رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

ئۆشۆ پێی وایە
حەمەسەعید حەسەن
وەک چۆن خۆشەویستی خۆی ئامانجە، ئامرازێک نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێك، شیعریش ئەوە نییە لەپێناوی شتێکدا بیڵێیت، شیعر ئەوەیە شتێکت پێیە ناتوانیت نەیڵێیت. نوێژ ئەوە نییە بەو ئومێدە بیکەیت، خوا لێت ڕازی بێت، نوێژ ئەوەیە خۆڕسکانە، بەبێ هیچ مەبەستێک بیکەیت و لەنێویدا بتوێیتەوە. ئەگەر نوێژەکانت بژمێریت، وەک ئەو بازرگانە وایت پارەکانی دەژمێرێت. ئەگەر پێت وا بێت، تا زیاتر نوێژ بکەیت، زووتر لە خوا نزیک دەبییەوە، هەڵەیت، ئاخر گرنگ ئەوەیە، چەند قووڵ نوێژ دەکەیت، نەک چەند کەڕەت. کە نوێژ دەکەیت، گرنگە بە هەموو بوونتەوە بیکەیت، هیچ لەدوای خۆتەوە بەجێ نەهێڵیت، نەک وەک جەستە لە پەرستگە بیت و وەک هۆش لای موڵک و ماڵ.

کریشنا پێی وابوو: تۆوی کوێرەوەری یان بەختەوەری لە ناخی ئینسان خۆیدایە، هەر شتێک ڕوو بدات، ئینسان خۆی لێی بەرپرسە، ئاخر هۆکارە دەرەکییەکان ڕۆڵێکی لاوەکی دەبینن، نەک سەرەکی. ئەگەر ددان بەم ڕاستییەدا نەنێیت، وەک مەحاڵ وایە گۆڕانکاریت بەسەردا بێت. ئەگەر هۆکار دەرەکی بێت، ئومێدی گۆڕانکاری لە ئارادا نابێت، چونکە تۆ ناتوانیت دەرەوە جڵەو بکەیت. مارکس تەواو بە پێچەوانەوە بیری دەکردەوە و دەیگوت: ئەگەر واقیع کە لە دەرەوەی خۆمانە، بەهۆی شۆڕشەوە بگۆڕێن، کوێرەوەری دەگۆڕێن بە بەختەوەری.

بەهەشت ئەگەر هەبێت لە ناخی خۆتدایە، دۆزەخیش هەرەوەها، پاساو مەهێنەوە و تۆمەت وەپاڵ دەرەوەی خۆت مەدە، چونکە ئەوە خۆفریودانە. ئینسان وەک جاڵجاڵۆکە وایە، ئەو تۆڕەی جاڵجاڵۆکە بە دەوری خۆیدا دەیچنێت، لە هەناوییەوە دێتە دەرەوە، بەرلەوەی بجووڵێت، تۆڕەکە قووت دەداتەوە، تۆڕەکە بەهەشت بێت، یان دۆزەخ لەناو خۆیدایە. کە دەکەویتە ناو گۆمی ئەڤینی ژنێکەوە، سەرەتایەکی ڕۆمانتیکی جوانی هەیە، بەڵام هێندە نابات هەموو شتێک قڵپ دەبێتەوە، کەچی لەبری ئەوەی دەرس لەو ئەزموونە وەربگریت، چەندان جار هەمان هەڵە دووبارە دەکەیتەوە! ئەوە درشتبینیی خۆتە، تووشی هەمان کێشەت دەکاتەوە، هەڵەی دەرەوەی خۆت نییە. بۆچی هەمان هەڵە دووبارە دەکەیەوە؟ چونکە وەک ئامێرەئینسان ڕەوتار دەکەیت، نەک وەک ئینسانی هۆشیار. ئەوە ئاسانە پێشبینیی هەنگاوی داهاتووی ئامێرەئینسان بکەین، ئاخر هەمان هەڵەی پێشووی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام ناتوانین پێشبینیی هەنگاوی داهاتووی ئینسانی هۆشیار بکەین. ئینسانی ناهۆشیار لە بازنەیەکدا دەسووڕێتەوە، بەڵام ئینسانی هۆشیار لە دیارەوە بەرەو نادیار هەنگاو دەنێت.

عەقڵ بریتییە لە کەڵەکەبوونی شتگەلی زانراو، خۆی لە قەرەی نەزانراو نادات و هەر لە بازنەی زانراودا خول دەخوات. تا دەستبەرداری ئەو عەقڵە دێرینەت نەبیت، پێ نانێیتە دنیای نەزانراوەوە. زانراو مردووە بەڵام نەزانراو زیندووە، عەقڵ لە زانراوەوە دەچێت بۆ زانراو، هۆش لە زانراوەوە دەچێت بۆ نەزانراو، لای هۆش نە ڕابردوو گرنگە، نە داهاتوو، گرنگ ئەوەیە (ئێستا و لێرە) چ دەگوزەرێت. بۆچی ژیان بریتییە لە بەشێنەیی مردن؟ چونکە عەقڵ زانراوەکان کاوێژ دەکاتەوە، چارەسەر ئەوەیە لە کەسێکی عاقڵەوە، ببین کەسێکی هۆشمەند. ئەوە ئاسایییە بکەوینەوە نێو گۆمی خۆشەویستییەوە، بەڵام ئەگەر هۆشیار بین، ئەزموونی پێشوو دووبارە ناکەینەوە. ئەزموونی دووبارە ئەوەیە، بەو ئافرەتەیشی تازەکی حەزت لێ کردووە، دەڵێێت: تۆ لای من، جوانترین ژنی دنیایت، ئەویش بڕوات پێ دەکات! چۆن لە خۆ دووبارەکردنەوە قوتارت دەبێت؟ بەوەی لەگەڵ هەر خۆ دووبارەکردنەوەیەکدا سزایەکی خۆت بدەیت.