سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی دهۆک ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بە هاریکاریی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی دەرفەتی کار و دامەزراندن بۆ گەنجەکانمان و دەرچووان دابین بکەین
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابییانی دەرچوو، داواشی لێکردن کە خزمەتی کەسوکار و کۆمەڵگە و وڵاتی خۆیان بکەن.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە حكومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێكی داوە و لەگەڵ حكومەتی فیدرالیش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی دەرفەتی كار و هەلی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانكۆ بڕەخسێندرێت.
ئەمەش دەقی گوتارەكەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
سەرۆك و ئەندامانی جڤاتی زانكۆی دهۆك
مامۆستایانی هێژا و بەركەفتی
ميوانانی قەدرگران
كەسوكاری سەربڵندی قوتابییان
قوتابییانی خۆشەویست و دەرچووانی خولی 31ی زانكۆی دهۆك.
زۆر خۆشحاڵم ئەمشەو لەگەڵ ئێوە بەشدارم، پیرۆزباییەكی گەرم لە قوتابییانی خۆشەویست دەكەم بۆ ئەم سەركەوتنە مەزنە كە ئەمشەو ئێمە ئاهەنگی سەركەوتنی ئەوان دەگێڕین، بۆیە ئەم سەکەوتنەتان لێ پیرۆز بێت.
زۆر سوپاسی مامۆستا و سەرۆكی زانكۆ و فەرمانبەرانی ئەم زانكۆیە دەكەم بۆ ماندووبوونیان، من دەزانم چەندە خۆیان ماندوو كردووە بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن لەم زانكۆیە بەرەوپێش ببەن و گەلێك ڕیفۆرم و چاكسازیی باشیان لە ئاستی خوێندندا كردووە، جارێكی تر سوپاسی ئێوە دەكەم و ماندوو نەبن.
سوپاسی و دەستخۆشی لە كەسوكاری قوتابییانی خۆشەویست دەكەم، بۆ پشتیوانیی و ماندووبوونی ئەوان، بێ ئەوان رەنگە ئەم سەركەوتنە بۆ قوتابییان بە ئاسانی بەدەست نەهاتبایە، پشتیوانیی ئێوە و خەمخۆریی ئێوەیە كە بووەتە هۆكاری ئەوەی قوتابی ئەمشەو بە سەربڵندی بەرامبەر بە ئێوە راوەستن و ببنە جێی شانازیی ئێوە و ئێمە و هەمووان. دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم و پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە كەسوكاری هەموو قوتابیان دەكەم.
پیرۆزبایی لە قوتابیان دەكەم، بۆ ماندووبوون و زەحمەتی ئەوان، بۆ ئەو دەستكەوتە مەزنانەی كە بەدەستییان هێناوە كە بێگومان زۆر لەوان دەچنە قۆناغێكی دیكە لە ژیانی خۆیان و بەڵكوو ڕەنگە هەندێك لەوان بخوازن كە درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و بەڵكوو حەز بكەن هێشتا بخوێنن و ئاستی زیاتری زانستی وەربگرن، هەندێكیشتان دەگەڕێنەوە بۆ نێو كۆمەڵگە و دەبنە كەسانی كاریگەر و دەتانەوێ خزمەتی وڵاتی خۆتان بكەن.
ئەو زانستەی ئێوە وەرتانگرتووە و ئەو خوێندنەی ئێوە، دەبێتە كەرەستەیەك و ئامرازێك لە دەست ئێوەدا تاوەكوو بتوانن زیاتر خزمەتی خۆتان و كەسوكارتان و وڵاتی خۆتان بكەن.
زانست شتێكی باشە، بەڵام زانست بەبێ ئەوەی مرۆڤ خۆشەویستیی بۆ وڵاتی خۆی هەبێت، تەواو نییە. هیوای من ئەوەیە كە چەندە ئێوە فێر ببن و چەند بخوێنن، پەیوەندی و خۆشەویستیی خۆتان لەگەڵ نیشتمانی خۆتان بكەن، تاوەكوو بتوانن زیاتر خزمەتی وڵاتی خۆتان بكەن، وڵاتی ئێوە چاوەڕوانی ئێوەیە، پاشەڕۆژی وڵاتەكەتان لە دەستی ئێوەدایە، ئێوە دەتوانن وڵاتی خۆتان ئاوەدانتر بكەن، باشتر بكەن، بەرەوپێشەوەی ببەن، گوێی خۆتان نەدەنە هیچ كەسێك و ڕێگە بە كەس مەدەن ئێوە بێ هیوا بكات، گوێ بە هیچ كەسێك مەدەن كە ئێوە لە خۆشەویستیی وڵاتی خۆتان دوور بخاتەوە، ئێمە خەڵكی ئەم وڵاتەین، خاك و وڵات و دەستكەوتەكانی ئێمە، بەرهەمی خوێنی شەهیدەكانی ئێمەیە، ماندووبوونی پێشمەرگەكانی ئێمەیە، گەلێكیش لەوان كەسوكاری ئێوەن. بۆ بەرز ڕاگرتنی خزمەتی ئەو شەهیدانە و ئەو پێشمەرگانە و قوربانیدانی ئەوان، پێویستە ئێمە ئەو وڵاتەی خۆمان و ئەو دەستكەوتانە بپارێزین، ئەم بەرپرسیارێتییە لەمڕۆوە دەكەوێتە سەر ملی ئێوە. هیوای من ئەوەیە بێجگە لەوەی كە ئێوە وڵاتی خۆتان خۆش بوێت، پێویستە بیپارێزن، پێویستە ژینگەی ئەم وڵاتەش بپارێزن، چونكە پاراستنی ژینگەی ئێمە بۆ دروستكردنی وڵاتێكی تەندروست و ئاوەدان و پاقژ باشتر دەبێت بۆ نەوەكانی دوای ئێوەش دێن.
خوشك و برایانی هێژا و خۆشەویست
من دەزانم بۆ ئێوە بە ئاسانی نەبووە و زۆر لە ئێوە دەتانەوێ كە ڕۆڵی خۆتان ببینن لە كۆمەڵگە و جڤاتی خۆتان، تاوەكوو خزمەتێكی زیاتری وڵاتی خۆتان بكەن. هیچ وڵاتێك لە دونیادا ئاوا نەبووە بەبێ ئەوەی كە خەڵكی ئەو وڵاتە زەحمەتیان كێشابێت و خۆیان ماندوو كردبێت بۆ ئاوەدانیی وڵاتی خۆیان، كەسیش لە دەرەوەی وڵاتی ئەوان نەهاتووە كە خزمەتی ئەوان بكات. ئەوان خۆیان بڕیاریان ئەوە بووە كە وڵاتی خۆیان ئاوەدان بكەن. لێرەشەوە هیوای ئێمە ئەوەیە هەر شتێك ببێت، بڕیار لە دەستی ئێوەدایە، گوێی خۆتان بە كەس مەدەن، ئێوە دەتوانن وڵاتی خۆتان زیاتر ئاوەدان بكەن و زیاتر بەرەو پێشی ببەن، ئەوەی لەسەر حكوومەت ئەوەیە كە هاریكاریی ئێوە بكات، دەرفەتتان بۆ رێك بخات. بەداخەوە ئەو پێشكەوتنەی كە ئێستا ئێوە لە كوردستان دەیبینن، بەبێ ئاستەنگ نەبووە، بەڵكوو زۆر ڕێگریی لە ئێمە كراوە، ئەگینا ئەمڕۆ كوردستانمان لە قۆناغی زۆر باشتر و پێشكەوتووتریشدا بوو. زۆر ناحەزی ئێمە چاویان بە سەركەوتن و پێشكەوتنی وڵاتی ئێمە هەڵنایەت، هەوڵیان دا نەهێڵن ئێمە پێشبكەوین و نەهێڵن ئێمە سەربكەوین، بەڵام خۆڕاگریی میللەتی ئێمە و خۆڕاگریی و زەحمەتی ئێوە و قوربانیدانی پێشمەرگە و كەسوكاری ئێوە، بوونە هۆكاری ئەوەی كوردستان رۆژ بە رۆژ پێشكەوتووتر و سەركەوتووتر بێت.
ئەمە لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە و بڕیار لە دەست ئێوەدایە، كە چەندە دەتانەوێت خۆتان ماندوو بكەن، لێرەوە، وەكوو حكوومەت ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە و لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیش بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی هاریكاریی زیاتر بۆ دەرفەتی كار، بۆ دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ بڕەخسێندرێت. بەداخەوە لە ساڵی2013ەوە تا ئێستا، حكوومەتی فیدرال ڕێگەی نەداوە هیچ كەسێك لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، بەڵام ئێمە ڕانەوەستاوین، ئەوەندەی ئەو پرۆژانەی لێرە كراون، بەرهەمی خەبات و زەحمەتیی ئێوە خۆتانە، كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هاریكار بوون لەگەڵ حكومەت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچین و هیچ هۆكارێك و هیچ ڕێگرێك نەتوانێت كاروانی پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان رابگرێت.
ئێمە ئەمڕۆش لەگەڵ حكومەت بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی دامەزراندن لەسەر ئاستی حكومەتی فیدرال چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەم دەرفەتە زیاتر بۆ دەرچووان و خەڵكی كوردستان زیاتر بكەین، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە، بەرنامەی حكومەت ئەوەیە كە ئێمە دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەت زیاتر بكەین و هاریكاریی كەرتی تایبەت بكەین بۆ ئەوەی ئەم كەرتە بتوانێت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێشتر بچێت و دەرفەتی زیاتر بۆ ئێوە بڕەخسێنێت تاوەكوو ئێوە بتوانن لە بواری كاری خۆتاندا ئەو شتەی خوێندووتانە و زانستتان لێی هەیە و ئەزموون و شارەزایی خۆتانە، ئێوە بتوانن زیاتر تێیدا كار بكەن. ئەمە بەڵێنێكە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەری بۆ ئەوەی ئێمە هاریكاریی یەكتر بكەین، ئێوە چەند چاوەڕێی حكومەتن، ئێمەش ئەوەندە چاوەڕێی زەحمەتی و پشتیوانییەكانی ئێوەین. حكوومەت شتێكی جیاواز نییە لە ئێوە، بەشێكە لە ئێوە، ئێوە حكوومەت پێك دەهێنن، پاشەڕۆژی ئێوە و حكوومەتی داهاتوو جێی ئێوەی تێدا دەبێت، ئێوە دەتوانن وڵاتی خۆتان بۆ ئەو ئاستە ببەن كە خۆتان دەتانەوێت. هیوای من لە ئێوە ئەوەیە جارێكی تر هاریكار بن لەگەڵ یەكتر، لەگەڵ حكومەتی خۆتان و ڕێگە نەدەن هیچ كەسێك ئێوە بێهیوا بكات، ئێمە نە ماندوو دەبین، نە بێ هیوا دەبین، ڕۆژ بە ڕۆژیش سەركەوتوو دەبین.
من حەز دەكەم لێرە باسی هەندێك بابەتی تایبەتیی ئەمڕۆ بكەم كە بۆ ئێوە هەموان گرنگن، یەكێك لەوانە پەیوەندییەكانی ئێمەیە لەگەڵ حكومەتی فیدرال، لەگەڵ ئەم حكومەتە تازەیە هەنگاوی باشمان هاوێشتووە و پەیوەندیمان بەرەو چارەسەری و باشتربوون دەچن، ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆك وەزیران و حكومەتی نوێی فیدرال راگەیاندووە و ئەوان دەزانن كە داخوازیی ئێمە جێبەجێكردنی دەستوور و مەرجەكانمان بۆ پشتیوانیی تەواو، جێبەجێكردنی دەستوور و بەرهەڤكردن و جێبەجێكردنی هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستانە، ئێمە بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردن لەسەر مافەكانی خەڵكی ئێمە لە هەر بوارێكدا بێت و لە هەر كاتێكدا بێت. ئێستا زۆر لەو كێشانەی هەن چارەسەر كراون و زۆریش ماون بەڵام بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەوانیش چارەسەر بكرێن.
لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا، ئێوە بینیتان هێزەكانی هاوپەیمانان كۆتایی بە ئەركەكانی خۆی هێنا وەك ئەركی هاوپەیمانی لە دژی داعش، ئێمە بە ناوی خەڵكی كوردستان و بە ناوی ئێوە هەموان سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمان دەكەین بۆ پشتیوانیی ئەوان و هاریكارییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە كە هێزی شەڕكەر بوون بۆ تێكشكاندنی هێزی تیرۆر. داعش بە دەستی پێشمەرگە شكێندرا، ڕاستە هاریكاریی هاوپەیمانان زۆر بوو، بەڵام قارەمانی تێكشكاندنی تیرۆر پێشمەرگە بوو، ئەو پێشمەرگانەش كەسوكاری ئێوە بوون، بۆیە جارێكی دیكە هەم سوپاسی هاوپەیمانان دەكەین و لە هەمان كاتدا زۆر سوپاسی پێشمەرگەی خۆمان دەكەین بۆ ئەو دەستكەوتە مەزنەی كە هەموو دونیا شانازیی پێوە دەكات.
سوپاسی هاوپەیمانان دەكەین، بەڵام حەز دەكەم ئەوەش بزانن، مادام خاوەنی ئەو پێشمەرگانەین، كوردستان ئەمین و پارێزراوە و با هیچ جارێك كەسێك چاو نەبڕێتە ئەوەی كە كوردستان پاش رۆشتنی هاوپەیمانان دەبێتە پاروویەكی ئاسان بۆ دوژمن و ناحەزانی ئێمە،چونکە كوردستان بە دەستی پێشمەرگە پارێزراوە و بە دەستی پێشمەرگەش بە ئارامی و پارێزراوی دەمێنێتەوە ئینشائەڵا.
دەرچوون یان تەواوبوونی ئەركی هاوپەیمانان مانای ئەوە نییە كە پەیوەندیمان لەگەڵ هاوپەیمانان كۆتایی هاتووە، شێوازی پەیوەندیكردن لەگەڵ هاوپەیمانان گۆڕاوە، ئەركی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش بووە، بەڵام پەیوەندییەكانی ئێمە لەسەر ئاستی عێراق، یانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت بە شێوازێكی دیكە، ئەو پەیوەندییە بەردەوام دەبێت، پشتیوانیی وڵاتانی دۆستی ئێمە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت. بەڵام دیسان من دووبارەی دەكەمەوە، پشتی ئێمە بە خوا گەرمە، بە پێشمەرگەی ئێمە گەرمە و بە ئێوە گەرمە، ئەم باوەڕە لە نێو میللەتی ئێمە بەردەوام دەبێت، هەم باوەڕی ئێوە بە حكومەت جێی سەربڵندی و شانازییە، هەم باوەڕی حكومەت بە ئێوە بۆمان جێی شانازی و سەربڵندییە، بۆیە ئەو پەیوەندییە چەندە بەهێزتر بن، هێندەش هاوپەیمان و دۆستانمان زیاتر دەتوانن هاریكار بن بۆمان.
خوشك و برایانی هێژا
بابەتێكی دیكە كە ئەمڕۆ من حەز دەكەم بۆتان بخەمە ڕوو، بابەتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەم مانگە دەبێتە دوو ساڵ كە بەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕن، بەداخەوە پاش دووساڵ هێشتا نە پەرلەمان كارا كراوە و نە حكومەت پێكهێندراوە، زۆر درێژ بوو كە ئەمە بەڕاستی شتێك نییە بە دڵی ئێمە بێت، ئێمە ڕۆژێك دوای هەڵبژاردن داوامان كرد كە پەرلەمان بێت دابنیشێت و حكوومەت پێك بهێندرێت، ئێمە هەموو كاتێك ئامادە بووین و دەستی دۆستایەتیشمان بۆ هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە درێژ كردووە كە دەنگی خەڵكی كوردستانیان وەرگرتووە و ئەندامی پەرلەمانیان هەیە كە بێن هەم پەرلەمان كارا بكەن و هەم حكومەتیش پێك بهێنن، پێكهێنانی حكوومەت دەبێ رەنگدانەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بێت، هەرچەندە ئێمە زۆر ئامادەبووین و ئێستاش ئامادە بووین، زیاتر لە هەقی لایەنەكانی دیكەش ئێمە ئامادەییمان تێدایە كە ئاسانكاری تێدا بكەین، لە گەلێك مافی خۆشمان خۆش ببین بۆ بەرژەوەندیی میللەتی ئێمە و ئاشتی و ئاوەدانیی وڵاتی ئێمە تاوەكوو حكومەت پێك بهێندرێت. هیچ هۆكارێك نییە پاش دوو ساڵ هێشتا پەرلەمان كار نەكات و كارا نەكرێتەوە؟ ئەگەر بیر لەوە بكەنەوە بۆ پەرلەمان كارا ناکرێت و بۆ حكومەت پێك ناهێندرێت، ئیلا لایەنێك دەبێ بەرژەوەندیی تێدا هەبێت، حكومڕانی بكات بەبێ ئەوەی بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە میللەتی خۆی و بەبێ ئەوەی بەرپرسیار بێت بەرامبەر هیچ حكومەتێك، رەنگە بیەوێ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت. بەڵام بەڕاستی میللەتی ئێمە و خەڵكی كوردستان نابێ چیدی لە هیچ هێزێكی سیاسی قەبووڵ بكات یاریی بە چارەنووسی میللەتی ئێمە بكات.
ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری دەنگی خەڵكی كوردستانن، بەرپرسیارێتیی هەر ئەندامێكی پەرلەمانە كە وەفادار بێت بۆ ئەو دەنگەی كە خەڵكی كوردستان پێی داوە و ئەمڕۆ بێت لە پەرلەمان دابنیشێت و ئەو وەفایەی كە هەیە بەرامبەر بە خەڵكی خۆی لە پەرلەمان، بەرگریی لە داخوازییەكانی میللەتی خۆی بكات. ئێمە دەمانەوێ پەرلەمان كارا بكرێت، چونكە دانیشتنی پەرلەمان یەكەمین هەنگاوە بۆ پێكهێنانی حكومەت. داوای ئێمە ئەوەیە جارێكی دیكە بەرژەوەندیی میللەتی ئێمە و بەرژەوەندیی وڵاتی ئێمە بخەنە پێش بەرژەوەندیی حزبی و بەرژەوەندیی تەسكی شەخسی، واز لە دەستكەوتە كەسییەكانی خۆیان بهێنن و بیر لە بەرژەوەندییەكانی وڵاتی خۆیان و میللەتی خۆیان بكەنەوە، دەستی خۆیان لە نێو دەستی ئێمە بنێن، پەرلەمان كارا بكەنەوە و حكوومەتیش پێك بهێنن، چونكە سەبری ئێمەش سنوورێكی هەیە و ئێمە دەمانەوێ راستگۆ بین لەگەڵ میللەتی خۆمان، راستگۆ بین لەگەڵ دەنگدەرانی خۆمان، ئێمە دەمانەوێ ئەو حكوومەتە بە زووترین كات پێك بێت، ئێمە ئامادەشین هەموو هاریكارییەك بكەین بۆ ئەو لایەنانەی كە خەمخۆری ئەو خەڵكە و ئەو وڵاتەن تاوەكوو ئێمە بەرەو ئاوەدانیی زیاتر و دەستكەوتی زیاتر هەنگاو بهاوێژین.
خوشك و برایانی هێژا:
من زۆر درێژم كردەوە بەڵام من حەزم كرد ئەم قسانە لە خزمەتی ئێوەدا بكەم، چونكە ئێوە دەچنە نێو ژیانێكی نوێ. قۆناغی خوێندن تەواو، ئێوە بەرامبەر ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە دەبنەوە، بەڵام دەرفەتیش بۆ ئێوە زۆر دێتە پێشەوە. خوێندن تەنیا ئەوە نییە كتێبێك بخوێننەوە یانیش زانستێك فێر ببن، كاتێك ئێوە دێنە زانكۆ، خۆتان ئامادە دەكەن چۆن بتوانن ڕۆڵتان هەبێت و كاریگەریتان لەسەر كۆمەڵگەی ئێوە و میللەتی ئێوە دیار بێت. ئێمە دەمانەوێ كوردستانمان ساڵ بە ساڵ بەرەو پێش بچێت. لەسەر ئاستی خوێندن ئێمە هەنگاوی باشمان هاوێشتووە، دەستەی متمانەبەخشین لە ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرێندرا بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن بە پێوەر و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بەرەوپێش ببات، من دەبینم ئەنجامی زانكۆكانی ئێمە ساڵ بە ساڵ باشترە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی سەرەتایی تا زانكۆ بەرەوپێش دەچێت، بەڵام هێشتا لە ئاست خواستی ئێمە نییە، هیوا و ئومێدی ئێمە ئەوەیە كوردستان هیچ كاتێك لە پێشكەوتن نەوەستێت، ئەو پێشكەوتنەش لەسەر دەستی ئێوە بەدی دێت.
جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم،پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە هەمووتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێكتان پڕبێت لە دەستكەوت و سەركەوتن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

