دوژمنانی پێ زاڵ دەبن.
وریا بن لەوەی ببنە هۆکاری تێکدانی کۆمەڵگەکەتان بە وازهێنان لە ڕێکخستن و نیزامەوە و، ببنە سەرمەشق لە پابەندیدا؛ چونکە موسڵمانی ڕاستەقینە زاناترین کەسە بە ڕێکخستن و نیزامەوە، چونکە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەرەدا بانگەواز بۆ تەواوی کارە چاکەکان کراوە و، ڕێکخستن و نیزامیش لە گەورەترین چاکەکانە.