رۆژنامەی ھەولێر

زانکۆی سەڵاحەددین میکانیزم و ڕێنماییەکانی خۆتۆمارکردنی قوتابییانی قۆناغی یەکەم بۆ ساڵی 2026-2027 ڕادەگەیەنێت

زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر مەرج، ڕێنمایی و میکانیزمی خۆتۆمارکردنی بۆ ئەو قوتابییە نوێیانە بڵاوکردەوە کە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە کۆلێژەکانی زانکۆکە وەرگیراون؛ هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە پڕۆسەی سەردانیکردنی هۆبەی تۆماری کۆلێژەکان و تەواوکردنی مامەڵەکان دەست پێ دەکات.

د. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، قوتابییانی تازە وەرگیراو پێویستە سەرەتا لە ڕێگەی لینکی فەرمیی زانکۆوە فۆرمی ئەلیکترۆنیی زانیارییەکان بە بەکارهێنانی ئیمەیڵ و کۆدی زانکۆلاین پڕبکەنەوە، هاوکات لە ڕێگەی کۆدی تایبەتەوە (QR Code) ڕێنمایی و ڤیدیۆی فێرکاری بۆ چۆنیەتیی هەنگاوەکانی خۆتۆمارکردن بۆ قوتابییان بەردەست خراوە.

بەپێی ڕێنماییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، پێویستە قوتابییان لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا وێنە یان سکانی ڕوونی ئەم بەڵگەنامانە بار (ئەپڵۆد) بکەن بە فۆرماتی (JPG یان JPEG) کە قەبارەکەی لە 10 مێگابایت زیاتر نەبێت:

کارتی نیشتمانی (ڕووی پێشەوە و پشتەوە).

کارتی زانیاری (ڕووی پێشەوە و پشتەوە).

وێنەی شاشەی پەڕەی وەرگرتن (ZankoLine Acceptance) لە زانکۆلاین.

وێنەیەکی کەسیی نوێ بە پاشبنەمای سپی، بەبێ بەکارهێنانی فلتەر یان دەستکاریی ژیریی دەستکرد (AI).

وێنەی لاپەڕەی زانیارییەکانی پاسپۆرت (ئەگەر هەبێت).

زانکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو قوتابییەک تەنیا «یەک جار» مافی پڕکردنەوەی ئەم فۆرمەی هەیە، و ئیمەیڵ و کۆدی زانکۆلاین و ژمارەی کارتی نیشتمانی تەنیا بۆ یەک داواکاری بەکاردێن و دواتر ناگۆڕدرێن. هەروەها پێویستە ناوی سیانی بە زمانی کوردی تەواو هاوشێوەی کارتی نیشتمانی بێت و بە زمانی ئینگلیزیش بە پیتی گەورە (CAPITAL) بنووسرێت، چونکە بە هەمان شێواز لەسەر ناسنامەی زانکۆیی چاپ دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا هۆشداری دراوە کە ئەگەر قوتابی خۆی تۆمار بکات بەڵام بەڵگەنامەکان بار نەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ڕۆژ داواکارییەکەی بەبێ گۆڕانکاری جێبهێڵێت، فۆرمەکەی دادەخرێت و مافی خۆتۆمارکردنەوەی بە هەمان زانیاری نامێنێت. هاوکات دوای ناردنی فۆرمەکە بە شێوەی ئۆنلاین، پێویستە قوتابی فۆرمەکە دابەزێنێت و چاپی بکات، تاوەکو لە کاتی سەردانیکردنی هۆبەی تۆماری کۆلێژەکەی لەگەڵ خۆیدا بیبات بە مەبەستی کردنەوەی فایلی فەرمیی قوتابیبوون