رۆژنامەی ھەولێر

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی و یاسا لە هۆڵی دادگادا ڕووبەڕوو دەبنەوە، ڕووداوی لالەزار؛ دادگاییکردنی حەقیقەتە یان شاردنەوەی جەوهەر؟

مەریوان هەڵەبجەیی
دادپەروەریی یاسایی، وەک بناغەیەکی سەقامگیری و بەردەوامیی بۆ کۆمەڵگەکان سەیر دەکرێت، تا کە گەرەنتیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی مافەکانی تاک و کۆمەڵ بکات. کاتێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو دەدات، سیستەمێکی یاسایی بەهێز ئەرکی ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆ کە وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن نێوانکاری بکات، ئاڵۆزییەکان لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە.
لە حاڵەتی ئاساییدا، کاتێک تاوانێک یان کێشەیەک لە نێوان هاووڵاتیانی ئاساییدا ڕوو دەدات، پرۆسەی لێکۆڵینەوە و جێبەجێکردنی یاسا لە ڕێگەی دەزگا پەیوەندیدارەکانی وەک پۆلیس و ئاسایشەوە بەڕێوە دەچێت. لەم ئاستەدا، ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان ژینگەی کۆمەڵایەتی و ڕێکارە یاساییەکان دروست دەبێت، کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی دەوروبەر و هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوانەکە دەکرێت بەرامبەر بە دەقە یاساییەکان.
لایەنی ئەرێنی لە زالبوونی ڕێکارە یاساییەکان لەسەر کێشەی هاووڵاتیانی ئاسایی، پاراستنی نەزمی گشتی و دروستکردنی هەستی ئاسایشە لە کۆمەڵگەدا. کاتێک ڕێکارەکان لەسەر بنەمای بەڵگە و لێکۆڵینەوەی مەیدانی و زانستی بەڕێوە دەچن، ڕێگە لە تۆڵەکردنەوەی تاکەکەسی و شێوازی ناڕەسمی دەگیرێت و دەسەڵاتی دادوەری وەک تاکە مەرجەعی بڕیاردەر دەمێنێتەوە.
تەنانەت لە ئاستی هاووڵاتیانی ئاساییشدا، کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان بێ ئاستەنگ نین. پەیوەندییە خێڵەکییەکان، گوشاری کۆمەڵایەتی و ڕادەی تێگەیشتن و پابەندبوونی ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە دەکرێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا کار لە بێلایەنیی پرۆسەکە بکەن، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی کورتهێنانی دامەزراوەییە لە ڕاگرتنی هاوسەنگیدا.
کێشەی گەورە لەم هاوکێشەیەدا کاتێک ڕوو دەدات کە لایەنێکی دەسەڵاتدار، حیزبی یان خاوەن نفووز دێتە ناو ڕووداوەکەوە. لەم دۆخەدا، سنوری نێوان سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی سیاسی کاڵ دەبێتەوە، و ئاراستەی دۆسیەکە لە ڕێڕەوی ئاسایی دادوەرییەوە بەرەو ململانێی هێز و بەرژەوەندیی سیاسی دەچێت.
کاتێک دەسەڵاتی حیزبی یان حکومی دەست لە کارەکانی دادگا و دەزگا ئەمنییەکان وەردەدات، دەقە یاساییەکان سیفەتی گشتگیری و بەکارھێنانی یەکسان لەدەست دەدەن. لەم دۆخەدا، یاسا لە ئامرازێکی پاراستنی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەک بۆ ڕەوایەتیدانی دەسەڵات یان پاراستنی ئیمتیازاتەکانی چینێکی دیاریکراو و سزادانی نەیارەکانیان.
لایەنی نموونەیی و ئەرێنیی سیستەمی دادوەری ئەوەیە کە بە بێلایەنیی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم کەسایەتییەکان وەک یەک بکات، بە بێ ڕەچاوکردنی پلە و پێگەی سیاسییان. کاتێک لێکۆڵەر و دادوەر توانای جێبەجێکردنی دەقە یاساییەکانیان دەبێت بەسەر دەسەڵاتدارانیشدا بە هەمان پێوەری هاووڵاتی ئاسایی، ڕەوایەتیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرز دەبێتەوە و متمانەی گشتی بەهێز دەبێت.
بێلایەنیی دادوەر و لێکۆڵەران تەنها خواستێکی ئەخلاقی نییە، تەنها ڕاگەیاندن و هەڵای سۆشیاڵ مێدیا نییە، بەڵکو پێویستی بە ژینگەیەکی دەستووری و یاسایی هەیە کە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری گەرەنتی بکات. بەبێ بوونی پارێزبەندیی مەعنەوی و یاسایی بۆ دادوەران بەرامبەر دەستوەردانی دەرەکی، دروستکردنی دادپەروەریی بێلایەن بەرامبەر هێزە حیزبییەکان کێشەی جدیی دروست دەکات.
لە بەرامبەردا، شکستی جێبەجێکردنی بێلایەنانەی یاسا لێکەوتەی مەترسیداری بۆ کەسەکانی ناو کێشەکە و بۆ کۆمەڵگەش دەبێت. یەکەم ئاسەواری نەرێنی، وێرانبوونی بڕوای هاووڵاتیانە بە دادگا و دەزگاکانی جێبەجێکردن. کاتێک هاووڵاتی هەست بكات یاسا تەنها بۆ کۆنترۆڵکردنی بێ هێزەکانە، هەستی بەشداریی شارستانی و بەرپرسیارێتیی هاووڵاتیبوون بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
ئەنجامی دووەمی ئەم نادادپەروەرییە، پەنابردنی هاووڵاتیانە بۆ ڕێگەچارەی ناڕەسمی و دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دەوڵەت، وەک پەنابردن بۆ یاسای عەشایەری، هێزی چەکدار، یان سەندنی ماف بە دەستی خۆیان. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی پەکخستنی دامەزراوە ڕەسمییەکان و لەبەرهەڵوەشانی شیرازەی کۆمەڵایەتی، پاش کۆمەڵایەتی هەنگاو دەنێت بۆ دەسەڵاتداران و لەوێشەوە بۆ حکومەت و لەوێشەوە بۆ سفرکردنەوەی هەموو شتێک.
لە ئاستی مافەکانی مرۆڤیشدا، دەستوەردانی حیزبی و دەسەڵاتداری لە پرۆسەی دادوەریدا ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ پێشێلکاریی دەسەڵات، لەوانە دەستبەسەرکردنی ناڕەوا، فشار خستنە سەر لێکۆڵەران، و بێبەشکردنی تۆمەتباران لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە. ئەمەش سیمای کۆمەڵگە لە وڵاتێکی یاساییەوە بەرەو شوێنێکی وێرانکەر و کاوکەر دەبات.
جگە لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و مافەکان، تێکچوونی سەروەریی یاسا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو شتێک دەبێت، بە تایبەتی متمانەی خەڵک، شکستهێنانی پەرەپێدان و بچڕانی شیرازەی کۆمەڵایەتی. نەبوونی دادپەروەریی یاسایی ژینگەیەکی نادیار دروست دەبێت کە ڕێگە لە وەبەرهێنانی بەردەوام دەگرێت و دەبێتە هۆی دیاردەی کۆچی سەرمایە و کادرە ڕاهێنراوەکان بۆ دەرەوەی کۆمەڵگە.
لە شیکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا، کێشەی نادادپەروەری تەنها لە ململانێی “هاووڵاتی بەرامبەر دەسەڵاتدار”دا کورتبوونەوە هەڵناگرێت. هەندێک جار دەقە یاساییەکان خۆیان کەموکوڕیی ساختارییان تێدایە یان تەفسیرکردنی فرەڕەهەند هەڵدەگرن، کە ئەوەش دەرفەت بۆ دەسەڵاتداران یان تەنانەت کەسانی ئاساییش دەڕەخسێنێت کە کاتێک کەلێنێک دەبیننەوە، یاسا بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسییان بەکار بهێنن.
بۆ بەرگرتن لە دابەزینی کۆمەڵگە بۆ ناو دۆخی بەڕەڵایی، پێویست بە بەرەوپێشبردنی چاکسازی دەکات. ئەمەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی سەربەخۆیی واقعێکەوە دێتە دی کە دەسەڵات بدات بە دادوەر و پیکهات ەدادوەرییەکان، بە بەشداربوونی چالاکانە لە حکومەت و ئەکتیڤکردنی چاودێریی لە پەرلەمانەوە، بە دروستکردنی بۆشایی سەربەخۆ بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندن، بە دادگایەکی ئاشکرا، تا ببنە ئامرازی گوشار بۆ پاراستنی بێلایەنیی دادگاكان.
ئێستا لەبەردەم لێکەوتە دڵتەزێنەکانی دۆسیەی “لالەزار” و پاراستنی مافی قوربانییانداین، و بەر لە هەموو شتێک پرۆسەی دادوەری دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەریییەوە بۆ نموونە:
ئایا سیستەمی یاسایی لەم دۆسیەیەدا توانا و سەربەخۆیی پیشەییی خۆی دەپارێزێت؟
ئایا لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەسەر بنەمای بەڵگەی یاسایی ڕووت بڕیاریان لەسەر دراوە، یان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕێنماییی حیزبی و گوشاری جەستەیی و دەروونی؟
ئایا دادوەر لە هۆڵی دادگادا دەتوانێت بە تەواوی لە لایەنگیری دابماڵرێت و بنەمای یەکسانی لە جێبەجێکردنی دەقە یاساییەکاندا بەرامبەر سەرجەم لایەنەکان پیادە بکات؟
ئایا بڕیارە حیزبییەکان، فشارەکانی خێڵ، کەسایەتییە کاریزماییەکان، خاوەن سەرمایەکان، یان شەپۆلەکانی سۆشیاڵ مێدیا دەتوانن ئاراستەی بڕیاری دادگا بگۆڕن؟
وەڵامی زانستی و باوەڕپێکراو بۆ ئەم پرسیارانە، نە لە ڕێگەی لێدوانی تەلەفزیۆنی و وتاری سیاسییەوە بەدەست دێت، نە بە پەرچەکرداری ناڕێکخراو و ڕێکارە تەمومژاوییەکان. تاکە گەرەنتی بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی یاسا، بەڕێوەچوونی دادگاییکردنێکی شەفاف و ئاشکرایە؛ پرۆسەیەک کە تێیدا ڕێگە بە هاووڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بدرێت چاودێریی تەواوی ڕەوتی دادگاییکردنەکە بکەن. تەنها لە دادگا ئاشکراکاندا هاوڵاتیان و ڕای گشتی دەتوانن سەرجەم زانیاری و بەڵگە شاراوەکان ببینرێن، گۆشە تاریکەکانی دۆسیەکە هەڵبماڵن و بەراوردی وتە و ڕووداوەکان بکەن.
ئەم شەفافییەتە تەنها مافی زانین نییە، بەڵکو میکانیزمێکی چاودێرییە بەسەر بڕیاری دادوەرانەوە تا ڕێگە لە هەڵپەساردن و دەستکاریی دەقە یاساییەکان بگرێت. کاتێک پرۆسەکە لەبەرچاوی هاووڵاتیاندا بەڕێوە دەچێت، دادگا ناتوانێت بۆ تاوانە گەورە و نائاساییەکان مادە و بڕگە سووکەکانی یاسا بەکار بهێنێت یان بۆ تاوانە ئاساییەکان مادەی یاسایی توند و قورس جێبەجێ بکات.
سەرەنجام، دادگایی ئاشکرا تەنها ڕێکارێکی ئیداری نییە، بەڵکو پێوەرێکی بەهاکەرەوەیە؛ ئامرازێکە بۆ لێکجیاکردنەوەی حەقیقەت لە چەواشەکاری، و دەستنیشانکردنی بێئەملاوئەولای هەردوو دیوی هاوکێشەکە—زاڵم و قوربانی—لە بەرامبەر ڕای گشتیدا.
سەروەریی یاسا تەنها دروشمێک یان کۆمەڵێک دەقی نووسراو نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئیرادەی کرداریی دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی. کاتێک دادوەر و لێکۆڵەران بتوانن لە دەرەوەی هەژموونی حیزبی و کۆمەڵایەتی کارەکانیان ئەنجام بدەن، کۆمەڵگە لە ئاشووب دەپارێزرێت؛ بەپێچەوانەشەوە، کاتێک یەکسانیی لەبەردەم یاسادا تێکدەچێت، زەمینە بۆ دروستبوونی بەڕەڵایی و ناڕەزایەتی بەردەوام خۆش دەبێت.