چواس خالید – هەولێر
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی دانا، کارکردن لەم پڕۆژە ستراتیژی و گەورەیەدا بە شەوەیەکی کرداری دەستی پێکرد، پڕۆژەکە هێمایەکی ئاینی و نیشتمانی و کلتورییە و ڕەنگدانەوەی مێژووی خەباتی گەلی کوردستانە.
لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ بەسەرکردنەوەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کارەکانی پڕۆژەی بنیاتنانی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی پڕۆژەکەیان کرد، لەم سەردانەدا لە گەڵ ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی کارەکان و دواین پێشهاتە ئەندازیارییەکان کرد.
پڕۆژەی بنیاتنانی مزگەوتی گەورەی بارزانی، تەنیا لە ڕۆنانی بینای مزگەوتێکدا کۆنەبووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی بەرفراوانی خزمەتگوزارییە، لە پڕۆژەکەدا کۆمەڵەک بەشی تایبەت بە بۆنە ئاینییەکان و شوێنی خوێندن و فێربوون و ناوەندی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی تێدا جێگیر کراوە.
پڕۆژەی مزگەوتی گەورەی بارزانی، کە لەسەر ڕووبەری زیادتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا و لە شوێنێکی گرنگ و گونجاوی شاری هەولێر دروست دەکرێت، ڕووبەرێکی بەرفراوانی سەوزایی لەخۆ دەگرێت، لەوانە دروستکردنی پارکێک لە تەنیشت مزگەوتەکە هەیە، کە زیادتر لە ملیۆنێک دار و درەخت و گوڵ و گوڵزار لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوانەش دروستکردنی گەورەترین تاڤگەی دەستکرد بە هاوشانی دەریاچەیەکی دەستکرد بەشێکی دیکەی پڕۆژەکەن.
ئەم پێکهاتە سروشتیانە نەک تەنیا ناوچەکە دەکەنە جەمسەرێکی گەشتیاری و خێزانی، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەشوهەوا و ژینگەی گشتی شاری هەولێر دەبێت.
جیالەوانە و یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی پڕۆژەی بنیاتنانی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر، شێوازی نەخشەسازییەکەیەتی، کە بیرۆکەی نەخشە و دیزاینی مزگەوتی گەورەی بارزانی لەسەر بنەمای ڕەشماڵی کوردی داڕێژراوە، کۆی پڕۆژەکە بەیەکەوە بەستنەوەیەکی هاوچەرخانەیە لە نێوان نەخش و نیگاری ڕەسەنی کوردی و تەلارسازی ئەندازیاریی سەردەمیانە، کە بە توانا و هێزی کاری ناوخۆ و ئەندازیاری کوردی جێبەجێ دەکرێت.
نەخشەی پڕۆژەکە بە وردی ڕەنگدانەوەی مێژووی خەباتی بارزانی نەمرە، بۆ نموونە بەرزی منارەکانی مزگەوتەکە حەفتا و شەش مەترە کە وەرگیراوە لە ژمارەی حەفتاو شەش ساڵی تەمەنی بارزانیی نەمر، هاوکات بوونی چوار منارە لە دەوروبەری مزگەوتەکەدا، ئاماژەیەکی ڕەمزییە بۆ ناساندنی مێژوو و تەلارسازی کوردی بە هەر چوار ئاراستەی جیهاندا، هەروەک چۆن بارزانی نەمر ناسنامەی کوردی بە جیهان ناساند.
پێشتر و لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم مزگەوتە لە هەستکردن بە پێویستیی هەولێر و کوردستان بۆ هێمایەکی ئاینی و نیشتمانییەوە سەرچاوەی گرتووە، هێمایەک کە بەهاکانی خوداناسی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری و مێژووی خەبات و بەرخودانی گەلی کوردستان بنوێنێت.
دوای تەواوبوونی کارەکانی دروستکردنی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە یەکێک لە ناوەندە دەگمەنەکانی ئاینی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و گەشتیارییە دیارەکانی سەر ئاستی هەرێی کوردستان و ناوچەکە.

