ئاری ئاغۆک*
ئەگەر بێت و ئەم کەلتوورە لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ بکات دڵنیام ئەنجامێکی زۆرباشی دەبێت چونکە ناوەندەکانی خوێندن وەک سەنتەرێکی گرنگی گۆڕانکاری ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و ژینگەیی هەژماردەکرێت
لە چەمکی کارگێری دا ڕاهێنانی پەروەردەیی تەنیا گەیاندنی زانیاری نیە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک ئامانج و پەیامی گەورە هەیە لە ڕێگەی گفتوگۆ و پرسیار و دیالۆگەوە سەرچاوە دەگرێ و لە ئەنجام دا وەک بنەمایەکی لێکبەستووی نێوان ڕاهێنەر و مامۆستایانی بەشداربوو دروست دەبێت، ئەمەشیان بۆ بە هێزترکردنی توانای ڕۆشنبیری و پەروەردەییە لە ڕێگەی کۆمەڵێک چالاکی کە هەمووی لە پێناو زیاتر تێگەیشتنی کەسی بەشداربووە بۆ شارەزابوون و تێگەیشتنی زیاتری.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە لە ڕێگەی مامۆستای ڕاهێنەرەوە پلان و بەرنامەیەکی پەروەردەیی ئامادە دەکات کە لەدەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن بۆ گواستنەوەی ئەو زانیاری و رێنماییانەی لە لایەن (بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی) پلان و بەرنامەی بۆ دانراوە کە لە ڕێگەی ڕاهێنەرانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن.
پاکێجی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ ی وەزارەتی پەروەردە بۆ ڕاهێنانی پەروەردەیی بریتیە لە دوو پڕۆژەی گرنگ:
١- منداڵی کەم تەرکیز و منداڵی فرەجولە و منداڵی ئۆتیزم.
٢-هاوڕێی ژینگە و هۆشیاری ژینگەیی بۆ ژینگەیەکی جوانتر.
تا لە ڕێگەی مامۆستایانی ڕاهێنەرەوە ئەم دوو پڕۆژە پەروەدەییە بگەیەنرێتە ناوەندەکانی خوێندن بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم پلان و بەرنامەیەی دانراوە، کە بێگومان ئامانجی ڕاهێنان گواستنەوەی زانیاری و کارامەییە.
لێرەدا پەرۆشیمان بۆ خالێکی گرنگ ئەویش (ژینگە پارێزییە) ئەوا خوێندنەوە و شرۆڤەیەک بۆ پڕۆژەی (هاوڕێی ژینگە و هۆشیاری ژینگەیی بۆ ژینگەیەکی جوانتر) دەکەین.
ناونیشانی پڕۆژە: هاوڕێی ژینگە و هۆشیاری ژینگەیی بۆ ژینگەیەکی جوانتر.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە چوار بەشی سەرەکی پێک دێت، کە هەر بەشێکیان لە چوارچێوەی گرنگی ژینگەپارێزی ناوەندەکانی خوێندندایە لە پێناو هۆشیاری زیاتر و گرنگیدان بەم پرسە گرنگە، بۆیە وەک ئەلقەیەکی یەک لەدوای یەک دەبێت ڕاهێنەر بە ووردی خاڵ بەخاڵ شیکردنەوە و ڕوونکرنەوە بۆ مامۆستایان بدات و لە بەرانبەردا مامۆستایانیش بە گفتوگۆ و زانیاری و بۆچوونەکانیان ئەم پڕۆژەیە دەوڵەمەنتر بکەن، کە دواجار لە خزمەتی قوتابی و ناوەندەکانی خوێندن و پرۆسەی پەروەردەدایە.
لێرەدا یەکەکەی ناوەڕۆکی بەشەکان دەخەینەڕوو و بە شرۆڤەو خوێندنەوەو دیدێکی پەروەردەییانە شیکار و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین.
بەشی یەکەم: بنەما سەرەکییەکانی ژینگە
*ژینگە چی یە؟ پێکهاتەی ژینگە و سیستەمی ژینگەیی.
*پیسبوونی ژینگە و پیسکەرە سەرەکییەکانی ژینگە چین.
*قەتیسبوونی گەرمی و گۆڕانی کەش و هەوا.
*پاراستن و چاککردنی ژینگە چییە.
دیارە لەبەشی یەکەم و لە بنەما سەرەکییەکانی ژینگە، یەکەم بابەت و یەکەم چەمک بەناونیشانی (ژینگە چییە؟)، دەست پێ دەکات.
بێگومان ئەم پڕۆژەیە لە سادەترین پرسیار دەست پێ دەکات، ڕاستە (ژینگە) پێناسەیەکی سادە لە خۆ دەگرێ، هەر وەک وەڵامەکەشی بە پێناسەیەکی سادە و ئاسایی ئاماژەی پێکراوە، هەڵبەت لە زۆربەی بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندن ئەم چەمکە وا باس کراوە، بەڵام وەک دەروازەی چوونە نێو بابەتە فراوانەکانی ژینگە ئەوا وەک لێکبەستانەوەیەک بۆ پرسەکانی دیکە ئەم وەڵامە خراوەتەڕوو، ئەمەش دەبێتە دەسپێکێکی باش تا مامۆستایانی بەشداربوو، بەزانیاری و تێڕوانینی خۆیان پێناسەکە فراوانتر بکەن، چونکە ژینگە لە یەک پێناسەی دووبارە خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو (ژینگە) پێناسەیەکی گەورەو جیا جیا لە خۆدەگرێ.
*پێکهاتەکانی ژینگە؟
لە دووەم باس و پێناسەی بەشی یەکەم دا، ئاماژە بە (پێکهاتەکانی ژینگە) کراوە، ئەمەش وەک بنەمایەکی زانستی و جیاکردنەوەی پێکهاتەکانە، ئەوانیش بریتین لە (پێکهاتەی زیندەیی – پێکهاتەی نازیندەیی) ئەم دوو پێکهاتەیەش بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی و چوونە نێو دەروازەی بابەت و پڕۆژەی ناوبراوە بۆ بەشداربوونی خول، لەگەڵ ئەوەی لە بابەتە زانستییەکانی نێو پرۆگرامی خوێندن ئاماژە بە پێکهاتەکانی ژینگە کراوە، بەڵام وەک دووپاتکردنەوە و بەردەوامی لەم پڕۆەیەدا ئاماژەی پێکراوە.
*سیستمی ژینگەیی.
لە سێیەم باس دا، بەشێوەیەکی زانستی و وێنەیی پەیوەندی نێوان پێکهاتە زیندووەکان و نازیندووەکان وەک (سیستمی ژینگەیی) خستراوەتەڕوو، ئەمەش وەک ئاسانکاریەک و زانیاریەکی مەعریفی بە وێنە پەیوەندی و بازنەی نێوان (هەوا، ڕووەک، ئاژەڵ، خاک، ئاو) هەم وەک زانیاری، هەم وەک گفتوگۆ ئاماژەی پێکراوە ئەمەش بۆ بەشداربووان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.
*پیسبوونی ژینگە
لە چوارەم باس دا بەناونیشانی (پیسبوونی ژینگە) ئاماژە بە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە کراوە، بە بۆچوونی من ئەم پرس و بابەتە یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی نێو ئەم پڕۆژەیە، چونکە لەم سەردەمەدا پیسبوونی ژینگە بۆتە یەکێک لە کێشە و بابەتەکانی ڕۆژ، چونکە کەناڵەکانی پیسبوونی ژینگە هێندە زۆرن، لە سێ ڕێگایە زیاتر لە خۆ دەگرێ کە بە شێوەیەکی زانستی ئاماژەی پێکراوە ئەمانیش بریتین لە (پیسبوونی هەوا، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی خاک) بۆیە مامۆستایان و ڕاهێنەران دەتوانن زۆر فراوانتر و قوڵتر باس لەو بابەتە بکەن، کە ڕۆژانە لێرە و لەوێ بەر یەککەوتنمان لەگەڵیان هەیە. بێگومان هۆکارێکی سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگەی بینین و بیستن و ژینگەی دەروونی هاوڵاتییان.
*پیسکەرەکانی ژینگە
ئەم بابەت و ناونیشانە لە خاڵی پێنجەم دەستنیشانکراوە، بە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسکەرەکانی ژینگە خراوەتەڕوو وەک پێناسەیەکی گشتی، وەک ئاشنابوون و شارەزابوونێکی مامۆستای ڕاهێنەر بۆ مامۆستایان و قوتابی و ناوەندەکانی خوێندن، دواتر جۆرەکانی پیسکەر وەک: (ماددی- فیزیکی- بایۆلۆجی و مەترسییە ژینگەییە شاراوەکان) هەر یەکێکیان بە چەند نموونەیەک ئاماژەی پێکراوە، کە کۆی گشتی گوزارشتە بۆ پیسکەرە گشتیەکانی ژینگە و خۆپارێزی و خۆ دوورخستنەوەی قوتابی لێیان.
*قەتیسبوونی گەرمی گۆڕانی کەشوهەوا
لەم بابەتەش دا وەک زانیارییەکی زانستی، دەرەنجامە نەرێنیەکانی پیسبوونی ژینگە، لە دوو خاڵ دەستنیشانکراوە ئەوانیش بریتین لە: (قەتیسبوونی گەرمی، گۆرانی کەشو هەوای جیهان) کە هەریەکێکیان بابەتێکی گرنگە پێویستە مامۆستایان بیخەنەڕوو، بە تایبەتی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان، کە لە ئێستادا لە میدیاکانی جیهان دا وەک دیبەیت و کۆنفراس و دیداری زانستی قسە و باسی لەسەر دەکرێ.
*پاراستن و چاککردنی ژینگە چییە؟
لەم بابەتەش دا وەک بەرچاوڕوونی و ئاشنابوونێک پێناسە و بابەتی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کردووە، کە لەدوو تەوەری سەرەکی پێک دێت ئەوانیش:
١-پاراستنی ژینگە.
٢-چاککردنی ژینگە.
ئەگەر شرۆڤەیەکی خێرا بۆ ئەو دوو چەمکە بکەین دەتوانین لە یەک تایتل دا کۆیان بکەینەوە، ئەویش ئەگەر هەر یەکێکمان بە مانا هزرییەکەی ژینگە پارێزبین و پاراستنی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ژینگە و ژیان و دەوروبەر، ئەوا بێگومان پێویستیمان بە چاککردنەوە نیە، بۆیە ئەگەر ئەو بابەتە بەکردار لە ناوەندەکانی خوێندن ڕەنگبداتەوە، بە دڵنیاییەوە هەنگاوی ڕێگا پەروەردەییەکەمان بەجوانی دەگاتە مەبەست، بۆیە خستنەڕوو و باسکردنی ئەم بابەتە لە ناوەندەکانی خوێندن کلیلی چارەسەری ڕۆشنبیری ژینگەییە بۆ ئێستا و ئایندە.
*چالاکی
دوایین بابەت و تەوەری بەشی یەکەم بریتیە لە (چالاکی)، بێگومان ئەنجامدانی چالاکی لە هەر پڕۆژەیەک ئەوا دەبێتە تەواوکەری پلانە ستراتیژییەکە، بۆیە گرنگیدان بە چالاکی کردەیی بۆ (مامۆستا- قوتابی – ناوەندەکانی خوێندن) پرۆسەیەکی بەرهەمدارە، پێویستە ئەم خالە لە لایەن مامۆستایانەوە گرنگی پێ بدرێت.
بەشی دووەم/ چەمک و ئامانجەکانی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە
*چەمکی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە
لەم بەشەدا یەکەم خاڵ خستنەڕووی (چەمکی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە) پێناسە کراوە، ئەمەش وەک دەسپێک و ئاشنابوونێکە بۆ ڕاهێنەران و مامۆستایانی بەشداربوو، لەگەڵ ئەوەی پێناسەیەکی ئاسایی لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەم پێناسەیە هۆکارێکە بۆ دەستنیشان کردنی کرۆکی بابەتەکە ئەویش لە ڕێگەی چەند خاڵێکەوە بە ناونیشانی:
-بۆچی پڕۆژەی قوتابی ببێتە هاوڕێی ژینگە پێویستە؟.
کە لە ( ٧ )خاڵ دەستنیشانکراوە، دەکرێ لەکاتی ئەنجامدانی سیمینار و ڕاهێنان بە بۆچوون و گفتوگۆی بەشداربووان ژمارەی ئەم پڕۆژەیە زیاتر بێت، ئەمەش دەمانباتەوە سەر ئەو خاڵەی کە گرنگی ڕاهێنانی پەروەردەیی چ سودێکی فرە لایەنی بۆ مامۆستایان هەیە، بۆیە ئەو خاڵانە لای من زۆر گرنگ و بەرهەمدارن.
*ئامانجەکانی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە
لەم بەشەدا زۆر بەڕوونی ئامانجەکانی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە خراوەتەڕوو، وەک پڕۆژەیەکی گرنگ لە نێوان قوتابی و مامۆستا و قوتابخانە، ئەوانیش بریتین لە: (زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، بونیادنانی باخچەی فێرکاری، چەسپاندنی سیستەمی جیاکردنەوە لەسەرچاوە، پەروەردەی ڕەفتاری و هەستی خاوەندارێتی، هاوسەنگی ژینگەیی و فرە چەشنی زیندەوەران، پاراستن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، گۆڕینی پاراستنی ژینگە بۆ بەهایەکی کلتووری)
*پڕۆژەی قوتابی/ خوێندکار، هاوڕێی ژینگە لە قوتابخانە و خوێندنگاکان
ئامانجە ستراتیژییەکانی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە (حەوت خاڵە، حەوت پڕۆژە دەگرێتەوە)
ئەگەر شیکارێکی وورد بۆ ئەم ٧ خاڵە بکەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە خودی ئەم پڕۆژەیە لە خزمەت (پەروەردە- ژینگە- کۆمەڵگە) دایە، چونکە هەر یەک لەم خاڵانە پەیوەستن بەم سێ ڕییانە، بۆیە بۆ زیاتر ڕۆچوون بۆ قوڵایی ئەم بابەتە شیکاریە، خوێندنەوە بۆ هەر یەکێک لەم خاڵانە دەکەین:
١- بەزیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە ناوەندەکانی خوێندن، کاریگەریەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر لایەنی دەروونی قوتابی و مامۆستا، زیاد بوونی ڕێژەی سەوزایی ڕۆحێکی زیندوو بە قوتابخانە دەبەخشێ، کە هەمیشە بە چاوی نوێبوونەوە لێی دەڕوانن، دواتر دەگاتە ئەو حالەتەی کە قوتابی قوتابخانەی خۆش بوێ، خۆشویستنی قوتابخانەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ فێربوون و تێگەیشتنی زیاتر.
٢- کاتێ قوتابی بە کردار بابەتەکانی خۆی ئەنجام دەدات و دواتر بەرهەمەکەی دەبینێ، ئەوا کاریگەرییەکی ئێجگار باشی هەیە لەسەر پڕۆسەی فێربوون و تێگەیشتن، بۆیە بە دروستکردنی باخچەی فێرکاری لەناوەندەکانی خوێندن، بۆ فێربوون و بەکرداری چاندن و پاراستنی خاک و ڕووەک و نەمام، هەروەها بەستانەوەی وانەی زانست بە (زەوی و ئاو و هەوا و نەمام چاندن) ئەوا دەبێتە هاندانێکی زانستی و چێژێک بە قوتابی دەبەخشێ.
٣- یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ژینگە بریتیە لە فڕێدانی زبڵ و خۆڵ و خاشاک، کە بەداخەوە تا ئێستا بە تێکەڵکردنی هەموو جۆرە پاشماوەیەک زیانێکی زۆر بە ژینگە و خاک دەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوەی وەک هەوڵێکی سەرەتا لێرەو لەوێ لە رێگەی سەبەتەی تایبەت بەجیاکردنەوەی پاشماوەکان دابین کراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەبۆتە کەلتوور.
لێرەدا بە ناونیشانی جیاکردنەوەی سیستەمی جیاکردنەوە لە سەرچاوەوە، بابەتێکی گرنگ باسکراوە ئەویش دابینکردنی سەبەتەی جیا بۆ (پلاستیک، کاغەز، خۆراک).
ئەگەر بێت و ئەم کەلتوورە لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ بکات دڵنیام ئەنجامێکی زۆرباشی دەبێت چونکە ناوەندەکانی خوێندن وەک سەنتەرێکی گرنگی گۆڕانکاری ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و ژینگەیی هەژماردەکرێت، بۆیە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە لەسەرجەم ناوەندەکانەوە ئەنجام بدرێت، لە کاتێک دا کارێکی زۆر ئاسانە و زەحمەت نیە.
هەروەها خاڵێکی دیکەی پرۆژەی جیاکردنەوە ئەوەیە دەتوانرێ بۆ کەلوپەلی بەکارهاتوو وەک کارتۆن و بوتڵ بۆ کاری هونەری کۆلاج و گوڵدان و ئامرازەکانی فێربوون بەکار بێت، کە دوو سودی گرنگی هەیە ئەوانیش:
أ- پاشماوەکان ناچێتە ناوخاک و شیبوونەوەی بۆ چەند ساڵێک و کە زیانی بۆ خاک و ژینگە هەیە.
ب- وەک بەرهەمی هونەری دەستکردی قوتابی گرنگی و جوانی خۆی دەبێت و حەز و بەهرەی قوتابیش بۆ ژینگە و هونەر و پاکو خاوێنی زیاتر دەبێت.
بۆیە ئەم خاڵە هەنگاویکی گرنگە بۆ پرۆژە ژینگەییەکانی ناوەندەکانی خوێندن.
٤- دروستکردنی بەرپرسیاریەتی/ چاندنی دار لەلایەن قوتابییەوە و تۆمارکردنی ناوی، هەستی پاراستنی سروشتی لەلادروست دەبێت.
لە ڕێگەی ئەم چەند دێرەی سەرەوە مەبەست و ئامانجی ئەم خاڵە دەستنیشانکراوە.
لێرە ئەگەر وردتر بچینە ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، دەتوانین بڵێین ئەنجامدانی ئەم چالاکیە ژینگەییە، ئێمە بەکردار ئەنجاممان داوە و ئەنجامەکەیشمان بینیوە کە جێی دڵخۆشییە.
لەساڵی ٢٠١٦ بەندە وەک بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە چەند قوتابخانەیەکی ناوەندی شار و دەرەوەی شار، لەدەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لەگەڵ قوتابییانی پۆلی یەکەم، وەک سەرەتای هاتنیان بۆ قوتابخانە چەند نەمامێکمان لە باخچەی قوتابخانە چاند و بۆ هەر قوتابییەک ناوی خۆییمان لەباجێک نووسی و بە نەمامەکەمان هەڵواسی، ئەم کارە بووە جێی دڵخۆشی قوتابی، قوتابخانەی لەلا خۆشەویست بوو، گرنگی بە نەمام چاندن دا، پەیوەندیەکی گرنگ لە نێوان مامۆستا و قوتابی و قوتابخانە دروست بوو، ئێستاش ئەو دار و نەمامانە گەورەبووینە و قوتابیەکانیش ئەو قوتابخانەیان جێهێشتوە و لەئامادەیی دەخوێنن، بەڵام پەیوەندیە ڕۆحی و ژینگەیی و یادگارییەکانیان لەو قوتابخانەیە هەرماوە کە لە یەکەم ڕۆژی هاتنیان بۆ قوتابخانە نەمامیان چاند و ئێستاس بەرهەمەکەی دەبینن، ئەمە نموونەیەکە لەو نموونانەی کە کردار و چالاکی ژینگەیی چ کاریگەرییەکی باشی لەسەر پرۆسەی خوێندن و فێربوون و خۆشەویستی ژینگە هەیە.
. ٥- هاوسەنگی ژینگە و فرەچەشنی زیندەوەران
لەم بابەتەدا ئاماژە بە چالاکی مەیدانی کراوە قوتابی ئاشنای ژینگەی کوردستان و پاراستنی زیندەوەرە جیاکان دەبێت. بێگومان لە ڕێگەی سەردان و بەسەرکردنەوە و بینین قوتابی هەست بە گرنگییەکی زۆر دەکات، راستەوخۆ بابەتەکان دەبینێت، هەرچەند ئەم بابەتە لە ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن دا بەدی دەکرێت، کە گوزارشتە لەو وانە زانستیانەی کە قوتابی ئاشنای دەبێت، بەڵام دووپاتکردنەوەی دەبێتە هاندانێکی بەردەوام. ٦- پاراستن و ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو.
ئاو سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرەکی ژیانە بۆ هەموو بونەوەرەکان و ژینگە و خاک، پاراستنی ئەرکە، بۆیە پێویستە لەسەرجەم جومگەکانی ژیان کار لەسەر هۆشیاری پاراستنی ئەو سامانە بەهادارە بکەین، ناوەندەکانی خوێندنیش بەشێکی گرنگن لەو تەواوکارییە، جێی دەستخۆشییە لەم پڕۆژەیە دا ئاماژە بە (پاراستنی ئاو) کراوە، لەگەڵ ئەوەی دڵنیام مامۆستایان هەمیشە ئەو پەیامەیان بە (قوتابی – خوێنکار) گەیاندوە، بەڵام دووپاتکردنەوەی ئەم پرسە زۆر بایەخ دارە، ئەوانیش دەستگرتن بە ئاو و بە فیڕۆ نەدانی، هەروەها لە ڕێگەی (ڕیساکلینەوە) دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو، لەم ماوەیەدا ئەم پڕۆژەیە لە هەولێری پایتەخت دەستی پێکردوە.
٧- گۆڕینی پاراستنی ژینگە بۆ بەهایەکی کلتووری.
تێکەڵکردنی پاراستنی ژینگە لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکە لە پێناو زیاتر خزمەت گەیاندن بێ ئەوا کارێکی باش و گرنگە، نابێ پرسی ژینگە وەک بابەتێکی ئاسایی سەیر بکەین، بەڵکو وەک بەهایەک لە بەهایەکانی دیکە گرنگی خۆی هەیە، لەم خاڵەدا ئەوەی ئاماژەی پێکراوە بریتییە لە گۆڕینی پاراستنی ژینگە بۆ بەهایەکی کلتووری.
بێگومان دەستنیشانکردنی بەهای کلتووری خۆی لە خۆی دا شوناسی کلتووری و نەتەوەیی و جوگرافی و سروشتی خاک و نیشتیمان بەدیار دەخات، بۆیە مامۆستای ڕاهێنەر دەتوانێ بە دیدگا فراوانی خۆیەوە ئەم بابەتە بۆ قوتابی بوروژێنن و بە لێکبەستانەوەی لەگەڵ فۆلکلۆر و کەلتووری کوردی (ژینگە و خاک و نیشتیمان) زیاتر لای قوتابی خۆشەویست بکەن.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

