رۆژنامەی ھەولێر

بۆ میسی نا بۆ شەهید بگری!

سەدیق سەعید ڕواندزی
تا ئێستا، هەموو ئەوانەی خولیایەكی گەورەیان بۆ وەرزش هەیە و بۆ ڕۆنالدۆ و میسی دەگرین، پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان كردووە دەرەنجامی ئەو هەموو لێهاتوویەی میسی و ڕۆنالدۆ لە داهاتوودا لە وەرزشدا چی دەبێت؟
گەر وەرزشوانێك ئەفسانە و ئەستێرەی تۆپانێ بێت، دەتوانێت خزمەتێك بە مرۆڤایەتی بكات؟ یان ئەو لە سەر ساویلكەیی جەماوەرەوە دەبێتە ئەستێرە و تەنها ئەڵماسەكەی دەستی بایی پەنجاملیۆن دۆلار دەبێت؟ لە ڕاستیدا، وەرزش تاكە كایە و بواری ژیانە، كە مرۆڤ ناگەیەنێتە هیچ، وەرزش تاكە خولیایە، كە مرۆڤەكان لەوسەری بە دەستی بەتاڵەوە لێی دێنە دەرەوە، من زۆرجار دەڵێم لە كۆمەڵگەی ئێمە هێندەی سەرسامی میسی و ڕۆنالدۆ و بەرشە و ڕیالن، گەر كتێبێمان بخوێندبایەتەوە و ئاشنای كولتووری خوێنەوە بووینایە، ئێستا لە ژاپۆن پێشكەوتووتر دەبووین. مەبەستەكە لێرە، هەواداری نییە كە مرۆڤ ئازادە لەوەی هەواداری كام یاریزان و تیپە، بەڵكو مەبەستەكە قووڵترڕوانینە. گەر پزیشكێك بگاتە لووتكە و هێندە شارەزا و لێهاتوو بێت لە كایە زانستییەكەی، بێگومان خزمەتەكانی گەورەتردەبن بۆ نەخۆش و مرۆڤایەتی، گەر مامۆستایەك لە پیشەكەیدا هێندە پەرەوەردەیی بێت و پێش بكەوێت، دەتوانێت كاریگەریەتی زیاتر لەسەر نەوەكان دابنێت، گەر ئەندازیارێك لە كارەكەیدا پێش بكەوێت، ئەوا دیزاین و نەخشەی داهێنەرانەتر و جوانتر و نوێتر دەكات. گەر فیتەرێك شارەزایی لە چاككردنەوەی ئوتومبێل زۆرتر بێت پیشەمەندتر دەبێت، وەستایەكی چاككردنەوەی ئامێرە ئەلكترۆنییەكانیش بەهەمان شێوە، بەڵام گەر وەرزشوانێك بگاتە لووتكە، دەتوانێت چی بكات بۆ مرۆڤایەتی؟ پێش كریستیانۆ و میسی، ئێمە زیكۆ، پیلێ، گۆلیت، بیكنباوەر، ڕۆماریۆ، بیكهام، ئەحمەد ڕازی، عەلی دایی و چەندانی ترمان هەبوون، ئێستا ئەمانە لە كوێن؟ ناویان لە كوولەكەی تەڕیش ماوە؟ بیرم نایەت یاریەكی وەرزشی، بێ شەڕ و جوێن و پەلامار كۆتایی هاتبێت، زێدان كە ئەفسانە بوو، بە كەللە لە سنگی یاریزانێكی دا، مارادۆنا، بە هۆی تلیاكەوە مرد، وەرزش تاكە خولیایەکە مرۆڤ ناگەیەنێتە هیچ، بەراورد بە كایە و بوارەكانی دیكەی ژیان، كە لە خزمەت مرۆڤ و مرۆڤایەتیدانە، كەچی سەیر لەوەدایە، خەڵكی ئێمە بۆ میسی و دۆڕانی ئەرجەنتین دەگریت! تۆ بۆچی بۆ پێشمەرگەیەكی قارەمان ناگریێیت كە بەرگریی لە خۆت و شكۆ و خاك و نیشتمانەكەت دەكا؟ بۆچی بۆ منداڵێكی بێلانەی ناو خانەی بێسەرپەشتان ناگریت، بۆچی بۆ خوێنی بەناهەقڕژاوی ئەو دایكە ناگری، كە بە هۆی بۆردومانە نامرۆییەكانی ئێران شەهید بوو، دوو منداڵی بچووكی لەدوا بەجێ ما؟ بۆچی بۆ ژینگەی سووتاوی كوردستان ناگری، بۆ مێژووی دوێنێ و ڕابردووی پڕ برینی نەتەوەكەت ناگریت؟! چیت داوە لە وڵاتێك كە شەشهەزار میل لێتەوە دوورە و هەر نازانێ كورد كێیە و كوردستان لە كوێیە؟ كە بە یەك گوللەیش لە شەڕی تیرۆستانی داعش پاڵپشت وهاوكارت نەبووە!