رۆژنامەی ھەولێر

١٢٤ خێزانی دیکەی ئاوارەی شنگال گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

١٢٤ خێزانی شنگال پاش زیاتر لە ١٢ ساڵ لە ئاوارەیی و دەربەدەری لە بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراق بێ ھیوا بوون، بە دەستێکی بەتاڵ و دڵێکی شکەستی گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەشێک لە ئاوارەکانیش دڵگەرانن و دەڵێن، ھەتا قەرەبوو نەکرێینەوە و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت ناگەڕێینەوە.

حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە داعش ڕزگار کرد، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و حەشدی شەعبی دووبارە ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن، یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، کە سەربەخۆ و پیشەیی بێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، لە ڕووی ئەمنییەوە، پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن، ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە، لە ڕێگەی دامەزراندنی ٢٥٠٠ کەسەوە لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ، لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزی دەرەکی لە شنگال، لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە، لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام وەکو ھاووڵاتییان و بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، نە ڕێککەوتننامەکە جێبەجێکرا نە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاریی خەڵکی شنگال دەکەن، دواخستنی بووە ھۆی خراپی دۆخی ناوچەکە و نەگەڕانەوەی خەڵکەکە، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو ئێزدییانەی تائێستا لەنێو کەمپەکاندا دەژین، لە دۆخێکی ناھەمواردان و لە زستان سەرما و لە ھاوینیش گەرما و ڕووداوی نەخوازراو تەنگیان پێ ھەڵچنیوە.
ڕێکخراوی ئای یوئێن بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەستاون بە دابینکردنی بڕە پارەیەک کە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار دەبێت، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی بار گواستنەوە بۆ ئەو ئاوارانەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک ئەمساڵ ئاوارەکان بە ھەشت قۆناغ گەڕاونەتەوە شنگال، لە مانگی ٩ دووبارە ناونووسین دەستپێدەکاتەوە و تا مانگی ٦ی ساڵی داھاتوو بەردەوام دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت ٤٥٠ خێزانی دیکە خۆ ناونووس بکەن و بگەڕێنەوە.
پیردەیان خدر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ١٢٤ خێزان کە ژمارەیان ٥٦٥ کەس دەبن بە ھاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی ئای یۆئێن و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان، ھەر خێزانێک گەڕابێتەوە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار لەگەڵ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بۆیان دابین کراوە تا کەلوپەلەکانیان پێ بگوازنەوە شنگال، بەڵام ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمە، بەگوێرەی ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی شنگالدا ھاتووە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە، ڕێککەوتنێکی زۆر باش بوو و لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگالدا بوو، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە ئەوە بوو کە خەڵکی شنگال بە زیاتر لە ١٠ ملیۆن دینار قەرەبوو بکرێنەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەداخەوە نە ڕێککەوتنە جێبەجێ کرا نە خەڵکەکە قەرەبوو کرایەوە.
پیردەیان خدر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، ئەوەشی گوت: لە سنووری پارێزگای دھۆک ١٣ کەمپ ھەنە، لە نێو ئەو کەمپانە زیاتر لە ٢٠ ھەزار خێزان ھەن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە نێو کەمپەکاندان ١١٠ ھەزار کەس دەبن، ھەروەھا لە دەرەوەی کەمپەکانیش ١٦٠ ھەزار کەس ھەن، ژمارەی ئەوان نزیکەی ٣٥ ھەزار خێزان دەبن، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٧٠ ھەزار کەس، ئەوەی جێگەی داخە و گلەیی شنگالییەکانە، حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئەوان ناکات و کار بۆ گەڕانەوەیان ناکات، جگە لەوەی لە ٩ ساڵی ڕابردوودا یەک پڕۆژەی ستراتیژی لە شنگال جێبەجێ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی پشکی شنگال لە بودجەی عێراقدا نییە، ئەوانە ھەموو ھۆکارن کە ئاوارەکان ژیانی ژێر خێمەیەکی دوو مەتری ھەڵبژێرن و نەگەڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەی لەو چەند ساڵەی ڕابردوو زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لە خەڵکی شنگال ڕێگەی دەرەوەیان گرتووەتەبەر، پێویستە حکوومەتی عێراق پڕۆژەی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال ھەبێت، بۆیە ھیوادارین حکوومەتی زەیدی ئەولەویەت بە دۆسیەی ئاوارەکان بدات و ئاوڕێکی جددی لە شنگال بداتەوە و لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار بێت و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان دووبارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە چەندین ساڵە ئاواتی بۆ دەخوازن.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سنووری پارێزگای دھۆک، ئاشکرایکرد: سێ ساڵە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی خۆیان لە کەمپەکان کێشاوەتەوە و ھاوکاری ئاوارەکان ناکەن، لە ھەر پێنج سێکتەرەکە کە خۆی دەبینێتەوە لە فڕێدانی زبڵ و پاشماوەی ھاووڵاتییان، کەرتی پەروەردە، تەندروستی، کارەبا و ئاو، حکوومەتی ھەرێم ئیدارەدانی ناو کەمپەکان دەکات، مانگانە سەدان ملیۆن دینار خەرجی کەمپەکانە، بەپێی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاوارەکان ئازادن و ھیچ ڕێگرییەک نییە ئەوان لە کەمپەکان بمێنەوە یان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێم درێخی نەکردووە و ئەوەی لە توانای بووە بۆ ئاوارەکان کردووە، ئەو ئاوارانەی لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ گەڕاونەتەوە ھێشتا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لەبەرامبەر بە دۆسیەی ئاوارەکان.