چواس خالید – هەولێر
پێشكهشكردنی پڕۆژه خزمهتگوزارییەکان له ههرێمی كوردستان بهردهوامه و لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک شەقام و کۆڵان لە شاری هەولێر و لە گەرمیان ڕۆدەنرێت، هاوکات چەند پڕۆژەیەکی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و دانانی ئاوەڕۆ لە هەولێر و کفری و چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێن.
له چوارچێوهی بەردەوامی پەرەپێدانی ژێرخان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی گوژمەی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر داوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە بریتین لە، ڕۆنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دووسایدی لای مزگەوتی ئاشتی لە شاری کفری، پڕۆژەی دووسایدی گەڕەکی شەهیدان هەر لە شاری کفری و پڕۆژەی دووسایدی ئەنفالەکان لە شاری کفری.
هاوکات جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆیی لوولەیی بۆ بەشێکی گەڕەکی خان و دابینکردنی ئاو بۆ باخچەکان لە چەمچەماڵ، جێبەجێ کردنی پڕۆژەی دابینکردنی سۆفت ستارتەر و VFD، بۆ گەنجینەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی گەرمیان، لەگەڵ ئەوانەش گوژمەی پێویست بۆ چاکسازی لە پەمپ و ماتۆڕەکانی یەکەی وەرگری پڕۆژەی ئاوی کەلار یەک دابین دەکرێت.
ئەو گوژمەیەی تەرخان دەکرێت و ڕەزامەندی لەسەر دراوە، لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی گەرمیان و ئاوی کەلار و سەرۆکایەتییەکانی شارەوانیی چەمچەماڵ و شارەوانی کفرییە.
جیا لەوانە و لەپێناو پەرەپێدانی پڕۆژەکان و خزمەتکردنی زیادتری هاووڵاتیان لە سنووری شاری هەولێر و شارۆچکەکانی دەوروبەری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند فەرمانێکی وەزاری دیکەدا، ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجکردنی گوژمەی پێویست لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارۆچکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر.
ئەو پڕۆژانەی لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن، ئەمانەن؛ پڕۆژەی درێژکردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە کۆڵانە لاوەکییەکانی هەشتی حەسارۆک، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی مەریوان لە هەشتی حەسارۆک، دانانی سیستەمی فێنککەرەوە بۆ ناو بازاڕی وەیسەری هەولێر، گۆڕینی تۆڕی ئاو لە گەڕەکی بەهاری نوێ.
هەر لەو گوژمەیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر داوە، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکی ئازادی و نۆژەنکردنەوەی شەقامی بنەسڵاوە – کەسنەزان، کە بە شەقامی هەزە ناسراوە جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات خەرجکردنی گوژمەیەکی دیکەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانی ماستەرپلان لە سنووەری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر و کۆنکرێتکردنی چەند شەقامێکی ناوخۆیی لە سنووەری سەرۆکایەتی شارەوانی بەحرکە و پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی دووساید و ناوخۆییەکانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی کەسنەزان، لەگەڵ کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی نزیک پردی تەقتەق و گەڕەکی ڕزگاری، ماوەیەکی دی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و بە کوالێتی بەرز و هێزی کاری ناوخۆ جێبەجێ دەکرێن و دەخرێنە خزمەت هاووڵاتیانەوە.

