رۆژنامەی ھەولێر

بوێری و بەرپرسیاریەتی لە فیدباكدا: كۆڵەکەی نەبینراوی چاكسازیی پەروەردەییە

بەكر كەریم حەسەن
(سوكرات) فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی دەڵێ “ژیانێك تاقی نەكرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ نەكرێت، شایستەی ژیانكردن نییە”.
لۆجیكی ئەو حیكمەتە قووڵە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناخی پڕۆسەی پەروەردەوە؛ پەروەردەیەك كە وێڕای هەڵسەنگاندنی بەردەوام و فیدباكی ئازایانە ئاراستەی خۆی نەكاتەوە، بەرەو چەقین و داڕمانی هێواش هەنگاو دەنێت.
فیدباك (پێڕاگوێزان) تەنها ئامرازێكی وشك یان فۆرمێكی ڕۆتینی كارگێڕی نییە، بەڵكو ڕەفتارێكی ئەخلاقی، ویژدانی، بوێرییەكی ڕۆشنبیری و بەرپرسیاریەتیەكی بەكۆمەڵە، لە ژینگەی پەروەردەی ئێمەدا گەورەترین ئاستەنگ لە بەرامبەر فیدباكی ڕاستەوخۆدا (شەرمكردن و سازش و خاترگرتن و ترسانە كاتێك فیدباك دەبێتە قوربانی پەیوەندییە كەسییەكان و مەحسوبیەت و ئامرازی بەرژەوەندی لابەلا. ئەوكات پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن جەوهەری خۆی لەدەست دەدات. بۆ ئەوەی فیدباك ئەنجامی پێویست و مەبەستداری پەروەردەیی هەبێت پێویستی بە دوو چەمكی جەوهەری هەیە كە تەواوكەری یەكترن ئەوانیش (بوێری و بەرپرسیاریەتین).

بوێری لە فیدباك بۆنموونە:
لەلایەن سەرپەرشتیار و ڕاهێنەر و بەڕێوەبەرەوە دەستنیشانكردنی ڕاستەوخۆ و بێپەردەی كەموكووڕییەكان بە شێوازێكی زانستی و بێدەنگبوون لەسەر كەمتەرخەمیی مامۆستایان و ستافی كارگێڕیی خیانەتێكی بێدەنگە لە مافی قوتابیان. هەروەها لەلایەن مامۆستاوە بەرامبەر (ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر) فیدباكی پێچەوانە: مامۆستا دەبێت ئەو بوێری و ئازایەتیەی هەبێت ئاستی ڕاستەقینەی (ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر) هەڵبسەنگێنێت، ئەگەر خولێكی ڕاهێنان زانیارییەكی نوێی پێ نەبەخشی یان لەگەڵ واقیعی پۆڵ نەگونجا یان هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر پەروەردەییانە و بەرپرسیارانە نەبوو ئەوا دەبێت بە ڕاشكاوی (ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر) لە خەوی دووبارەبوونەوەی بەئاگا بێتەوە.

هەروەها بەرپرسیارەتی لە وەرگرتنی فیدباكدا:
(ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر، مامۆستا)ی سەركەوتوو فیدباكی نەرێنی وەك هێرش بۆ سەر كەسایەتی خۆی تەماشا نەكات، بەڵكو وەك ئاوێنەیەك دەبینێت بۆ دیتنی خاڵە لاواز و كوێرەكانی كارەكەی. هەروەها وەرگرتنی فیدباك واتە پابەندبوونی ئەخلاقی بە چاكسازیكردن و دوور لە سەوداگەری. فیدباكێك بێ بەدواداچوون و كردار تەنها بە هەدەردانی كات و وزەیە.
لەبیرمان نەچێت كاتێك (ڕاهێنەران، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەران، مامۆستایان) لە چوارچێوەی (بوێری و بەرپرسیارەتی)ـدا مامەلە لەگەڵ فیدباكدا دەكەن، ئەوكات خولیا و داهێنان جێگەی ترس لە هەڵەكردن لەق دەكات و نایهێڵێ. بێگومان لە سیتەمێكی ڕاستگۆدا ڕەخنەی بنیاتنەر زۆر لە پیاهەڵدانی ساختە و ناڕاست بەنرخترە.
پێم باشە بە كورتی باسی ئەزموونی چەند وڵاتێكی پێشەنگ لە بەكارهێنانی فیدباكی پەروەردەیی بكەم.
*فینلاند: پشتی بەستووە بە فیدباكی بەردەوام و گفتوگۆی پیشەیی لە بری تاقیكردنەوەی نیشتمانی زۆربەش. سەرپەرشتیار و مامۆستا وەك هاوكاری كاردەكەن، كە ئەوەش دروست كردنی متمانە و بەرزبوونەوەی كوالێتیی وانەوتنەوە و حەسانەوەی دەروونی مامۆستایانە.
*سەنگاپورە: هەموو مامۆستا و ڕاهێنەرێك ساڵانە لە سەر بنەمای فیدباكی فرە لایەن هەڵسەنگاندنی ئاست و گەشەی پیشەییان بۆ دەكرێت و سیستەمی (EPMS)بەكار دێنێت. ئەوەش ئەنجامی هاوسەنگكردنی ئاستی قوتابخانەكان و بەدەستهێنانی پلەكانی یەكەمی جیهان لە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكاندا (PISA).
*كۆریای باشوور: مودێلی (فیدباكی هاوبەشەكان و هەڵسەنگاندنی پێچەوانەی مامۆستایان بۆ ڕاهێنەران جێبەجێ دەكات) ئەوەش ئەنجامی دەبێت لە سەر گەشەپێدانی بەردەوامی ستافی ڕاهێنەران.
ماوەتەوە بڵێم فیدباكی بێ بوێری ڕیكلامێكی بێسوودە، فیدباكی بێ بەرپرسیاریەتییش گوتارێكی بێكردارە.
كاتێك لە پەروەردەدا ڕاستگۆیی دەبەخشین و بە سنگی فراوانەوە هەڵەكانمان وەردەگرین تەنها سیستەمەكە چاك ناكەین، بەڵكو نەوەی داهاتووش فێر دەكەین كە كەرامەتی مرۆڤ لە كەموكووڕی و بێهەڵەییدا نییە، بەڵكو لە ئازایەتی و بوێریی خۆچاككردن و بەرپرسیاریەتیدایە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی